شیعری بۆ شارەکەم

لەلایەن ستاندار Posted on 618 جار بینراوە

بۆ شارەکەم

ئەی شارەکەم
کوا سەربەستی لە کام قەفەز دیل کراوە؟
بەس بە تەنھــا لەسـەر زارتا نەتـۆراوە
کواتۆ جێگەی خەوی قوڵ و نیو ئارامی؟
ئەتۆ بۆمن شەرمەزاری ! کوا چرامی؟
پارە مەدە بە مەرەکەب ، ھەر پاڵپشـتە
ئەو سەرکردە و ڕابەرمانە ، گەلێ وشتە!
بۆئازادی ، ھەم ھەڵبەستم،ھەم ھەلھەلەم!
خۆڵەمێش بە ڕووم دابکەن، ئەمن کڵپەم!

ئەی شارەکەم
خۆتۆ ببیت بە جەلاد وو
خەیاڵێکم شەھید بکەی..!
گوڵی ھیوام لێ ئەتک کەی!
پەیڤی حەزم تیر باران کەی…
بێی ھۆنراوەم لێ بدڕێنی
شیعری تازەم ھەڵوەرێنی.. !
بۆت ببمە چی؟
دەی خۆت بیڵێ..!
ـ ببمە کەنار لێی بخەوی ؟!

ئەی شارەکەم
ھەرگیز ھەرگیز
بۆت نابمە باڵ ..!
ھەرگیز نەکەی
بکەی خەیاڵ …!

ئەی شارەکەم
پێیان بڵێ ؛
بە زوڵاڵی
بۆیان بڵێ ؛

نابمە مێزتان،بۆ دیالۆگتان،لە بۆ خۆشی
نابمە پەردەش ،تالە دواوە، من بفرۆشی
نابمە باغ و بای کوێستانتان،نابمە تەلار
نابمە پێڵ و سەفای دەریاو دەمی کەنار
ئێمە دیل بین، بناڵێنین، بەدەست بڕین
نابمە ئاسمان بۆ فڕین و خەندە چڕین..!

نەھرۆ جەرجیس
نیسانی ٢٠١٧ ـ ھەولێر .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.