پێشرەو بابە شێخ
ڕیفراندۆم نەبوە بە دوور و لێی دوور نەکەوتینەوە ,دوای ڕیفراندۆم و هەموو ڕداوەکان و ئەم دۆخەی ئێستا بۆ باشور هاتۆتە پێش زۆر نزیکترو لەناوی دا گوزەر دەکەین , وەک چۆن لە ٢٦ ساڵی ڕابردو و ساڵ بەساڵ گوزەرمان کردوە , ئیتر چ گوزەرێک ؟ لەگەڵ هەموو نەهامەتیەکان و لەدەستدانی خاک و باری ئابوری خراپ و سەختی بژێوی ژیانی خەڵک و ناهەمواری دۆخەکە هیچ چاوەڕوانیەک لە دەسەڵاتدارانی هەرێم ناکرێت بۆ باشتر کردن و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە . بۆیە پێویست دەکات هەنگاوی نیشتمانیانە بنرێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخە و لەدەست نەدانی لەوە زیاتر . پێویستە بەر لەهەموان گفتوگۆی ناوخۆیی و دانیشتن لەگەڵ بەغداو گفتوگۆی جدی بکرێت بۆ ئەوەی لەوە زیاتر( چیتر) لەدەست نەدەین . بۆ ئەم دۆخەو بۆ ئاسایکردنەوە بە باوەڕی من چەند هەنگاوێک گرنگ و کاریگەرن کە من بەدەرچەی تێپەڕکردنی ئەم دۆخەی دەزانم :
یەکەم / ئەم حکومەتە هەڵبوەشێتەوە و حکومەتێکی کاتی یا حکومەتێکی بەڕێوەبردن پێکبێت بۆ کار ڕایکردن و بەڕێوەبردنی کاتی . وەک حکومەتی ڕزگاری ئەم دۆخە.
دووەم / ئەم حکومەتە کاتیە بڕیاری هەڵوەشانەوەی ڕیفراندۆم بدات بەشێوەی ڕەسمی بە ئامانجی لەدەستنەدانی لەوە زیاتری دەسکەوتەکانی هەرێم و ناچارکردنی هەموو ئەوانەی بڕیاردەری ڕیفراندۆم بون بە داننان بە هەڵەی خۆیان , خستنە ئەستۆی هەموو ڕوداوەکانی دوای ڕیفراندۆم . بە گوێ نەگرتن لە ڕای ناوخۆ و دەرەوە لەسەر بنەمای گونجاو نەبونی کات بۆ ڕیفراندۆم .
سێ یەم / سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ هەڵوەشانەوەی ئەم حکومەتە ناسەرکەوتوەی ئێستا دەست بە کارەکانی لە پەرلەمان بکاتەوە بە چاودێری نەتەوە یەکگرتوە کان و ئەمریکا و عێراق و سەرجەم قونسڵخانەی وڵاتان لە هەرێم . جگە لە ڕاگەیاندنەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتی , کە باوەڕم وایە بەم شێوە دەستەبەری دانیشتنی ئاسایی پەرلەمان دەکرێت .
چوارەم / وەفدێک بە سەرۆکایەتی و ئاگاداری پەرلەمان و ئەندامێتی سەرجەم فراکسیۆنەکان و بەشێک لە حکومەتی جێبەجێکردن و لە خەڵکی شارەزای دانوستان سەردانی بەغداد بکەن , بۆ دانوستان و گفتوگۆ لە گەڵ حکومەتی عێراقی .
پێنجەم / ئیتر وازلەوە بهێنرێت بیر لە ناردنی وەفدی حزبی بکرێتەوە کە بە درێژایی ١٤ ساڵی ڕابردوو , جگە لە وەفدی کەسی چەند کەسانێکی دیاری کراوی سەر بە چەند حزبێکی دیاری کراو , هیچ وەفدێک کە کۆدەنگی نیشتمانی لەسەر بوبێت نە چۆتە بەغداد و تەنانەت دەرەوەش .
