خوێندنەوەی تیرۆر لەژێر رۆشنایی (مقاصد)ی ئیسلامدا

لەلایەن ستاندار Posted on 259 جار بینراوە

عمر علی محمد

سەرھەڵدانی فیکری توندڕەوی یەکێکە لەو مەترسیە گەورانەی کە وێنەی ئیسلام و مسوڵمان بەتەواوی شێواندووە ،بەتایبەتی لەلای رۆژئاواییەکان و ئەو کەسانەی شارەزاییەکی کەمیان لە ئیسلام ھەیە و بێ ئاگان لە فەلسەفەی سروش کە ھەمووی پێچەوانەی ئەم ھەڵوێست و روداوانەیە کە گروپە تیرۆریستیەکان دروستی دەکەن، ئێمە ناتوانین بڵێین کە ئەم گروپانە ھیچ پەیوەندیەکیان بە ئیسلام و کولتوری ئیسلامەوە نیە، چونکە لە مێژووی ئیسلامیدا گروپی ھاوشێوەی ئەمانە ھەبوون و کاری زۆر دڕندانەیان ئەنجامداوەو خوێنی مسوڵمانانیان بە ناھەق رشتووە و ئەمەشیان وەک بەشێک لە پیرۆزیەکانی ئیسلام و شەریعەت لەقەڵەمداوە، لە ئێستاشدا کە ئەم گروپانە جارێکی تر سەریان ھەڵداوەتەوە، بەھەمان شێوە پشت بە دەقەکانی قورئان و فەرموودە دەبەستن و ئەوەش کە دەیکەن بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی شەریعەتی ناوزەد دەکەن، ئەوان دەڵێن دەقی راستەوخۆی فەرموودە و قورئان چۆنە دەبێت بەھەمان شێوە جێبەجێ بکرێت بەبێ بەکارھێنانی عەقڵ و خوێندنەوەی بەرژەوەندی خەڵک، ئەم تاک رەھەندی و چەقبەستووییە لە دیدو بۆچوونی پێشەواو رێبەرەکانیان وایکردووە کە لە ئێستای دنیای ئیسلامدا رەوتێک دروست ببێت کە لە ژمارەدا کەم نین و خاوەنی توانایەکی دارایی و لۆجیستی زۆرو تەنانەت لە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوایشدا بونیان ھەیە و خاوەنی سونبول و سەنتەر و مزگەوت و شوێنی تایبەت بەخۆیانن و بەردەوامیش گەنجان لەسەر ئەو دیدە توندڕەویە پەروەردە دەکەن. ئەمەش ناو دەنێن جیھاد و تێکۆشان لە رێی خوادا، کەواتە ئەمانە پێش ھەموو شتێک لەڕووی فیکریەوە لایانداوە، چونکە ناتوانن خوێندنەوەیەکی واقیعی ئامانجدار بۆ دەقەکان و شەریعەت بکەن، واتە ناتوانن پێکەوە گونجان لە نێوان شەرع و واقیعدا دروست بکەن و بۆ رزگاربوون لەم دۆخە ناھەموارە پێویستە مسوڵمانان جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ تێگەیشتن لە فیکری ئامانجدار (مقاصدی). چونکە لەم رێگەیەوە تێدەگەین کە چۆن دەبێت شەریعەت بپارێزرێت و ھەوڵی جێبەجێکردنی بدرێت، ئەمەش بەوە دەبێت کە ئەو دەقەی کە دەمانەوێت جێبەجێی بکەین سەرەتا دەبێت ئامانجەکەی دەستنیشان بکرێت، پاشان ئایا تاچەند لەگەڵ واقیعدا دەگونجێت و چەند بەرژەوەندی خەڵک دەھێنێتەدی و دەبێتە جێگەی رەزامەندیان و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک دەستەبەر دەکات. چونکە ئەگەر سەیری حەڵاڵ و حەرام بکەین لە شەریعەتدا ئەو حەرام و حەڵاڵە لەبەر زاتی شتەکە نیە، بەڵکو لەبەر ئەو بەرژەوەندیانەیە کە بۆ مرۆڤی دەستەبەرکردووە، لەمەشەوە دەگەینە ئەو راستیەی کە شەریعەت بۆ باشکردن و چاککردنی ژیانی مرۆڤ ھاتووە نەک پێچەوانەکەی. وەک خوای گەورە دەفەرموێت [وما ارسلناک الا رحمە للعالمین]. عززی کوڕی عبدالسلام دەڵێت: شەریعەت ھەمووی بەرژەوەندیە، یان خراپەیەک دوور دەخاتەوە، یان چاکەیەکت تووش دەکات.

