ڕیفراندۆمی سەربەخۆی و دادگای دەستوری کامیان دەستوری نین -بەشی دووەم

لەلایەن ستاندار Posted on 707 جار بینراوە 0 سەرنج
dler

*دکتۆر دلێر سابیر خۆشناو
تێبینی ئەم بابەتە لە سێ بەش پێکھاتووە
بەشی دووەم:
لە بەشی یەکەمدا باسمان لە چوار خاڵی گرنگ کرد کە ناتوانرێت بێ تیشک خستنە سەریان باس لە ڕاستی و دروستی بڕیارەکەی دادگای فێدرالی دەرھەق بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆی بکەین، بەڵام ھەر ئەمە بەس نییە بۆ تێگەیشت لەم بڕیارە، بەڵکو ئەمانەی خوارەوەش بەشێکی گرنگن بۆ تیگەیشتنی ڕاستیەکان.
پێنجەم/ ئەو کەس و لایەنانەی کە مافی جولەپێکردنی دەعوایان ھەیە لەبەردەم دادگای فێدڕالی:
ئەم دادگایە بە ھیچ شێوەیەک بۆی نییە لە لای خۆیەوە دەعوای دەستوری جولەپێبکات، بەڵکو وا پێویست دەکات کە کەسەکان و لایەنەکان ئەم کارە ئەنجام بدەن، کە پێکدێن لەمانەی خوارەوە:
ڕ- ئەنجومەنی وەزیران و لایەنی پەیوەند لە کەسەکان و ئەوانی تر بۆیان ھەیە دەعوا بەرزبکەنەوە لەبەردەم دادگای فێدڕال، ئەویش تایبەت بەو کێشانەی کە لە جێبەجێ کردنی تەشریعاتەکانی دەسەڵاتی فێدڕالەوە دروست دەبن، ئەمەش پاڵپشت بە بڕگەی سێیەم لە مادەی (٩٣) ی دەستور.
ب- یاسای دادگای فێدڕال ژمارە (٣٠) ی ساڵی ٢٠٠٥ مافی داوەتە چەندین کەس و لایەنی تر بۆ تانەدان لەو تەشریعاتانەی کە گومانی دەستوری بونیان لێدەکرێت، ئەمەش بە گوێرەی بڕگەی دووەم لە مادەی (٤) ی ئەم یاسایە، کە ئەمانەش کۆکراونەتەوە لە سێ لایەن: یەکێکیان: لەسەر داوای یەکێک لە دادگاکان. دووەم: لەسەر داوای لایەنێکی فەرمی. سێیەم: داواکارێک کە بەرژەوەندی ھەبێت.
ھەر لەسەر ئەم بنەمایە سیستەمی ناوەخۆیی دادگا ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠٠٥ لە مادەکانی (٣ و ٤ و ٥ و ٦) ڕاڤەی زیاتری بۆ ئەو لایەنانە کردووە کە لە مادەی (٤)ی یاسای ئاماژەپێدراو ھاتووە. بەھەر حال ھەموو کەسێک بۆی ھەیە تانە لە دەستوری بوونی تەشریعاتەکان بدات بە مەرجێک بەرژەوەندی ڕاستەوخۆی لەمەدا ھەبێت ئەویش لە ڕێگەی پارێزەرێک کە دەسەڵاتی رەھای ھەبێت.
لەمەی سەرەوە بۆمان رووندەبێتەوە کە ئەو کەسانە بۆیان نییە دەعوای دەستوری بجولێنن کە بەرژەوەندی و زیانیان لە داھاتوو، یاخود لە کاتێکی نادیار لەم کەیسانە بەربکەوێت، لە بەرامبەر ئەمەشدا لایەنی فەرمی بۆی ھەیە دەعوا بجولێنێت بە مەرجێک واژووی وەزیری تایبەتمەند یاخود سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزاەتی لەسەربێت.
شەشەم/ ئامادەبوونی لایەنەکانی دەعوا لە دادبینیەکەدا:
بۆ ئەم خاڵەی سەرەوە ڕێکخستنی دەستوری و یاسایی نەکراوە، وە ئەم کارە جێھێڵدراوە بۆ سیستەمی ناوەخۆی، ئەمیش لە ڕێگەی بڕگەی یەکەمی مادەی (٢) کە ئەم بابەتە ڕێکخستووە. وە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەعوا و بەڵگەکان ئاڕاستەی ھەڤڕک (خێم) دەکرێت، وە پێویستە ئەویش وەڵام بەشێوەی نوسراو بداتەوە کە لە ماوەی (١٥) ڕۆژ تێپەڕ نەکات لە ڕۆژی ئاگادارکردنەکەیەوە.