شەشەم / پەرلەمانی کوردستان دابەشبکرێت بەسەر چەند لیژنەیەک وەک وەفدی دانوستانکار و لەگەڵ لایەنی پەیوەند دار کەلەسەرەوە ئاماژەم پێکردوە بۆ سەردانی کردنی ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێ و گفتوگۆو داواکاری دەستپێبکەن لەگەڵ هەر یەک لە وڵاتان بە ئامانجی بەدەستهێنانی پشتگیری و پشتیوانی بۆ گەلی کورد و بەدەستهێنانی مافە دەستوریەکانی لەعێراق .
حەوتەم / سەرجەم لایەنەکان بەشدار و پشتیوان بن لە جوڵاندنی ڕەوەندی کوردی لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهان بۆ پشتیوانی داواکاریەکانی کورد و بەدەستهێنانی بڕیارێکی پشتیوانی لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکان .
هەشتەم / هێزی چەکدار لەژێر هەژمون و دەسەڵاتی حزب بێتە دەرو ببن بە هێزی نیشتمانی نەک هێزی ئەم و ئەو . دادگاکان سەربەخۆ بکرێن و یاسا سەروەر بێت داواکاری گشتی چالاک و بەگشتی بکرێت . ١٠- لیژنەیەک لەم دابەشکاریەی پەرلەمان تایبەت بکرێت بە گەڕان بەدوای داهات و پارەی بە هەدەر دراوی کوردستان و گێڕانەوەی پارەی بانکە کانی دەرەوە بە هاوکاری پەرلەمانی عێراق و حکومەتی عێراق .
نۆیەم / لە زوترین کات دا هەڵبژاردنێکی پاک و بێ تەزویر و دور لە دەست تێوەردانی هێزی چەکدار ئەنجام بدرێت . کە هەڵبژاردن بە چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکان و دیموکراتخوازانی دنیا و کۆمەڵگەی مەدەنی ئەنجامبدرێت .حکومەتێکی تەوافقی نیشتمانی پێک بێت . ڕاگەیاندنێکی بەهێزی نیشتمانی جێگای ڕاگەیاندنی حزب بگرێتەوە , بەشێک لەحزبەکان بە خاک و نیشتمان و هاوڵاتی شاد بکاتەوە . ئەمانە وەک کار وەک کردار و جێبەجێکردن و هەنگاونان , هیچیان لە دەسەڵاتی مرۆڤ بەدەر نین , هیچیان لە نەتەوەو نیشتمان گەورەتر نین , هیچیشیان لە ئاوات و خوێنی شەهیدان و قوربانیدانەکانی چەندەها ساڵەی گەلەکەمان پیرۆزتر نین . بەڵام بە دەستبەردار نەبون لە حەزوئارەزوو و بەرژەوەندی شەخسی و بنەماڵەیی و حزبی , ئەم کار و کردار و هەنگاوانە مەترسی گەورەن بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی و هێرش بۆسەر نیشتمان و لەدەستدانی دەسکەوتەکانی هەرێم . ئیتر نازانم خەو دەبینم یا خەیاڵ دەکەم یا ئەمانە خەون و خەیاڵی منن , فەرمون دەستپێبکەن ئەمانەو چەندانی تریش ئینجا دەبن بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی بناغەی دەولەتی کوردی . بە خەونی مەبینن لە کاتێک مێژوی نەتەوەکەمان پڕیەتی لە میرنشین , دەسەڵاتی خۆیان هەبوە و سکەشیان لێداوە سوپاشیان هەبوەو دەسەڵاتی پشتاو پشت و بنەماڵەییشیان هەبوە . لەگەڵ ئەوەی ناکۆکی نێو میرنشین خۆیی و نێوان میرنشین بۆ میرنشینێکی تر و لەدواجاریشدا زاڵبونی داگیرکەرانی کورد بەسەریاندا ڕون و ئاشکرایە . ئیتر فەرمون خەون و خەیاڵمان بکەن بە واقیع