وەفدەکە ی هەرێم لە فەڕەنسا چیان گوت ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 296 جار بینراوە

پێشڕەو بابەشێخ

لەم دۆخ و بارە ناهەموارەی باشوری کوردستانی تێکەوتوەو لە بەسەربردنی ژیانێکی قورس و پڕ نەهامەتی زۆرینەی خەڵکی کوردستان و لەو شکستە گەورانەی دوای ریفراندۆم بەسەر هەرێمی کوردستان هات . لە دوای ڕەتکردنەوەی داواکاریە یەک لەدوا یەکەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆست و نەیارەکانیشمان لە جیهانی دەرەوە بۆ ئەنجامنەدان و دواخستنی ریفراندۆم و دواتریش دابڕانمان لە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی . باسکردن لە دۆخی ناوخۆی هەرێم کە هیچ بەرچاو ڕوونی و ئومێدێک نیە بۆ چاککردن و باشبوون ، بەتایبەت لەسەر دەستی ئەم دەسەڵات بەدەستانەی ئێستای کە خاوەنی حوکمڕانی ڕابردوشن ، دەمانباتەوە بۆ ئەم باوەڕەی کە چۆن لە ڕابردوو ئومێدێک نەبوە ، بەهەمان شێوە بۆ داهاتوو تروسکاییەک لەم شەوە زەنگی بێ ئومێدیە دا بونی نیە بۆ بنیادنانی حوکمڕانی باش و دروست و دابینکردنی ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان . لە ڕوی دۆخی نێودەوڵەتی و دەرەکی بە هەمان ئەندازەی ناوخۆ پشتیوانی و پەیوەندیەکان بۆ ئەم حکومەتەی هەرێم لاوازە و هیچ جۆرە ئاماژەیەکی ڕون بۆ پشتیوانییەکی سیاسی نابینرێت ، وەک ئەوەی لە سەردەمی شەڕی داعش و پێش ریفراندۆم دەمانبینی . ئیتر سەردەمی ناوهێنان و سەردانیکردنی وەفدی وڵاتان و هاوکاری و پشتیوانیە کانیان لە ئێستادا بۆ هەرێم کۆتایی پێهات .

بە هۆکاری شکست هێنان لە سیاسەتی دەرەوە و نەبونی دبلۆماسیەتێکی سەرکەوتوو لە ڕابردوودا و کارنەکردن لە سەر ڕێچکەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی و کارنەکردن بە ئاڕاستەی دروستکردن و دامەزراندنی لۆبی کوردی ، بۆ هەر ئەگەرێک لە داهاتوو بۆپشتیوانی و پاڵپشتی سیاسی و ئابوری. ئەوەی من مەبەستمەو بەئامانجی گەیاندنیم ، ئەو دۆخە داخراوەی هەرێمە کە نە حکومەتی عێراقی فیدرالی و نە دەر و دراوسێ ئامادەنین ئاوڕێک لە ڕابردووی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەرێم بدەنەوە و وەک وەفدی ڕەسمی و حکومی پێشوازی لە وەفدی حکومەتی هەرێم بکەن بۆ گفتوگۆو دانوستان . زیندوترین نموونەش ناردنی وەفدی کەسی بۆ لای حکومەت و مەرجەعە ئایینیەکانی عێراق بۆ شکانی بەستەڵەکەکان و دواجاریش سەرکەوتو نەبونیان . ناردنی کەسایەتی ئاینی و سیاسی لە شێوەی داواکاری (سولحی عەشایەری) بۆ تورکیاو لای پیاوە ئاینیەکانی تورکیا و دواجاریش شکستهێنان و سەرکەوتو نەبونیان لە سەردان و دیداری وەفدی دبلۆماسیەتی عەشایەری . فەڕەنسا وێستگەیەکی تری وەفدی حکومی و حزبی دەسەڵاتدارانی هەرێم بوو. سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری بۆ فەڕەنسا ، کۆمەڵێک پرسیاری لادروستکردم بە ئەندازەی خراپی گوزەران و شلۆقی ژیانی ئابوری هاوڵاتیانی هەرێم و پشتگوێ خستنی هەرێم لە لایەن دەرەوە قورس و تێڕامانی دەوێت . دەوڵەتی فەڕەنسی یەکێکە لە وڵاتە زلهێز و خاوەن نفوزە کانی ئەوروپاو جیهانیش .

