د.قارەمان شێخ بزێنى
دكتۆر حەيدەر عەبادى لە بارودۆخێكى ئالۆز و پر كێشە دا بە هاوكارى ئەمريكيەكان بووە سەرۆك وەزيرانى عێراق، عێراقێك كە مەترسى لە دەستدانى شارى بەغدادى پايتەختى هەبوو، رێژەيەكى زۆرى خاكى ولاتەكەى لە ژێر دەستى داعشدا بوو، تا دەهات مەترسيەكانى داعش لەسەر داعش زياتر دەبوو، بە پشتيوانى راستەخۆى ئەمريكيەكان دكتۆر حيدر عەبادى پێگەي بەهێز تر دەبوو، بە ئامانجى ئەوەى ولات لە بەرەى ماليكي نيزم رزگار بكەن و جەنابى عەبادى بكەنە كاريزما و فريادرەسى عێراقيەكان، بە مەبەستى دوور خستەوە و پەراوێز خستني ئێرانيەكان، بەلام بە فتواى مەرجەكانى شيعە هێزێكى عەشايەرى بە ناوى گردبوونەوەى گەل (الحشد الشعبي) دروست بوو، ئێرانيەكان بە خێرايى هەيمەنەى خۆيان بەسەر ئەم هێزە سەپاند، ياخود رەنگە دروست تر بێت بلێين ئەم هێزە لەسەر پێشنيارى ئێرانيەكات دروست بوو.
لەسەرەتادا ئەم هێزە ئەو رۆلە كاريگەرەى نەبوو، بەلام هاوكارييە جۆراوجۆرەكانى ئێران و هاوپەيمانان ئەم هێزەيان كردە ئەلتەرناتيڤى هێزى سەربازى روخاوى عێراق تا سەركەوتنەكانى ئەم هێزانە زياتر دەبوون كورد هەستى بە مەترسى زياترى ئەم هێزە دەكرد و لاى وابوو رۆژگارێك بەرەنگاربوونەوەى ئەم هێزە كارێكى حەتميە و دەبێت رووبدات.
دكتۆرحەيدەر عەبادى سوودمەندى راستەقينەى ئەو بارودۆخەبوو، توانى زيرەكانە هێزە نێوخۆيى و بيانيەكان بەكاربهێنێت و عێراق بەرەو سەركەوتن بەسەر داعشدا لەبەرەكانى جەنگ بەدەستبێنێ، بەلام پێشمەرگەى كوردستان كە كاراكتەرى سەركەوتووى گۆرەپانى جەنگ دژ بە داعش بوو، جێگەى شانازى هاوپەيمانان و جيهان بوو، باس و خواسى سەركەوتنەكانى ناونبشانى رۆژنامە جيهانيەكان بوو، بەلام لە لايەن حكومەتى عێراقەوە پشتيوانى لەم هێزە كوردييەكان نەدەكرا، لە كاتێكدا سەرۆك ئەنجوومەنى وەزيران بە پشتىوانيە كورد ئەو پۆستەى وەرگرتبوو، هەرچەندە ئەو پشتيوانيە پەرچە كردارێك بوو بۆ دەسەلاتە رەهاكەى مالكى، سەرەراى پشتىوانى هێزە كوردييەكان بۆ جەنابى دكتۆر عەبادى كەچى ئامادە نەبوو دواى چەندين مانگ لە دەستبەكاربوونى سەردانى شارى هەولێر بكات، بێ ئەوەى هيچ جۆرە كێشەيەك لە نێوان عێراق و حكومەتى هەرێم بوونى هەبێت، دكتۆر عەبادى هێمنانە كارى خۆى ئەنجام دەدا، تاكو گەيشتە كەنارەكانى سەركەوتن، ئيتر هەستى شۆڤێنيەتي ئەم كاراكتەرە سياسيە دەركەوت، لە ئێستادا كە نەتەوەى كورد لە بارودۆخێكى شپرزەدايە، شيرازەى هێزە سياسيەكانى هەلوەشاوەتەوە و بارودۆخى ئابوري لەوپەرى خراپى دايە، دكتۆرعباديش بێبەزەييانە هێرش دەكاتە سەر هەرێمي كوردستان و تەنانەت دەستور پێشێل دەكات و ناوى هەرێمي كوردستان بە پارێزگاكاني باكور ناو دەهێنێت، وەكو لە وتارى دوێنێي شاري كەربەلادا بە پارێزگاكاني باكورى ئێراق ناوزەدى كرد، جگە لەوەى هەر رۆژەى پەلپێكي نوێ بە خەلكي كوردستان و حكومەتي هەرێم دەگرێت، لە كاتێكدا حكومەتە شكست خواردووەكەى هەرێم رايگەياندووە ئامادەيە هەموو سەرچاوە ئابوريەكانى پێشكەشى عێراق بكات. لەوە ناچێت كورد لە سايەي خەلافەتي دكتۆرعباديدا بتوانێت لە خەونەكاني خۆي نزيك بێتەوە، بە پێچەوانەوە خەونى لە مێژينەى كورد لە نێو دەچێت، ئەمەش دەرئەنجامى لە دەستدان و نەمانى كاراكتەرە سياسيە گرينگەكانى گۆرەپانى سياسى كوردستان كە بەرێز مام جەلال و نۆشيروان مستەفا بوون، كورد لە محركي سياسي عێراقەوە بۆتە ئامانج بۆ داشۆريني لە دەسەلاتەكاني؟!