محمد ڕەئوف محمد
لەدوای شەڕی ناوخۆوە خەلكی كوردستان بەدابەشبوویی ڕۆژوو مانگ و ساڵیان ژمارد بەتێپەڕاندنی هەموو كارەسات و مەرگەساتەكانیەوە وخەونی ئازادی و ئارامی وكەرامەتیان سنوورە نەخوازراوەكانی تێپەڕاند تاگەشتە ئەوەی سەدام حسین پێی گوتبووین ( ئیدارەی خەڵك و ووڵات خۆ فشە نیە من بنێشتی كوردیم بیستووە بەڵام حكومەتی كوردیم نەبیستووە ) ئەوزەمانەی ئەو قسەیەمان بیست زۆرمان پێ ناخۆش بوو بۆچی وامانلێهات و وامانكرد بەخۆمان سەدام تانەی وامان لێبدات ، بەڵام ئەفسوس نەمانزانی دوای بیست ساڵیش زۆر خراپتر ئەوقسەیە دووبارە دەبێتەوەو ئەمجارەیان سەدام ئەو تانەوتەشەرەی نەدا بەڵكو هەموو عەرەب و تورك و فارس و جیهان پێیان گوتین … جەماوەرو خەڵكی كورستان بەكادیرو ئەندامی حیزبەكانیشەوە زۆر زیاد لەپێویست سەبرو ئارامی و خۆڕاگریان كردووە بەرامبەر دەسەڵات و حیزبەكان بەئومێدی ئەوەی ئەمجارەنا جارێكی دیكە بەڵكو دۆخەكە وئیدارەو سیاسەتەكە چاك ببێ و چاكیكەن ، بەڵام زۆرهەڵەبووین هەموومان چونكە هەرگیز كێشەو قەیران بە چاوەڕوانی نەك چاك نابێت بەڵكو ئاڵۆزترو چەقبەستووتر دەبێت ..
ئەمڕۆ دوای چواساڵ قەیرانی دارایی قووڵ و كارەساتی پاش ڕیفراندۆم وجارێكی دیكە بەپاڵەوانكردنی عێراق بەدەستی كوردو بێزاری هەموو دونیا لەم فۆڕمە سیاسەتو حوكمڕانی و حیزبایەتیەی لەكوردستان هەیە كاتێكیزۆرگونجاوە بیگۆڕین و چاكیكەینەوە ، ئەم دەسەڵات و سیستەمە بگۆڕین ، ئەم شێوازی حوكمڕانیە سەقەتە بگۆڕین ،ئەم شێوازی دەسەڵات و حوكمڕانیە لەقوتوی هیچ عەتارێكی سیاسەت و بەڕێوەبردندا نیە ،ئەم فۆڕمە لەسیاسەت و دەسەڵات و حیزبایەتی لەبەرئەوەی لە بناغەوە بە نادروست و ناتەندروست هاتووە هەتا بەردەوام بێت و دیوارەكانی بەرزتر بێتەوە خەتەری زیاتر دروست دەكات لەسەر ئەمڕۆو ئایندەی خەڵك بۆیە پێش ئەوەی بڕوخێ پێویستە بەهەموومانەوە بیگۆڕین و چاكیكەینەوە ..
جاران تەنها یەكگرتوو دەیناڵاند بەدەست نادادیەوە دواتر كە ناعەدالەتی پەرەی سەند گۆڕان دروست بوو ، ئەمڕۆ كادیرو ئەندام و جەماوەری یەكێتی و پارتییش بێزارن و ترسی ئەمڕۆو ئایندەیان لێنیشتووە ،و هەر هەمووی خوازیاری گۆڕانكاریەكی ڕیشەییە ، كەواتە كاتەكەی زۆر لەبارو گونجاوەو دەبێت دەست پێبكەین..
چیبكەین و چۆن بكەین ؟؟
پرسیارەكە ڕوو لەو حیزب و هێزو لایەن وقەوارەو كەسایەتیانەیە یان لەدەسەڵات نین یان شەریكی بێدەسڵاتن و لەسەریشیان ماڵە و میللەت سبەی حسابیان لەگەڵ دەكات ، ئەم حیزب و هێزو لایەنانە ڕێكەون لەسەر پرۆژەیەكی حوكمڕانی ڕاشدو دروست و بەهەموویانەوە بەرەیەك پێكبێنن و لەیەك لیستی هاوبەش كۆببنەوەو بەیەكجار بردنەوە مسۆگەركەن ، ئەم هەنگاوە لەبەرئەوەی ئومێدێك بۆخەڵك دروست دەكاتەوە خەڵكیش بەمتمانەوە دەنگی پێ دەداتو پێشوازی لێدەكات ، ئەگەر ئەم حیزبانە ئەم هەنگاوە یان لەم هەنگاوە باشتر نەنێن ئەوە بە ڕاشكاوی بە دەسەڵات دەڵێن بەردوامبن لەسەر دەسەڵات و خەڵكیش بابە داماوی و نەهامەتی و مەرگەساتەكانیەوە بتلێتەوە ، بۆیە ئەمڕۆ زەمینەیەكی سازو گونجاو هاتوەتە كایەوەو مەسئولیتێكی مێژوویی ڕووی كردوەتەهێزەكان و خەڵكی كوردستان هەربێباكیەك قەیرانەكان قوڵترو ئایندە دژوارتر دەكات ..
چارەسەر هەنگاونانی كرداری بەرەو بەرەیەكی فراوان بۆ پێكهێنانی دەسەڵاتی هاوڵاتی و چاكسازی ڕیشەیی و پەڕلەمانێكی ڕاستەقینەو دادگاو قەزایەكی تەواو سەربەخۆ ، ئەم پرۆژەو هەنگاوە بەبێ شەڕی كۆنەقین و گیانی توڵەو پەراوێزخستن ، دەبێت ئەم نیشتمانە بۆهەموان بێت ، نەوت و داهاتەكەی ئابووری و سەروەتی میللەت بێت، دەنگی خەڵك بەهای گۆڕانكاری هەبێت ، بستێك لەم خاكەو بەرمیلێك نەوت و دۆلارێكی تاپۆی كەس نەبێت..هەنگاوی یەكەم بەكشانەوەی هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنی جاران دەستپێدەكات لە حكومەت لەسەر بنەمای ڕێكەوتن لەسەر داهاتوویەكی نوێ بۆ حوكمڕانیەكی تەندروست لەگەڵ هێزەكانی دیكە.