ترسی شکستی تریش لە ئارادایە

لەلایەن ستاندار Posted on 256 جار بینراوە

مەهدی کاوانی

ترسی شکستی تریشم بە دوایەوە ، هەیە بەو وەزعەی ئێستای حیزبەکان لە گەڵ یەکتری و لە گەڵ ناوخۆشیانەوە ، لە لایەک و هەر ڕۆژەو داواکاریەکی نوێ عەبادی و ئەم و ئەوی ترەوە، دەترسم پێیەوە دوا بەرهەمەکەی بۆ کورد کەمتر بێت لە ئۆتۆنۆمیەکەی سەدام حوسێن . لە جەنگی جیهانی یەکەم ، سیڤەر بە لۆزان نەدەگۆڕدرایەوە ، ئەگەر تەشکیلەی سیاسی و چەکداری حیزبەکان بۆ ئەو کاتی یەکگرتوو بوونایە .کۆرپەلەی مەهابادو هەرەسی ۷٤ و ئیدی و ئیدیش بە هەمان شێوە . باشە با زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە ئەگەر لێرەش حیزبەکان زیاتر مەبەستم پارتی و یەکیەتیە وەک بڵێن عسی علی ماسلف یانی ئەوەی ڕۆیی ، ڕۆیی ، با لێرە بیوەستێنین . واتە هەنگاوی یەک بوون بگرنە بەر . پارتی ، یەکیەتی تەخوین دەکا بە کەرکوک وەک ئەوەی ئەوان لە ئاوی سازگار پاکتر بن و یەکیەتیش دەڵێ ئەوەی بە سەرمان هات ، لە بەر ڕیفراندۆمەکەی بارزانی بوو، وەک ئەوەی ئەوان تیایدا بەشدار نەبووبن . پارتی خۆی لەوە خۆش کردووە کە بچیتە ناو پڕۆسەی سیاسی موسڵ و بەغداو دەشڵێ ناچمە ناو هی کەرکوک لە بەر ئەوەی داگیر کراوە ، ئەوە وەک ئەوە وایە لە شوێنەکانی تر هیچ ڕووی نەدابێ .بە غداش ڕۆژبە ڕۆژ داخوازیەکانی بە سەر هەرێم زیاتر دەکات . ئەمەریکیەکانیش دەڵێن و دەڵێنەوە بە پێی دەستوورو یەکیەتی خاکی عیراق و بە وتووێژ لە گەل یەکتری ڕێک کەون . ئەو قسەی ئەمەریکیەکان ئەوڕۆ نیە بەلکو پێش ڕیفراندۆمەکەش هەر وایان دەگۆت .

بۆ یەکریزی سیاسی کوردو کاراکردنەوەی پەڕلەمانی کوردستان و دامەزراوە دیموکراتیەکانیش هەر وایان دەگۆت . بە بۆچوونی خۆم ئەمەریکیەکان قسەی باش فڕێ دەدەن بەس لە سەر ئەمری واقیعیش تەعامولی تر دەکەن . بە بەر چاوی دونیا دوو ساڵ بۆ بارزانی درێژ کرایەوەو پاش ئەو دوو ساڵەش بارزانی هێشتا لە سەر پۆستەکەی مایەوەو پەڕلەمانیش پەک خراو بەشی هەرە زۆری دەزگا مەدەنیەکان و ئابووریەکانیش پەک خران و ئەمەریکیەکانیش وەک سەرۆکی هەرێم مامەلەیان لە گەڵ بارزانی کردو کە دوای ڕیفراندۆمیش کە ناچار کرا دەسبەرداری پۆستەکەی بێت ، ئەمەریکا دەسخۆشی لێ کرد . بە قەناعەتی خۆم حکومەتەکەی نێچیرو قوبادیش ئەگەر نەتوانن لە سەرپێ بوەستن ، بۆ ئەوانیش هەمدیسان بای بای لێکردنیانە . حکومەتی ئەمەریکی و ئێستاکەو بە قەدەر دەولەتێکی سیادی یەپەگەی نزیک لە پەکەکەی پڕ چەک کردو فڕۆکەکانیشیان بە ئاسمانەوەن بۆ ئەوەی بیان پارێزی ، لەبەر ئەوەی هەنە .

بۆ کوردی باشوورو ئەم و ئەوی تریش هەر وانە . خۆت پێ ڕاگیرێ داکۆکیت لێ دەکرێ ئەگە ر نا بای .تا ئێستا کوردی ڕۆژئاواو بگرە باکوریش لەو مەسیجەی ئەمەریکیەکان دەگەن بەس ئۆ بۆ ۲٦ ساڵ دەچێت هێشتا کوردی باشوور لێی تێ ناگەن . ئەمەریکیەکان بە هێزە سیاسیەکانی دەرەوەی پارتی و یەکیەتی دەڵێن ، هاوکار بن لە گەڵ حکومەتەکەی نێچیرو قوباد ، زیاتر مەبەستی گۆڕان و کۆمەڵە و ناشڵێ حکومەتی ئینقاز دامەمەزرێنن . یانی کامەیان سەرکەوت ئێمە مامەلەی لە گەڵدا دەکەین . بەندە باش دەزانم حکومەتەکەی نێچیرو قوبادیش فەشەلی بە دواوەیە نا هەر لە بەر گۆڕان و کۆمەڵ بەلکو زۆرەکەی لەبەر ناتەبایی پارتی و یەکیەتیە چونکە هەر یەکەیان لە ئاوازێک دەخوێنێ . ناڕێکی ریزەکانی ناو یەکیەتیش لە ناو خۆیانەوە ، ئەوەندەی تر کۆسپ بۆ حکومەتەکە دروست دەکات و بەینی خۆشمان بیت پارتیەکانیش واتە باڵی مەسسرورو باوکی هەندە دڵیان بەوحکومەتەخۆش نیە .

ڕەنگە حکومەتی ئینقازیش بتوانێ هێدی هێدی نەسابی پەڕلەمان واتە ٥٦ کورسی بە دەست بێنێ بە تایبەتی خەریکە یەکگرتوش بە ۱٠ کورسیەکەی دەچیتە پاڵیانەوەو بە دوایەوە نەسابەکە بە هی یەکیەتی و هەندێ کورسی تری ئەملاو ئەولای تریش تەواو بکرێ بەڵام ئایا دوو حیزبەکەی تر یان با بڵێین پارتی ملکەچیان دەبی ، بێگوومان نەخێرە . ناشزانم ئەگەر ئەو وەزعە بەردەوامی بە خۆیەوە بدات ئینتفازەکە دروست دەبی یان نا . بێشک دروست ببیت ، حکومەتی ئەمەریکی لەوەشیان دانپیانەکە بۆیان ئامادە دەبیت . ئیدی نازانم لە دوا جاردا ، ڕووداوەکان بو کوێندەردا دەمەیینەوە .

ئەمن دەرێم یەکیەتی سیاسی و ناڕێکی حیزبەکان لە گەڵ یەکتری و ناوخۆشیان هەر وا دەمێنێتەوەو نە حکوەتەکەی نێچیرو قوباد وە نە حکومەتی ئینقازی بەرەی موعارەزە و لە ڕوانگەی ئاماژەکانی سەرە ، هیچی لێ شین نابیتەوەو پێشیەوە بەغدا ئەوەندەی تر تەنازول بە کوردان دەکات و ئەمەریکاش لە گەڵ واقیع تەعامول دەکات . ناشزانم ئینتفازەکە دەکرێ ناکرێ . من بەش بە حالی خۆم ئەگەر گەشبینیش نەبم ڕەشبین نیم . بەڵام دەزانم ئەگەر کراو سەریشی گرت ئەمەریکیەکان بۆ ئەوەش دانی پیا دەنێن و با چاوەڕوان بین .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.