دژایەتی ئێمە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم،دەبێ جیاواز بووبێت

لەلایەن ستاندار Posted on 247 جار بینراوە

دەشتی عبدالرحمن

دژایەتی ئێمە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم،دەبێ جیاواز بووبێتلە دژایەتی عەرەبێکی شۆڤێنی بۆ پڕۆسەکە! هەرێمی کوردستان لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە هیچ پشتیوانیەکی ناوخۆیی و دەرەکی و هیچ کارتێکی وەهای بەدەستەوە نەماوە تا بەرگی پێ لە خۆی بکا،هەر بۆیە حکومەتی عێراق دەرفەتی بۆ ڕەخساوە کە کۆمەڵێک بڕیارو فشاری شۆڤێنی و ئیستیفزاز ئاسا دەر بکا دەرهەق بە کوردو دەست کەوتەکانی.وە یەکێک لەو بڕیارە شۆڤێنی و ئیستیڤزازیانە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسایەکە بۆ دادگایی کردنی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کە دەنگیان بە ڕیفراندۆم بۆ جیا بوونەوە لە عێراق داوە،وە ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کە پڕۆژەکەیان ئامادەکردووە،سەرقاڵن بە کۆکردنەوەی دەنگی زۆرینە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەکەیان لە پەرلەمانی عێراق.

لێرەدا ئەوەی ئاسایی نیەو تووشی شۆکمان دەکا،بەپێی ئەو زانیاریانەی کە من هەمە، چەند ئەندام پەرلەمانێکی کورد پشتیوانی تەواوی تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە شۆڤێنیە دەکەن لەبەرامبەر ئەو چەند ئەندام پەرلەمانەی کورد کە دەنگیان بە ڕیفراندۆم داوە،کە ئەم کارە جگە لە خیانەت و تەسلیمبوون بە ئیرادەی شۆڤێنی عەرەب دژ بە گەلی کورد هیچ پاساوێکی تر هەڵناگرێت،لەبەر ئەوەی لە هەموو حاڵەتەکاندا نابێ دژایەتی ئێمە بۆ ئەو ڕیفاندۆمەی کە ئەنجامدرا،لە جەوهەردا وەک ئەو دژایەتی و حەساسیەتەی حیزب و لایەنە جیاوازەکانی عێراق بێت. دژایەتی ئێمە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەبێ دەرئەنجامی دڵسۆزی و پەرۆشیمان بوبێت بۆ لەدەست نەدانی دەستکەوتەکان و موجازەفەنەکردن پێیانەوە.وە دەبێت ڕەخنەو تێبینیەکانمان لە ڕیفراندۆم دەر ئەنجامی خوێندنەوەی واقعی سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان بوبێت،کە تەواو دەیهێناینە ئەو باوەڕەی کە سەربەخۆیی هیچ ئامادەکاریەکی ئەوتۆی بۆ نەکراوەو ڕیفراندۆم لە جیاتی سەربەخۆیی دەبێتە بەڵایەکی گەورە بەسەر شانی میللەتەکەمانەوە،کە ئەمە تەواو جیاوازە لەگەڵ ئەو دژایەتیەی حکومەتی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ،کە لای ئەوان دەوڵەتی کوردی بۆ هەمیشە مەترسیەکی گەورەیەو لە هیچ کات و زەمەنێکدا قابیلی بێ دەنگبوون نیە لە ئاستیدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.