پۆست – رێفراندۆم و قۆناغی نوێ

لەلایەن ستاندار Posted on 650 جار بینراوە 0 سەرنج
Hiwa Khoshnaw

هیوا خۆشناو

ئیتر لەگەڵ رێفراندۆمەکەی ٢٥ی سێپتامبەر، سەرجەم کۆڵەکەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی کە خۆیان لە ئەفسانە و حیکایەتەکانی کوردایەتی، موقەدەساتەکانی سەرکردەی شاخ و چەکدار، پێشمەرگە، دیوەخان و تا دەگاتە خەونی دەوڵەتی کوردی کۆتاییان پێهات و چونە ناو مۆزەخانە. ئەو مێژووە زۆری لەسەر گووترا و نووسرا، با كەمێك باسی داهاتوو، قۆناغی نوێ بکەین.

ئەگەرچی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنێک نیە، پێشهات، تیۆر و پلانەکان وەک خۆیان لەسەر کاغەز جێبەجێ ببن، بەڵام سەرجەم ئاماژەکان نیشانمان ئەدەن کە لە داهاتوودا، شتێک بەناوی دیوەخانی سەرکردە نەخوێندەوارەکانی سەردەمى شاخ، ملیشیاکانی سەر بیرەنەوتەکان و سوپای “ئەم و ئەو”، موجازەفەکردن و مۆرفینکردنی کۆمەڵگەیەک لە ژێرناوی درۆ و خەونی دەوڵەتی کوردی و …..هتد لە شانۆی سیاسەتی ئێمەدا جێگایان نابێتەوە.

قۆناغی پۆست-رێفراندۆم و پۆست-کوردایەتی

چۆن لووتبەرزی و نائەقڵانیەتی ناسیۆنالیزمی ئەڵمانی دوێنێ لە کەسایەتی نازیەکان و ئەدۆڵف هیتلەر دا تێکشکێندرا يان تووشى شكاندن كرا، ئەمڕۆش نەتەوەپەرستی نەژادی و خێڵەکی کوردی کە ڕەگوڕیشەکەی بۆ ئاغا، شێخ و كوێخا کوردەکان و بنەماڵە خانەدانەکان دەگەڕێتەوە و بەرژەوەندیەکانیان زۆر جار لەناو باوەشی ئەو وڵاتانەدا دەبیننەوە کەلەسەر پاشخانی ئیمپراتۆریەتیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا دانيشتوون و هەرکەس دەتوانێ یارییان پێبکات، لە کەسایەتی بارزانی و کۆمەڵێک مەکتەب سیاسی پشتئەستوور بە فەلسەفەی کوردایەتی شاخ لەگۆڕ دەنرێت.

بەڵام چۆن ئەڵمانەکان وەک نەتەوەیەکی ئاقڵ، دوای کارەساتەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم کۆتاییان پێنەهات و بەئەزموون وەرگرتن و بەلاوەنانی ناسیۆنالیزمی فاشی بوون بە یەکێک لە وڵاتە هەرە بەهێزەکانی جیهان و پێشەنگی ئارامی و یەکێتی ئەوروپای دیموکراتی، دڵنیام ئەگەر گەلی کوردستانیش ئەزموون لە بێ ئەقڵییەکانی كەڵنەفامى ئیدارەی کوردی لە ماوەی ٢٦ ساڵدا وەرگرێت، ئەوا دەبێتە پێشەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

