هەورامی یا بارزانی باچیتر زوڵم لەئاشتی هەورامی نەکەین

لەلایەن ستاندار Posted on 360 جار بینراوە

دلێرحسێن پیرۆمەری

سیاسەتی ئابووری سەربەخۆیی و فرۆشتنی نەوت، ئەجێنداو كرداری ئاشتی هەورامی نەبووە، هەورامی تەنھا مقاشێكەو ژمارەكانی حاسێبەی بارزانی دەخوێنێتەوە. قوربانی دەستی بارزانیشە. دەکرێ ڕەخنەی ئەوەمان لەهەورامی هەبێت كەچۆن قبووڵی بووە وا بەئاسانی بەکار بهێندرێ و وێنا و ناوی ئاوا ناشیرین بکرێ.؟؟؟ کە ئەوانیش کۆمەڵێ هۆکارن ئاستەمە هەمووتاکێک وابەئاسانی درکی پێ بکات، كەبۆچی; -ئاشتی هەورامی (شارەزاو مھندسی نەوت)دەست مۆکرا؟ -ئایا هەورامی یەکەم و دواین قوربانیە؟ ئەوەی دەمانەوێ لەم نوسینە بیخەینەڕوو کارەکتەرە سەرەکیەکەی نەهەمەتیەکانی کوردستانە کەخودی بارزانی برازایەو لەجیاتی ئاوەدانی باشترە پێی بگوترێت: ئەندازیاری کاولکاری و نەهامەتیەکانی ووڵات.

بەدەلیلی ئەوەی بارزانی برازا ١٩ ساڵە سەرۆکی حكومەتەو هەرچی گرێبەستی ئابووری هەیە بەواژووی ئەو بووە. نێچیر بارزانی هەوڵی داوە بە تێوەگڵاندنی زۆرترین کەسایەتی کە لەکاتی خۆی بەدیدی سەرکردایەتی کورد ئەوانە فریادڕەس و دەڵەوتمەدارن، دەتوانن حوکمڕانیەکی باش بکەن، لەهەندەران بەتەکلیف و خاتر خاترێنە هێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەسەر دەستی چەند کەسایەتیەکی نێو یەکێتی، لەپێناو باشکردنی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان و بەتەكنۆكڕاتكردنی ئیدارە، بەڵام هەزوو تۆڕە سیحراویەکەی نێچیربارزانی پەلو باڵیان قفل دەدات و هەمان خەسڵەت و سیفاتی خۆیان دەخزێننە زھن و جەستەی فریادڕەس و پڕۆفیشناڵە هێندراوەکان، دەیان هێنە سەرهەمان عەقڵەیەتی خۆیان کە داشۆراون لە ئینسانیەت و تژی كراون لەگەندەڵی. نمونەی ئەمەشیان زۆرە، کەلەکابینەکانی ڕابردوو گەلێک جوامێر بەسیفەتی وەزیر هاتونەتە نێو حکومەت، ڕەنگە بەبەرنامە وپلانی تۆکمەو ئەجێندای مۆدێرن و عەقڵێكی حەكیمەوە ھاتبن بەڵام دواجار بەگەندەڵ و ناشیرنترین دەمو چاو دەرچوونە. بێ ئەوەی دیراسەی وردی بابەتەکە بکرێت سەرکۆنە دەکرێن. سەرکۆنە کردنیان وەک مرۆڤی موڕاڵ كاڵ بەرامبەر پارە و ئافرەت ئاساییە بەڵام بۆ چارەسەر پێویست بوو ئەلتەرناتیڤی ڕیشەیی بدۆزرێتەوەو لەقۆناغی سەرزەنیشت و گازاندەی ڕووشەرمنی دەربچن، تاچیتر وڵات نەکرێتە قوربانی نیازو نیەت و بێزەوەریە گڵاوەکانی نێچیرڤان بارزانی، پێویست بوو لەنزیكترین دەمدا بارزانی برازا لەئیدارە دوور بخرێتەوەو لەبەردەم دادگا بخرێتە سەرقاچ. بۆئەوەی ئیدارەی ھەرێمی خوێن تێزاو نەگەیشتبا بەم دۆخە پڕ لەدەردەسەریە. نێچیرڤان بارزانی ودەست گرتن بەحوکمڕانیەوە: ئەوەی لەنزیکەوە کاری لەگەڵ نێچیردا کردبێ چاک لەوڕاستیە تێ دەگات كەچۆن هەوڵیداوە زۆرترین کەس هاوشێوەی خۆی لەگەندەڵیدا بگەوزێنێ. بەمجۆرەی كەبەچەند خاڵێك ڕوونمان كردۆتەوە.

