ئایا بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێم ئەنجامی ڕیفراندۆمی هەڵەوەشاندۆتەوە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 218 جار بینراوە

ئایا بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێم ئەنجامی ڕیفراندۆمی هەڵەوەشاندۆتەوە؟

د. خامۆش عومەی
ئەمڕۆ ڕێکەوتی (14/11/2017) حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی دەرکرد، بەشێک لە میدیاکاران و چاودێران، وایان لێکداوەتەوە کە بەیاننامەکە مانای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمی (25/9/2017) دەگەیەنێت، لەکاتێکدا ئەمە ڕاست نیە، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
1-ئەو بەیاننامەیە تایبەتە بە بڕیاری ژمارە (122) ی (6/11/2017)ی دادگای ئیتحادی باڵا، ئەو بڕیارەش سەبارەت بە شیکردنەوەی زاراوەی “دولە اتحادیە واحدە”ی ماددە یەکەمی دەستوری عێراقی دەرچووە، واتە بڕیارەکە پەیوەندی بە ڕیفراندۆم و ئەنجامی ڕیفراندۆم نیە، بەڵکو شیکردنەوەی دەقێکی دەستورە، کە ئاخۆ هەرێمەکان دەتوانن جیاببنەوە، یاخود نا؟
2-ژمارەیەک داوا لەبەرامبەر دادگای ئیتحادی باڵا بەرزکراوتەوە بە ژمارەکانی “89، 91،92،93/اتحادیە/2017″، ئەو داوایانە تایبەتن بە “دەستوری” یا “نادەستوری” ڕیفراندۆم، دوێنی دادگای ئیتحادی باڵا ڕێکەوتی (20/11/2017)ی دیاریکرد بۆ سەیرکردنی ئەو چوار داوایە، لە گریمانەیەکدا ئەگەر دادگا لەو داوایانەی سەرەوە، بڕیاری نادەستوری ڕیفراندۆمی دا، ئەوا هەم دیسان ناتوانین بڵێین ئەنجامی ڕیفراندۆمی هەڵوەشاندۆتەوە، چونکە لە بنچینەدا دادگا تایبەتمەند و دەسەڵاتی ئەوەی نیە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم بدات، ئەگەر کارێکی لەم شێوەیەش بکات، ئەوا سنوری دەسەڵاتی خۆی دەبەزێنێت، کە بەگوێرەی ماددە (93)ی دەستور بۆی دیاری کراوە، بەڵام بەگوێرەی بنەمای “ئەمەی لەسەر پوچەڵ بونیادنرابێت پوچەڵە”، دەکرێت بڵێین کار بە ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە ناکرێت، لەسەر بنەمای ئەوەی دادگا بڕیاری نادەستوری ڕیفراندۆمی داوە.
کەواتە بەیاننامەکەی حکومەت واتای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم ناگەیەنێت، بەڵکو لە حاڵەتێکدا ئەگەر دادگا بەگوێرەی ئەو داوایانەی بۆی بەرزکراوەتەوە بڕیاری “نادەستوری ڕیفراندۆم”ی دا، ئەوکات دەتوانین بڵێین ئەمە واتای پوچەڵکردنەوەی ڕیفراندۆمە، بەگوێرەی ماددە (94)ی دەستوریش بڕیارەکانی دادگای ئیتحادی باڵا یەکلایکەرەوەیە، و هەموو دەسەڵاتەکانیش دەبێت پێوەیەوە پابەند بن، جا ئەوکات حکومەتی هەرێم بەیاننامە دەربکات، یا دەرنەکات دەبێت بە ناوەڕۆکی بڕیارەکەو جێبەجێکردنی پابەند بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.