کاتی دادبینی دیاری ناکرێت تاوەکو ئاگادارکردنەوەکان و وەڵامی ھەڤڕک دیار نەبێت، یاخود ماوەی دیاریکراوی بەسەر نەچێت، لایەنی بەرامبەر بۆی نییە داوای دواخستن بکات بە مەبەستی وەڵامدانەوە. بەڵام ئەگەر سەڕەڕای جێبەجێ کردنی دوو بِڕگەی ئاماژەپێدراو لایەنەکان ئامادەنەبوون ئەوا دادگا بە پشتبەستن بە مادەی (١١) ی سیستەم دادبینیەکە ئەنجامدەدات.
ئەوە ماوە بیخەینە بیر کە دادگا بۆی ھەیە ئاگادارکردنەوەی لایەنەکان بە شێوازی ھەمەجۆر بە ئەنجام بگەینێت، جا چ بە پۆستی ئەلکترونی بێت یاخود فاکس و تلکس و ئامرازی تری گەیاندن کە لە یاسای دادبینی شارستانی ھاتووە (م٢١).
حەوتەم / ھەڵوێستی یاسای نێودەولەتی لەسەر ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆی:
ئەگەر چاوێک بە مێژووی ناوچەی خۆمان بخشێنینەوە دەبینین ھەرێمی کوردستان بەشێک بووە لەو خاکەی کە ناوی کوردستانە و بە پێ ی ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆ لە ساڵی ١٩١٦ کراوەتە چوار پارچە و بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراوە دوور لە ویستی دانیشتوانەکەی، بەمەش بەشێک بەر عێراق کەوتووەو سێ بەشەکەی تریشی بەر ھەر یەک لە وڵاتەکانی ئێران و تورکیاو سوریا کەوتووە.
لێرەدا وا پێویست دەکات کە جەخت لەسەر راستیەک بکەینەوە ئەویش ئەوەیە کە کێشەی کورد لە بنەڕەتدا کێشەیەکی سیاسی یە نەک یاسایی، ئامانجیش لێ ی گەڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانە لە ڕێگەی بەدەستھێنانی سەربەخۆی، بۆیە مەرج نییە ھەر ھەنگاوێک کە لە لایەن کوردەوە بنرێت کۆک بێت لەگەڵ یاسای ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، بەڵکو گرنگیدان بە یاسا نێودەوڵەتیەکان ڕۆڵی گرنگی خۆی دەبێت لە بەرەو پێشبردنی ئەم کەیسە.
لەبەرامبەر دروستی ئەمەی سەرەوە ڕاستیەکی تریش ھەیە کە پێویستە لای تاکی کورد لە باشوری کوردستان روون و ئاشکرابێت ئەویش ئەوەیە: گەر بمانەوێت مافەکانی ھەرێمی کوردستان بناسین ئەوا لە دەستوری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ بەرجەستەکراوە، بۆیە کورد لە ھەرێمی کوردستانی عێراق ھەر مافێکی یاسایی بخوازێت پێویستە بڕوانێتە ئەم دەستورە، ئەگینا لە ڕووی مەشروعیەتی دەستوری و یاساییەوە ناکۆک دەبێت لەگەل بنەماکانی ئەم دووانە. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیەش کورد خۆی بەشێکی گرنگ بووە لە دروستکردنەوەی ئەم عێراقە نوێیە و بگرە بەشیکی سەرەکیش بووە لە داڕشتنی دەستوری ٢٠٠٥ ئەمەش دانپێدانانێکی ناراستەوخۆیە کە مافەکانی ھەرێمی کوردستان – نەک گەلی کورد وەکو میللەت – لەم دەستورە بەرجەستەکراوە.
گەلان بۆ بەدەستھێنانی مافەکانیان سوودی زۆر لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی وەردەگرن چونکە لە پاڵ ئەم یاسایانە ڕای گشتی زۆر فراوان ھەیە کە جێبەجێکردنێکی گونجاوی ئەم یاسایانە بە دەستی دەھێنن.
پەیماننامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٩٤٥ بە یەکێک لە سەرچاوە ھەرە گرنگەکانی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت، لە بڕگەی دووی مادەی (١) دا ھاتووە کە “گەشەدان بە پەیوەندی دۆستانەی نێوان گەلان لەسەر ڕێزگرتنی ئەو پڕەنسیپە دێت کە بڕیار لە یەکلایکردنەوەی مافەکانی نێوان گەلان دەدات، بە شێوەیەک کە ھەر یەکێکیان بۆیان ھەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، ھەروەھا گرتنی ڕێوشوێنی تری گونجاو بۆ پتەوکردنی ئاشتی سەرتاسەری”.