١- سەرەتای دەست بەکاربوونی هەر کابینەیەک بەناوی پێدانی هەیبەت وشکۆ بەوزیرو گزیرو مدیرەكان هەوڵیداوە پارەی باشترین ناو ماڵ و جوانترین سەیارەیان بۆ دابین بکات.

٢- هەمیشە دەستی واڵکرددوون بۆماددە، بەبیانووی جوانڕایی کردنی ئیش و کارەکان تادەکەوتنە ناو داوەکەی ئەزبەنی برازا.

٣- بەموجامەلەو قسەی خۆش خۆی وانیشانداوە كەئەو جیاوازە لە کەسانی ناو حیزبەکەی، تەنانەت خۆی بەجیاواز لەناو خودی بنەماڵەکەشی دەرخستووە، گوایا بەمۆدێرنانە بیردەکاتەوە، بەڵام لەئەسڵدا ھەمان دیدو ھەمان بیرکردنەوەی مام و پسمامەكانی ھەیە.

٤- کڕینی ئەندامە كارپێ سپێردراوەكانی نێو حزبەكانیتر، بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست هەڵوێستیان پێوەربگرێت و وەک کارتێک بەرامبەر ڕەئی نێو حیزبەكەی بەکاریان بێنێت، بەنمونە: حەملان و ھیوا.

٥- دروستکردنی زۆرترین پشتیوانی گەندەڵی بۆ خۆیی و بێ ئەرزشکردنی حکومەت و حوكمداری تا خەڵكی كوردستان ئومێدیان بەئەوانیتریش نەبێت كە داوای چاكخوازی دادگەری دەكەن.

٦- ناشیرکردنی زۆرترین دەموچاو، تا واوێنا بکات كە هەرکەسێ بێت گەندەڵە و گەندەڵی ڕۆچۆتە ناخی هەموو تاکێکی کورد، بۆئەوەی ڕووی دزێوی خۆی پێ جوان بكات، تاكو خەڵكی شوكر بەحوكمی ئێستای ئەوبن.

٧- تا بەتاکی کورد بڵێت حیزبەکان هەمووی وەک یەک گەندەڵن و هەر ئێمه نین، بەڵكو ئێمە باشترینین لەنێو گەندەڵكاران.

٨- لەپاڵ ئەو سیاسەتە، زۆرترین فۆکەسی ڕای گشتی خستۆتە سەر وەزیرەکان و چاوەكانی لەسەر خۆی دوور خستۆتەوە. ئەمانەش مانای ئەوە نین كەڕۆڵ و کاسەیەتی لایەنە کانیتر پەپولە ئاسا لێ دەرچن، بەڵكو ڕۆڵی مامی بچوک و ئەوانی پێش خۆی هیچی کەمتر نین لەڕۆڵی ئەندازیاری بیابانكردەو كاولكاری و گەندەخۆری دەرحەق بەكوردستان، تەنانەت ڕۆڵی ھەورامیش خراپە، ھەرچیدینا خۆ دەیتوانی مەلەفی نەوت كەشف بكات و ڕای جەماوەرو مەدەنی و میدیاكارەكان ئاگاداری مەرامی نێچیر بكات.

لەژێر ڕۆشنایی ئەم خاڵانەی سەرەوە داوا دەكەین، چیتر شەڕ بەهەورامی نەفرۆشن بەڵكو وەرن باشەڕی ئەوانی تر بکەین كە لەپشت ڕووخساری ھەورامیەكانەوە چەپەڵترین و چەوتترین واژۆ دەنوسن. شەڕێك بكەین كە بۆئەبەد دەستی گەندەڵ و بیری چەوت و كرداری بێزەوەر لەئیدارەی ئەم ھەرێمە نەفی بكەین، چونكە بەھەبوونی تارمایی و تەنانەت سێبەریشیان گەل ناحەسێتەوەو ئێمەش ناگەین بەخواستی دادپەروەری و دیموكراسی و یاسا سەروەری. تا ئەوانە لەحوكم دوور نەخرێنەوە دادگایەك بونیادنانرێت كە ھەموان; بەسەرۆك و وەزیرو گزیرو حزب و خێڵ و خانەوادەو ماڵبات و بنەماڵە لەبەردەمیدا یەكسان بن. وە تا ئەوان ھەبن هەزران هەورامی تری سێبەر دروست دەکرێن و گەلیش ھەر لەبێدادیدا دەناڵێنێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.