یەکگرتووی ئیسلامی لە سەرە مەرگی سیاسەتکردنیدا !!

لەلایەن ستاندار Posted on 298 جار بینراوە

د.حلمی رەسوڵ رەزا

بێگومان یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە سەرەتای راگەیاندییەوە لە ساڵی ١٩٩٤ وەکو حزبێکی ئیسلامی مەنھەجی پەروەردەیی جێ پەنجەی لە پەروەردە کردنی کۆمەڵێک گەنجی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو ھەبوە، و ئینکاری ئەوەش ناکرێ ھیچ کات دەستی لە تێکدان یاخود بەھەدەر دانی سامان و پاشان رشتنی خوێنی مناڵی کورددا نەبوە، و بە حوکمی ئەو پارەیەشی کە لە وڵاتانی کەنداو وەری دەگرت دەستی لە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکاندا ھەبوە، تا ئێرە بڕوا ناکەم کەسێک ھەبێ بۆچونێکی دژی ھەبێت.. بەڵام ھەر پاش بەشداری کردنی لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان، ھەرچەندە باجی بەھێزی تەوژمەکەشی دا لە بادینان و خوێنی بەخشی لەو پێناوەدا، کەچی ھەر زوو کەوتە ژێر کاریگەری کوتلە گەورەکانی ئیقلیمی و لە سیاسەتیدا بەلای پارتی دیموکراتی کوردستاندا شکایەوە بەھۆی ئەو دۆستایەتییە بەرژەوەندخوازییە یەکلایەنەی کە پارتی لەگەل تورکیای ئەردۆگانیدا ھەیبوو، ئەمەش بوە مایەی بەھەدەر دانی ئەو ھەموو ئەو ماندووبوونەی کە گەنجەکانی یەکگرتووی ئیسلامی لە پێناویدا پروکان و سەرجەم ھەوڵەکانیان لە وەرگرتنی چەند پلەو پۆستێک و خانەنیشین کردنی چەند وەزیرێکیاندا خۆی بینیەوە.. دیارە ئەمەیان کاری من نیەو گەنجانی یەکگرتوو ئەتوانن خۆیان دۆخی خۆیان ھەڵسەنگێنن..
وەک بینیمان لە سەرەتای ئاڵۆز بوونی کێشەکانی کەرکوکەوە بەربژێرەکەیان کە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بوو رۆڵێکی ئێجگار خراپی بینی لە دۆخەکەدا و بە بیانوی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە سەر تەلاری پارێزگا کێشەکەیان بەلاڕیدا بردو یەکگرتووش پشتگیری دەکرد.. ھەروەھا لە پرۆسەی ریفراندۆمیشدا، یەکگرتوو یەکێک بو لەو حزبانەی لەگەڵ ئەوەی جەماوەرەکەی بەو پرۆسەیە رازی نەبوون، کەچی بوونە یەکێک لەو بەشداربووانەی کە ئەو شکستە گەورەیەیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا ھێنا، و خەڵکی کەرکوک و خورماتویان لەماڵەکانی خۆیان دەربەدەر کرد، ئەوەی مایەی دڵخۆشی بوو، ھەر زوو ھەندێک لە سەرکردەکانیان داوای لێبوردنیان لەخەڵک کردو دانیان بە شکستی خۆیاندا ھێنا و لای زۆربەی چاودێرانی سیاسی بە تەوبەی نەسوح ئەژمار دەکرا، بەڵام وەک شارەزایانی فیقھی ئیسلامی دەزانن، تەوبەی نەسوح بە مەرجێ قبوڵە مرۆڤ جارێکی تر نەگەڕێتەوە سەر گوناھەکانی..
ئەو جۆرە لە داوای لێبوردن کردن ئەوەی لێ دەخوێنرایەوە، یەکگرتوو، تەوبەی نەسوحی سەرکردایەتیەکەی بێت، و پاڵ بداتە بەرەی ناڕازی خەڵک کە سێ ساڵە مووچەو قوتی بڕاوە، و ئەو لاسەنگیەی کە بەھۆی ئەوەوە دروست بوە، و باری بەرەی گەندەڵی راستکردۆتەوە، ھاوسەنگ بکات و لەگەڵ معارەزەدا ھاوپەیمانییەک بکات و نیشتمان لەم دۆخە رزگار بکات، کەچی جوڵەی ئەمیندارەکەی دیسانەوە بەرەو رزگارکردنی بەرەی ماڵوێرانی ھەنگاو دەنێت، بەوەی لە رێگەی پایتەختەکانی دژە کوردەوە دەیەوێت سەرکردایەتیەک لە کەوتن رزگار بکات کە لە دواساتەکانی ژیانی سیاسیاندان، و ھیچ جۆرە بڕشتێکی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتییان نەماوەو شکستخواردوون لە بەڕێوەبردنی ئەم نیشتمانەدا..
جوڵەکانی ئەمیندار ئەکرا بە ئاراستەی بەغدادا بوایە ھەرنەبێ بۆ دابین کردنی چەند لیترە نەوتێک و چەند دینارێک بۆ مووچە خۆرانی گیرفان بەتاڵی سوپاسگوزار.. نەک بۆ رزگارکردنی خەڵکانێکی دۆڕاوو تاڵانچی و کاولکار، بەم ھەنگاوەی ئەمیندار، تەوبەی نەسوحی یەکگرتوو لای خەڵک و خاک و نیشتمان جارێکی تر قبوڵ نییە، و ھەر ماڵوێرانیەکی تر پشکی شێر ھی ئەوە، و ئاماژەکانیش ھێما بۆ ئەوە دەکەن، ئەمە سەرەتای مەرگی سیاسی ئەو حزبەیە، و کەڵکی تەوبە کردنی پێوە نەماوە!!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.