ئارام مەجید عەلی
لەدنیای دیموکراسیدا ھەڵبژاردن خاڵێکی گرنگ و پڕبایەخە، بەھۆی ھەڵبژاردنەوە میللەت خۆی نوێ دەکاتەوەو دەموچاوە دووبارەکانی حیزبەکان دەگۆڕێت و بەرگێکی نوێ وەبەر حیزبەکاند دەکات و ڕێگەی ڕاستیان پیشان دەداتەوە،چونکە زۆر جار حیزبەکان غوروری سیاسی دەیان گرێت و میللەت فەرامۆش دەکەن و پێویستە حیزبەکان فۆرمات بکرێنەوە.
لەسیستەمی سیاسی تەندروستدا، ھەڵبژاردن وەک مەحکەمەی ھاوڵاتی دێتە ئەژمار بۆ لێپێچینەوەی حیزبەکان لەپای ئەو کارە باش و خراپانەی لەماوەی دەسەڵاتیاندا کردوویانە بو خزمەتی خەڵک، ئەگەر باش کاریان کردبێت و باش خزمەتی ھاونیشتیمانیانیان کردبێت ئەوا دووبارە میللەت دەنگیان پێدەداتەوەو ئەستۆ پاکیان بۆ واژۆ دەکاتەوە، ئەگەر خراپیان کردبێت و لەبەژەوەندی حیزبی کاریان کردبێت و خەم و مافی ھاوڵاتیانیان وەلاوە نابێت، ئەوا میللەت بەدەنگی خۆی سزایەکی قورسیان دەدات و بۆ چەند ساڵێک لەکایەی سیاسی دوایان دەخات تاباشتر بیربکەنەوەو خۆیان بۆ خزمەتی ھاونیشتیمانیان ئامادەبکەنەوەو ڕێگەی خزمەتکردنی ھاونیشتیمانیان بگرنەبەر.
بەڵام لەھەرێمی کوردستان ئەم کارە پێچەوانە دەبێتەوە، چونکە دیموکراسی لەڕێڕەوی خۆی لادراوە،تەنانەت لەنێو حیزبەکانیش دیموکراسی نەماوە، ئەگەر دیموکراسی بۆ نوێبونەوەی حیزبەکان نەبێت بۆ بەخۆدا چونەوەو و خزمەتی زیاتری خەڵک گەیاندنیان بەئامانجەباڵاکایان، ئەوا دیموکراسی ھیچ مانایەکی ئەوتۆی نامێنێت.
کاتێک دەڵێین دیموکراسی لەھەرێمی کوردستان لەڕێڕەوی خۆی لادراوە،مەبەسمان ئەوەیە لەبری دیموکراسی چەمکی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و خەباتی شاخ کاری پێدەکرێت، لەڕاستیدا تا ئەم چەمکانەش بەکاربن و لەسەرکاربن،دیموکراسی بەھایەکی ئەوتۆی نامێنێت،ئەگەر ھەش بێت گرنگیەکی ئەوتۆی نیە،چونکە لەم ھەرێمەدا حوکمی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی باڵاترە لەحوکمی دیموکراسی و تەنانەت سنور بۆدیمکراسی دادەنێت و بەرگێکی حیزبی لەبەرژەوەندی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی لەبەر دەکەن.
لەڕاستیدا لەھەرێمی کوردستاندا دیموکراسی بەشێوەیەک پاشەکشەی کردوە خەرێکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرھەڵدانی، ئەگەر دیموکراسی لەیۆناندا لەسەرەتایدا بەوشێوەیە بوبێت ئافرەت و کۆیلە بۆیان نەبووە بەشداربن و خاوەن دەنگ و بڕیار بن لەبەر ئەوە بووە سیستەمە سیاسیەکە ھەر ئەوەندەی لێچاوەڕوان کراوەو ئەوەندەش بەرھەمی ھەبووە لەبەرژەوەندی چەند دەستەوتاقمێک بوبێت.