قۆناغی نوێ و تێکۆشانی گەلانی کوردستان

لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە، بزووتنەوەی سیاسی کوردایەتی هەروەکو سەدەی بیستەم شتێکی جیاوازتری لە “راپەرین، دانوستانی سەرشۆڕانە و شکست”پێنەبوو. لە سەدەی ٢١مینیشدا بەهۆی ڕزگارنەبوونی کورد بە گشتی و بزووتنەوەی سیاسی کورد لە باشوور لە ئەقڵیەتی کوردایەتی و سەرکردەی خاوەن پاشخانی چینی خانەدانەکانی کورد کە نەوەكو بەتەنیا نائەقڵانیەت، بەڵكو بەرژەوەندی  بنەماڵە – خێڵی خۆی لە ژێردەمامکی نەتەوەیی حەشارداوە، وەک کۆتایی ئەزموونەکانی کۆماری کورستان لە مهاباد، نسکۆی ١٩٧٥، ئەنفال و هەڵەبجە تا دەگاتە شکستەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر، جارێکی دیکە بێهیوایی باڵی بەسەر ئاسمانی کوردستاندا کێشاوە. دەبێ ئەوە بزانین کە جیهانی ئەمڕۆ جیاوازە لەگەڵ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و شەڕی سارد. گەلانی کوردستانیش پێگە و هێزی خۆیان بە گشتی لەدەست نەداوە. لە ڕۆژئاوای کوردستاندا کورد بە هاوپەیمانی لەگەڵ بەشێکی عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکە لەوپەڕی بەهێزیدایە. وڵاتانی قەوارەپارێزی وەک تورکیا و ئێران لە پێگەی خۆپاراستن دان و دەوڵەتی پشت ئەستوور بە ناسيۆناليزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەڕەشەی لەناوچوونى لەسەرە. حکوومەتی عەبادی حکوومەتی شیعە و مەزهەبی نیە، بەڵکو حکوومەتی تەکنۆکراتەکانی عێراقە. وڵاتانی خۆرئاوا لە داهاتودا بۆ لاوازکردنی هەژموونی ئێران و تورکیا لە عێراق سوودی لێوەردەگرن. ئەگەر ئێمە تۆزێک واقعبینانە بیرکەینەوە، هەست ئەکەین خۆرئاوا هەمان ئەو شانسەی دوای جەنگی جیهانی دووەم بە ئەڵمانیای دیموکراتی بەخشی، بەسەرکردایەتی عەبادی بە عێراقی نوێشى بەخشيووە، ئەگەر خۆیان بەشایەنی ئەو شانسە بزانن. لە هەمان کاتدا نابێ خۆشباوەڕبین، تا ئێستاش لەناو کابینەکەی عەبادیدا، گەندەڵی، مەزهەبگەرایی، شۆڤێنیزمی عەرەبی، درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات. ئەو حکومەتە کۆمەڵێک خاڵی لاوازی دیکەی هەیە، کە لە داهاتوودا خۆرئاوا نیگەران دەکات ئەویش بەردەوامیدانە بە ئەقڵی سەنترالیزم کە لەگەڵ تەکنیکەکانی بەڕێوەبەرایەتی سەردەمی گلۆبالیزم و نەوەی نوێ و ئابووری هاوچەرچ ناگونجێت.

بەکورتی: خۆرئاوا کار بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی دەکات کە خۆی لە کۆمپانیا فرەڕەگەزییەکان و داهاتووی بازاڕی ئەوان دەبینێتەوە. دەوڵەتانی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دکتاتۆرن و لەژێر هەڕەشەی لەناوچوون دان، کورد بە نەخۆشیەکانی ئەقڵیەتی ناسیۆنالیزمی خێڵ – خانەدان دەناڵێنێ و عێراقیش وڵاتێکی نادیموکراتە لە سەنترالیزم و مەزهەبگەرایی ڕزگاری نەبووە.

گەلی کوردستان ئەگەر لە ناسیۆنالیزمی کوردایەتی ڕزگاری بێ، دەتوانێ درک بەو ڕاستیە بکات کە ئێستا سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی قەومی نیە، بەڵکو سەردەمی شەڕی ناسنامەکانە. کلتوورەکان، هەرێمەکان، زمان و زاراوەکان، ئایینەکان و… هتد، لەناو شەرێکی سەختدان بۆ بەدەستهێنانی مافی ناسنامە، کلتوور، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە سیاسەت/بڕیار وەرگرتن و مافە ئابووریەکانیان. بۆ ئەمەش سەرکردایەتی کلاسیکی سەردەمی شاخ و کاديرانيان وەڵامی ئەو قۆناغە نادەنەوە و بزاڤی سیاسی نوێ یان تەوژمی دیموکراسی و گۆڕانکاری کە توانستی شەڕی شارستانی/دیموکراسی و ناسنامەکانی هەیە، جێگای ئەوان دەگرێتەوە. لە جیاتی دیوەخان و مەکتەب سیاسیەکان، پەرلەمان ڕۆڵی یەکلاییکردنەوەی کێشەکان دەبینێت. لە جیاتی ئايدۆلۆژیای نەتەوەیی، مارکسیزم و مەزهەبگەرایی، ئەقڵیەتێک ڕۆڵی دەبێ کە ڕێگر نەبێ لە بەنێودەوڵەتیکردنی سەرمایە و دیوارەکانی بازاڕی نەتەوەیی تاڵانچی ئەستورتر نەکات.

گرینگ نیە ئێستا کێ سوپای بەهێز، پارەی زۆر و کێ حاکمی جیوگرافیایەکی پان و بەرینە، ئەوەی گرینگە کام چین و توێژ ئەو تایبەتمەندیانەی سەرەوەی تێدایە، ئەو دەتوانێ ببێتە پێشەنگی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 من هەست ئەکەم، سەرباری نیگەرانیەکانی خۆرئاوا لە باشووری کوردستان، لە داهاتویەکی نزیکدا ڕۆڵی پێشەنگایەتیکردنی شەڕی دیموکراسی بە گەلانی کوردستان دەبەخشرێتەوە و ئەبێ خۆمان بۆ ئەو قۆناغە ئامادە بکەین.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *