كهركوك احمد
لەدوای ئەوەی ڕەوشی ھەرێم بەو ئاستەی ئێستای گەیشت، بەتایبەتی لەدوای ۱٦ی ئۆکتۆبەر، ھەڵاتنی بەرپرسە دز و گەندەڵەکان بۆ وڵاتانی ئەوڕوپا دەستی پێکرد بەھۆی ترسیان لە درانیان بە دادگا.
لەو چوار چێوەیە ھەواڵی ھەڵھاتنی ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکان ی ھەرێم لەلایەن (علی حەمە ساڵح) بڵاوکرایەوە و ڕایگەیاند کە ئاشتی ھەورامی ڕۆژێک بەر لە ڕاگیرانی گەشتی فڕۆکەخانەکانی ھەرێم ھەڵاتۆتە لەندەن.
بەپێی زانیاریەکان ئێستا ئەندامانی پەڕلەمانی کوردستان لەھەوڵی کۆکردنەوەی واژۆن بەمەبەستی گێڕانەوەی ئاشتی ھەورامی بۆ ھەرێمی کوردستان وە دەڵێن زۆربەی ئەو نەھامەتیانەی کە ئێستا ڕوبەڕوی ھاوڵاتیانی ھەرێم بونەتەوە بەھۆی ئەوەوە بووە.
گێڕانەوەی ئاشتی ھەورامی پێویستی بە ڕێوشوێنی یاسایی ھەیە کە پێویستە بگیرێتە بەر.
پێویستە ئەوە بزانین کە ھەرێمی کوردستان خاوەن کەسایەتی یاسای نێودەوڵەتی نییە بۆیە ھەر ھەوڵێکی بە مەبەستی گێڕانەوەی ئاشتی ھەورامی دەبێت لەڕێگای عێراقەوە بێت.
بەرلەوەی بچینە سەر باسکردنی ڕێوشوێنە یاسایەکانی ڕادەستکردنەوەی تاوانباران پێویستە پێشتر باس لەوە بکەین ئایە ئاشتی ھەورامی یان ئەو تاوانانەی کە ئەنجامی داوە شمولی سیستەمی ڕادەستکردنەوەی تاوانباران(نظام تسلیم مجرمین) دەکات یاخود نا؟
یاسا ھەندێ تاوان و ھەندێ کەسی بەدەر کردووە لە جێبەجێ کردنی ئەو سیستەمە لەسەری، تاوانی سیاسی یەکێکە لەو تاوانانەی کە جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە لەسەری ھەڵگیراوە، لە مادە ۲۱ی یاسای سزادانی عیراقی ژمارە ۱۱۱ی ساڵی ۱۹٦۹ پێناسی تاوانی سیاسی کراوە دەڵێ بریتیە لەو تاوانەی کە بە پاڵنەرێکی سیاسی ئەنجام دەدرێت یان ئەو مافەی کە دەکەوێتەوە لەسەر مافی سیاسی گشتییە یان تاکەکەسی.
بەڵام ھەر لەو مادەیەدا ھەندێ تاوانی جیاکردۆتەوە بە تاوانی ئاسایی داناوە ئەگەر بە پاڵنەرێکی سیاسیش ئەنجامدرابێت.
یەکێک لەو تاوانانە کە جیاکراوەتەوە تاوانی بردنی موڵک و ماڵی گشتییە(اختلاس)، کە لەسەر ئەو تاوانە داوای ھێنانەوەی ئاشتی ھەورامی دەکرێت.
ڕێوشوێنەکانی ڕادەستکردنەوەی تاوانباران پشتدەبەستێت بە ڕێکەوتن نامە نێودەوڵەتیەکان و یاسای ناوخۆ و عورفی دەولی.
عێراق لە مادەکانی (۳٥۷ بۆ ۳٦٨)ی قانون اصول محاکمات جزائی ژمارە ۲۳ی ساڵی ۱۹۷۱ باس لە ڕێوشونەکانی ڕادەستکردنەوەی تاوانباران دەکات.
لە مادە ۳٦٨ دا ھاتووە کە پێویستە داوای ڕادەستکردنەوە پێشکەش بە دائرەی گێڕانەوەی تاوانباران (دائرة استرداد مجرمین) لە ئەنجومەنی دادوەری(مجلس القضاء) بکرێت لەگەڵ ئەو بەڵگەنامانەی لە مادە ۳٦۰ی ھەمان یاسادا ھاتووە کە بریتین لە وەسفی کەسەکە و وێنەیەکی و بەڵگەنامەی سەلماندنی عێراقی بوونی و وێنەیەک لە فەرمانی گرتنی(امر قبض) کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری دەرچووە دوای ڕونکردنەوەی تاوانەکە لەڕوی یاساییەوە و ئەو دەقە یاساییەی کە لەسەری جێبەجێ دەکرێ وە وێنەیەک لە پەڕاوی لێکۆڵینەوە یان ئەو حوکمەی کە لەدژی دەرچوە ئەگەر بە غیاب حوکم درابوو، بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ داوای ڕادەستکردن بەشێوەی دیبلۆماسی.
لەکۆتایدا ئەوەی ماوە بوترێت ئەوەیە ئەوانەی لەھەوڵدان ئاشتی ھەورامی بگێڕنەوە ئەگەر بە جدی بەدوای ئەو کارەوەن پێویست ناکات داوا لە حکومەتی ھەرێم بکەن چونکە ئەویش دەبێت ھەر لەڕێگای حکومەتی عێراقەوە داوای ڕادەستکردنەوەی بکات لە بەریتانیا، پێویستە ڕاستەوخۆ فشار لەسەر حکومەتی عیراق بکەن بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی ھێنانەوەی ئاشتی ھەورامی.