بە هەمان ئەندازەی گەورەیی و زلهێزیەکەی وڵاتێکی دیموکراتیە و خۆی بە پارێزەرو پاڵپشتی دیموکراسی دەزانێت لە هەر کون و کەلە بەرێکی ئەم جیهانە کە پێشێلکاری دیموکراتی و ماف و ئازادیەکان بونیان هەبێت . پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ماکڕۆن و حکومەتی فەڕەنسی بێ ئاگان لە شێوازی حوکمڕانی و دەسەڵاتدارێتی دەسەڵاتدارانی هەرێم ؟ یاخود پرسیاری ئەمەیان لێکردون؟ ئایا ماکڕۆن و حکومەتەکەی بێ ئاگان لە برسیکردن و گەندەڵی کردن و دزینی سەروەت و سامانی خەڵک و بە کارهێنان و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی بۆ خزمەتی چەند کەسێک و چەند بنەماڵەیەک ؟ یابۆ ئەوەبوو پرسیاری لەم شێوە بکرێت ؟ ئایا ماکڕۆن و حکومەتەکەی هەوڵی دەستپێکردن و چونە ناو سیاسەتی ململانێیەکی نێودەوڵەتی دەدەن و لە هەوڵی بەدەستهێنانی جۆرێک لە جەمسەرگیرین لەم کێشمەکێشە ی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی هەرێم و ململانێی هەولێر و بەغداد لەم کاتەدا بقۆزێتەوە و بیکات بە تونێلێک بۆ هاتنە ناوەوەی فەڕەنسا و دانانی جێ پەنجەی خۆی لە ناوچەکەدا وەک هێزێکی کاریگەرتر ؟ ئایا ماکڕۆن و سیاسەتی فەڕەنسی بێ ئاگان لە هەڕەشەکانی حکومەتی عێراقی بە دەستور و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە کارکردن بە دەستوری عێراقی و پشتگوێ خستنی هەرێم لە دوای ریفراندۆم ؟ ئایا بێ ئاگان لەوەی هەرزوو دەسەڵات بەدەستانی هەرێم و ریفراندۆم چیەکان ریفراندۆم یان سڕ کرد و پێشوەختە ڕازیبوون ، بە هەر بڕیارێک دادگای فیدڕاڵی دەریبکات ؟ ئایا فەڕەنسا بێ ئاگایە لە بڕیارەکانی هەرێم و دابەشبونی ئیداری ؟ یا هەوڵی دا لەوێوە و بە بەر چاوی خۆیانەوە وەفدی سەرۆک و جێگر ببینێ ؟ ئایا حکومەتی فەڕەنسی بێ ئاگان لە پێشێل کاریەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێم و تیرۆرکردن و تۆقاندنی ڕۆژنامەنوسان و دەنگە ئازادەکانی دژ بە شێوازی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێم ؟ یا تەنها بۆ ئەوەیان بوو لە دەمی خۆیانەوە ڕەوشی ئازادی و ڕفاندن و لێدان و ئازاردان و سوتاندنی دەنگی ئازاد ببیستێ ؟ ئایا فەڕەنسا بێ ئاگایە لە ژیانی کولە مەرگی هاوڵاتیان و موچە خۆرانی هەرێم ، یا شێوازی فرۆشتن و بە بازاڕکردنی نەوتی هەرێم و شێوازی هێنانەوە و بەشینەوەی داهات و ناشەفافی و نادیاری داهاتەکەی ؟ یا هەوڵی دا لە دەمی خۆیانەوە باسی نەهامەتیەکانی ئابوری سەربەخۆو نەبون و بڕینی موچەو سیستەمی پاشەکەوتی موچە و شێوازەکانی بزانێت ؟ تۆ بڵێی فەڕەنسا ئەوەندە بێ ئاگا بێت ؟ فەڕەنسا یەک پێش شۆڕشی فەڕەنسی لە ١٧٨٩ لە ڕێگای باڵیۆزخانەی فەڕەنسا ئاگاداری دۆخی هەموو ناوچەکە بوبێت .

فەڕەنسا یەک لە ساڵی ١٧٦٣ لە ڕێگای باڵیۆزی فەڕەنسا لە بەغداد ئاگاداری روداوەکانی ئێران بوبێت و باس لە حکومەتەکەی( کەریم خانی زەندی کوردی) بکات و بەشان و باڵی کەسایەتی ئەم شۆڕشگێڕەی ئەوکاتەی کورد هەڵبدات ، ئیتر بۆ دەبێت لە ٢٠١٧ دا ئەوەندە بێ ئاگا بێت لە دۆخی ناوچەکەو بەتایبەت کوردستان . یا بۆ دەبێت ئەم دۆستایەتیەی فەڕەنسا بەو شێوازە بێت کە لەگەڵ بیرو باوەڕەکانی دەوڵەتێکی دیموکراتخواز و داکۆکی کاری مافەکانی مرۆڤ یەکنەگرێتەوە لەم کات و ساتەدا .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.