پرسیارێک لە نووسەرانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی؟

لەلایەن ستاندار Posted on 272 جار بینراوە

عەبدولحەکیم زراری
لە سەروبەندی ھەڵمەتەکانی پڕۆسەی ریفراندۆم بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان، پێنووس بەدەستانێکی زۆر ئەوانەی بە گوتاری حەماسی سەربەخۆیی پف درابوون،و بە حیساب خۆیان بە خەمخۆری ئایندەی گەلی کوردستان دەزانی و لە ھەڵپەی دروست بوونی دەوڵەتی کوردستان بوون، سەری زمان و نووکی قەڵەمیان تەنھا ئەو رستەیە بوو کە بەردەوام لەسەر زاریان بەردەبۆوە و لە ھەناوی پێنووسەکەیان دەھاتەدەر و گوێچکە و زیھنی خوێنەرانیان پێ دەئاخنی تا راددەی کاس کردنیان، ئەویش بریتی بوو لەوەی کە بەلێ ئێمە دەزانین گەندەڵی و پیسخۆری و ناشەفافییەت و دزی و گزی و نا دادپەروەری و سەروەر نەبوونی یاسا و ئیفلیجی لە ئیدارەدانی ھەرێم و بە دامەزراوەیی نەکردنی سێکتەرەکانی حوکمڕانی و چەندان کێماسی تر بەرۆکی ئەم حکومەتەی گرتووە و بوونیان ھەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی پڕۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆییمان لە پێشە و لە ھەوڵی بە ئاکام گەیاندنین کە ئاواتی لە مێژینەی سەدان ساڵەی میللەتی کوردە، و بەو بۆنەیەشەوە رووبارێک خوێن و فرمێسکی بۆ رژاوە، بۆیە پێویستە لە پێناو ئەو پڕۆە پیرۆز و مەزنە و ئەو خەونە گەورەیەی تاکی کورد جارێ با ئەو ئاریشە و قەیرانانە سڕ بکەین و زیاتر فۆکەسمان بخەینەسەر ھێنانەدی خەونی دەوڵەتی کوردستان، چونکە ئەگەر دەوڵەتەکەمان دروست کرد ئەوا ئۆتۆماتیکی ھەموو ئەو کەموکوڕییەی کە حکومەتی ھەرێم ھەیەتی و شکستی ھێناوە لە پێشکەشکردنی نموونەیەکی جوانی دامەزراوەیی و دیموکراسی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزرای و بەرقەرار کردنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، ئەوا گومانی تێدانییە لە چوارچێوەیەی ئەو دەوڵەتە تازەیەی کە دروستی دەکەین ھەموو ئەو دەردانەی کە ئاماژەمان پێدان، دەبنە بڵقی سەرئاو و بە (کن فیکن)ێک ھەمووی چارەسەر دەبێ و دونیا دەبێتە شامی شەریف !!!. ئەمەش ھەمووی بە پاساو و ھەنجەتی ئەوەبوو کە ئەم خەڵکە بە ھۆی ئەو قەیرانە چارەسەر نەکراوانەی ھەن، لە دەنگدان بە بەلێ ساردنەبنەوە و پاشەکشەی لێ نەکەن، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەگەرم و گوڕی و حەماسەتەوە بەرەو سندوقی دەنگدان ھەنگاو بنێن و ئەو رۆژە بکەنە کەرنەڤاڵی سەربەخۆیی. بەڵام بەداخەوە ئەوەی کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر روویدا جا لە ژێر ھەر تایتل و بە ھەر ھۆکار و پاساوێک بێت من قسەم لەسەر ئەوە نییە و ئەو مافەش بەخۆم نادەم کە تۆمەت و خیانەت بۆ ھیچ کەس و لایەنێک ببەخشمەوە، بەڵکو ئەمە باسێکی ترە و پێویستی بە لێکۆلینەوە و بەدواداچوونی جیددی و زیاتر ھەیە، تەنھا ئەوە دەلێم کە ئەو خەون و خۆزگە و خەیاڵ و ختووکەی ھەمان بوو بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی بە داخەوە ھەمووی