بەڵام دیموکراسی ئێستا لەم ھەرێمە ئەوەیە بێ جیاوازی نیرو مێ و دوڵەمەندو ھەژار ھەرکەس تەمەنی گەشتبێتە ئاستی دەگدان مافی ئەوای ھەیە دەنگ بدات،بەڵام ئەم دەنگدانە لەسایەی چەمکی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی کارناکاتە سەر سیستەمەکە، چونکە گروپی شەرعیەتی شۆڕشگێڕ ئەنجامی ھەڵبژاردنیان قبۆڵ نیەو دەڵێن ھەرچەند ھاوڵاتی دەنگ دەدات بەڵام دەبێت ئێمە ھەبین و خاون دەسەڵات و سەروەت و سامان بین و دەبێت دەسەڵاتی ئێمە لەسەروو ھەموو شتێکەوە بێت چونکە ئێمە شۆڕشمان کردووە، ئەمەش لەئەرزی واقیعدا لەم ھەرێمە بوونی ھەیە خاوەن شەرعیەتە شۆڕشگێڕەکان لەسەروو یاسان و ژیان و ماڵیان لەھەموو ھاوڵاتیان خۆشترەو و تەواوی مافەکانیشیان پارێزراوەو زۆرجاریش مافی میللەتیش پێشێل دەکەن،
لەسایەی دیموکراسی ڕاستەقینەو تەندروستدا پێویستە حیزبەکان خزمەتکاری ڕاستەقینەی خەڵک و پارێزەری بەرژەوەندیەکانی ھاوڵاتیان بن، بەڵام لەسایەی سیاسەتی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و خەباتی شاخدا، پێویستە تەواوی ھاوڵاتیان لەخزمەت گروپی شەرعیەتی شۆڕشگێڕیدابن و پاراست و ژیان و مافی ئەوان لەسەروو ھەموو مافێکی ھاوڵاتیانەوەبێت.
لەسایەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕیدا دیموکراسی لەکەدار دەبێت و مانای خۆی لەدەست دەدات و دامودەزگای دیموکراسی ئەتک دەکرێن و دەنگ و سەنگی میللەت بەھای نابێت و ژێرپێ دەخرێت،چونکە دیموکراسی تەنھا ناوێکەو ئەنجامی دەنگی خەڵک لەھەڵبژاردنەکان تەنھا ژمارەیەکەو ھیچی تر چونکە نابێتە ھۆی گۆڕینی گروپی شەرعیەتی شۆڕشگێڕو لادانیان لەدەسەڵاتی پاوانخوازی چونکە دەسەڵاتی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی لەدەسەڵاتی میللەت گەورەتر و بەبەھاترە،ھەڵبژاردنەکانی پێشووی ھەرێم بەڵگەی ئەم ڕاستەن.
لەبەر ئەوە ھەڵبژاردن لەنێوان دیموکراسی و شەرعیەتی شۆڕشگێڕیدا ھیچ ھێز و مانایەکی نیە،ئەو دیموکراسیەی کەھەیە بەرگی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەبەردا کراوە و لەخزمەت گروپی شەرعیەتی شۆڕشگێڕیدایە و بۆ پاراستنی پێگەو ماف و ئیمتیازاتی ئەوانەو ھەڵبژاردنەکایش تەنھا بەھێلاک بردن و برسی کردنی خەڵکی لێدەکەوێتەوە،چونکە بەشێکی زۆری خەڵک بۆ ئەوان و بەدڵی ئەوان دەنگیان نەداوە، لەبەر ئەوە خاوەن شەرعیەتی شۆڕشگێڕ بەمافی خۆی دەزانێت تۆڵە لەمیللەت بکەنەو دووچاری ئم بارودۆخەی بکەن کە میللەت تێدایە، کەواتە دەنگی خەڵک ھێزی ئەوەی نیە دیموکراسی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی ببەزێنێت و دیموکراسی ڕاستەقینەو تەندروست بەرھەم بھێنێت.