ئیمامی شاتبیش دەڵێت: ئاینە ئاسمانیەکان لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندیەکانی مرۆڤدا ھاتوون. کەواتە لێرەوە دەبینین کە دەقەکان دابڕاو نین لەکات و شوێن، بەڵکو لەھەر سەردەمێکدا دەبێت بکەوێتە ژێر ھەڵسەنگاندنی عەقڵ و واقیع، کە ئەمەش لە سەردەمی ئێستادا خۆی دەبینێتەوە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. ئەوکاتەش دەبێت یاسا ناسان و خەڵکانی پسپۆڕ و شارەزا رۆڵی خۆیان ھەبێت و بە ھەماھەنگی لەگەڵ رەوتی پێشکەوتنی زانستەکان لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا شەریعەت بخرێتە نێو قاڵبێکی دەستوریەوە، ئیمامی (ئیبن قەیم)یش دەڵێت: بنەمای شەریعەت لەسەر دانایی بنیاتنراوە، ئەویش لە دابینکردنی بەرژەوەندیەکانی دنیا و دواڕۆژدا خۆی دەبینێتەوە، چونکە ھەمووی دادپەروەردی و بەرژەوەندی و داناییە، ھەر بابەتێکیش لە دادپەروەریەوە بچێتە بازنەی ستەمکاری و لە سۆز و بەزەییەوە بڕواتە دژەکەی و لە بەرژەوەندیەوە بچێتە بواری خراپە و گەندەڵی و لە داناییەوە بچێتە بێ ھودەیی، ئەمانە ھیچیان شەریعەت نین و شەریعەت ھیچ پەیوەندیەکی پێوەیان نیە.

لەبەرئەوە لەم روانگەوە دەتوانین بڵێین ئەو کارانەی کە گروپە توندڕەوەکان ئەنجامیان دەدەن لە کاری تیرۆریستی و کوشتن و تەقاندنەوەو ھەڕەشە لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەم کارانە ھەمووی پێچەوانەی رۆڵی مەقاصیدی ئیسلامین و دەچنە دەرەوەی بازنەی شەریعەت و لێرەوە دەتوانی گومان لەسەر ئەم گروپانە دروست بکەیت، ئایا بۆچی ئەم کارانە دەکەن ؟ کێ دەیانجوڵێنێ؟ لەلایەن کێوە پشتیوانی دەکرێن؟ بە پێچەوانەی ئەمانەوە ئیسلام گرنگیەکی زۆری داوە بە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵگە، چونکە ئارامی بنەمایەکی گرنگە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی باش بۆ ژیانی چاک و گەشەکردوو.

لەلایەکی تریشەوە ئیسلام زۆر گرنگی داوە بەوەی کە رێگە لەلادانی فیکری بگیرێت و بۆ ئەم مەبەستەش یەکێک لە ئامانجە گەورەکانی ئیسلام پاراستنی عەقڵە، چونکە ئەگەر عەقڵ رو لە لادان و توندڕەوی بکات ئەوا ھەموو ئامانجەکانی تر دەخاتە بەردەم مەترسی و ژیانی تەواوی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی دەوڵەت روو لە ئاڵۆزی و پشێوی دەکات و ئەو دۆخە دروست دەبێت کە ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا بەچاوی خۆمان دەیبینین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.