بەچەند کاتژمێرێک رمێنرا و بوون بە بڵقی سەرئاو، جا دوا بە دوای ئەو رووداوە کارەستبارەی کە بەسەر گەلەکەماندا ھات کە نیوەی زیاتری خاک و خەڵکی ھەرێمەکان لەدەستدا، ئیتر لەمەودوا ھیچ شتێک نامینێتەوە کە ناوی دەوڵەتی کوردستانی بێت تەنھا دەبێ لە بیری ئەوە بین ئەو نیوەی لە ھەرێمەکەمان ماوە لە دەستی نەدەین و بیپارێزین، تا ئەو رۆژەی دێت کە ناشزانین دوورە یان نزیک کە زەمینە و زەمانێک دێتە پێش بتوانین جارێکی تر بە شێواز و فۆرمێکی تر ھەنگاو بۆ سەربەخۆیی بنێین و تێی ھەڵچینەوە. بەھەر حاڵ ئەوەی مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە کە حکومەتی ھەرێم لەم دواییانە بە فەرمی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سڕ کرد و دادگای باڵای فیدراڵی عێراقیش بڕیاری نادەستووری بوونی ریفراندۆمەکەیدا و کار بە ئەنجامەکانی ناکات، بەمەش چەند فەرسەخێکی تر لە دەوڵەتی کوردستانی دوورکەوتینەتەوە، لێرەدا رووی پرسیارم لەو نوخبە رۆشنبیر و پێنووس بەدەستانەنەیە کە ھەروەک وتمان ماوەیەک دەستەواژەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان لەسەرووی ھەموو شتێکەوەیە دەرخواردی خوێنەرانیان دەدا،و بە پێویستیان دەزانی ھەموو بابەتەکانی تر لە پێناو سەربەخۆیی سڕ بکرێن و دوابخرێن تا ئەو رۆژەی دەوڵەتەکە دادەمەزرێت، ئەرێ نووسەرانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کاتی ئەو نەھاتووە ئەو سڕکردنەی ئیفلیجی دەسەڵات و وێرانی لە سیستمی حوکمڕانی کە ئێوە داواتان دەکرد، شڵبکرێتەوە و بێتەوە سەر سفرە و خوانی باس و خواس و توێژینەوەکردنی؟ چونکە وەکو باسمان کرد حکومەت بەفەرمی ئەنجامی ریفراندۆمی سڕ کردووە و زەربەیەکی گورچکبڕی سرەواندووەتە دەوڵەتە سەربەخۆییەکە، ئایا دەبێ سڕکردنی ئەو ئاریشە و قەیرانانەی کە ھەرێمی کوردستان پێیانەوە دەتلێتەوە و خەڵکی کوردستان بەدەستییەوە دەنالێنن ھەر بە سڕکراوەیی بمێننەوە و وەکو ئەوەی کە کە لەسەردەمی ریفراندۆمدا بە زەروور و پێویستی قۆناغەکەتان دەزانی؟ کە ئەتان وت جارێ بەلایان داناچین و خۆمان لە قەرەی نادەین،و ئەوانە بۆ پۆست دەوڵەت جێ دەھێلین، ئەرێ ئیتر کاتی ئەوە نەھاتووە ئەو پۆلە لە نووسەران تۆزێک جورئەت بدەنە خۆیان کە مادام دەوڵەتەکە جارێ سڕ کراوە و خۆشیان ھێندە بە خەمی نیشتیمان و کوردایەتی و کوردستانیش دەزانن، چاوەرێی چی دەکەن و بۆ ناپڕژێنە سەر باس کردنی جەوھەری کێشەکان و ئەو ھۆکارانەی کە بوونەتە مایەی ھێنانەدی ئەو دۆخە دژوارەی کە بەسەر خەڵکیدا ھاتووە لە ژێر سایە و سێبەری ئەو سیستمە سەقەت و شکست خواردووەی کە دەسەڵاتدارانی ھەرێم لە ماوەی ٢٦ ساڵی حوکمڕانی مومارەسەیان کردووە، تا جارێکی تر میللەتی کورد تووشی ئەو نەگبەتی و نەھامەتی و چەرمەسەرییە نەبێتەوە بەڵکو تا ئەبەد مرۆڤی کورد شکۆ و گەورەیی وەکو ھاووڵاتییەکی رێزلێگیراو بۆ بگەڕێتەوە، ئەمەش دیارە تەنھا و تەنھا لە چوارچێوەی سیستمێکی حوکمڕانی تەندروستدا بەرجەستە دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.