بەڵگەنامەیەکی تری گرنگ بۆ مافی گەلان لە سەربەخۆی ھەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی شارستانی و سیاسی، وە بۆ مافەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری یە کە لە ساڵی ١٩٦٦ دەرچووە، کە لە مادەی یەکەمی ھاوبەشدا ھاتووە کە ” ھەموو گەلێک بۆی ھەیە کە مافی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، وە بە گوێرەی ئەم مافە ئازادە لە بڕیاردان لە ناوەندی سیاسی خۆی، وە ئازادە لە دڵنیابوونی گەشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریەکەی”
پاڵپشت بەم بنەمایانەی سەرەوە ئاشکرا دەبێت کە مافی گەلان لە دیاریکردنی چارەنووسیان یەکێک لە بنەما چەسپاوەکانی یاسای نێودەوڵەتیە، کە پێویستە وڵاتان پابەند بن پێ یەوە، ھەر لەسەر ئەوە چەندین گەل و نەتەوە گشتپرسیان ئەنجامداوە بۆ دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان، وە لە ساڵی ١٩٩١ تا ئێستا (٢٦) گشتپرسی تاک لایەنە لە جیھاندا ئەنجام دراوە.
ئەوەی گرفت بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی دروست دەکات ھەر خودی ئەو بەیاننامانەن کە لە سەرەوە باسمان کرد، ئەویش بە جەختکردنەوەیان لەسەر پاراستنی ئاشتی و ئارامی جیھانی، وە ھەر ھۆکارێک ھەڕەشە لەمە بکات بێبەختی یاوەری دەبێت. بۆیە ئەگەر ڕیفراندۆم ببێتە ھۆکارێک بۆ تێکدانی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەیەکی جیھان ئەوا گومان لەوەدا نییە کە جیھان دژایەتی دەکات، بۆیە لێکتێگەیشتنی نێوان پێکھاتەکانی وڵاتێک لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەگەڵ بوونی بنەما یاساییە نێودەولەتیەکان وەکو پاڵپشتێک دەبێتە زامنی سەرکەوتنی ئەنجامدانی.
ئێستا کاتی ئەو پرسیارە ھاتووە کە ئایا یاساکانی نێودەوڵەتی ئاماژەپێدراو چ پلەیەکیان ھەیە لە نێو تەشریعاتی عێراقی؟ وە تا چەند دادگاکان پێویستە پابەند بن پێیەوە؟
لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (١٣) لە دەستوری عێراقی ھاتووە کە “ئەم دەستورە بە بەرزترین و شکۆدارترین یاسا دادەنرێت لە عێراقدا…”، ئەمەش ئەوە دەگەینێت کە لە عێراقدا ھیچ یاسا و بنەمایەکی “نوسراو” بەرزتر و ڕێزلێگیراوتر نییە لە بنەماکانی دەستور . لە سۆنگەی ئەمەوە یاساکانی نێودەوڵەتی دوای پەسندکردنیان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمیەکانی عێراق بە پاڵپشت بە ماددەی (١٢٩) دەستور دەبنە یەکێک لە یاسا کارپێکراوەکانی عێراقی، وە پێویستە سەرجەم دەسەڵاتەکان پابەند بن بە دەقەکانیانەوە بە مەرجێک دژ و ناکۆک نەبن لەگەڵ بنەماکانی دەستور (م١٣/دووەم).
ھەر بۆیە پلەی یاسا نێودەوڵەتیەکان لە نێو یاساکانی عێراقی دەکەونە یەک ئاست و پلەیەک نزمتر دەبن لە بنەماکانی دەستور، بۆیە وا پێویست بوو کە دامودەزگایەکانی ھەرێمی کوردستان بە دوو ئاراستە کاریان لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بکردایە: یەکێکیان لە رووی نێودەوڵەتی یەوە پێویست بوو کاری زیاتر بکرایە بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوەی کە بینیمان زۆربەی ھەرە زۆریان لایەنی کەم ڕازی نەبوون لەسەر کاتی ئەنجامدانی –تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش لێدوانی فەرمیان لەم بارەیەوە پێشکەش کرد- وە تاوەکو ئێستاش جەخت لە ھەڵوەشاندنەوەی دەکەنەوە.
دووەمیان لەسەر ئاستی ناوەخۆی عێراق کاربکرایە لەسەر لێکتێگەشتنی نێوان حکومەتی فێدرال و حکومەتی ھەرێم لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، ئەمە جگە لە فەرزبوونی یەکڕیزی نێوماڵی کوردی لە ھەرێمی کوردستاندا کە نەبوونی بوە ھۆکارێک کە دژی خۆمان وەستایەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *