یەکێتی بۆوا بێ خەم پاڵی لێداوەتەوە..؟!

لەلایەن ستاندار Posted on 472 جار بینراوە

دەشتی عبدالرحمن

لە ئێستادا ئەگەر لە هەر ڕوویەکەوە بڕوانینە بارودۆخە حزبی و سیاسیەکان،پێشهات و ڕووداوە ناوخۆیی و ئیقلیمیەکان،گۆڕانکاری و پێداویستیە سیاسی و حزبیەکانی قۆناغەکە،بۆ یەکێتی بابەتی گۆڕانکاری و خۆ کۆکردنەوەو خۆ نوێکردنەوە،بە ئاڕاستەی چارەسەری ڕیشەیی کێشەکان لە ناو خۆیدا،بابەتێکی حەتمیەو جگە لەوە هیچ بەدیلێکی ترو هیچ ڕێگەچارەیەکی باشتری لەبەردامدا نیە. وە ئەگەر بێت و لە سەرەتادا،لە ڕووی ناوخۆی یەکێتیەوە بڕوانینە بابەتەکە، بێ گومان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بارودۆخێکی ئۆرگانی و جەماوەری خراپ و نەخوازراودایە.کێشە ناوخۆییەکان بە ڕادەی دابەشبونێکی ئاشکرای پەیام و روئیای سیاسی تەشەنەی کردووەو وای لێهاتووە،کە بە هۆی پەیامی جیاوازو هەنگاوی جیاوازی گروپ و دەستەو تەکەتولەکانەوە،ئاسان نەبێت کە کادیرەکانی بتوانن لە چوار چێوەی یەک پەیام و یەک گوتاردا ڕای یەکێتی بۆ جەماوەر شی بکەنەوە. وە لەژێر ڕۆشنایی کێشەو ڕووداو و پێشهاتە سیاسی و ئیداریەکانی ڕابردووی هەرێمیش،ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە هۆکاری جەوهەری ئەم ناکۆکی و دابەشبونە ناوخۆییە،لە جیاوازی بەرژەوەندی شەخسیەوە سەرچاوە دەگرێ و لەوێوەیە کێشەکان دروست دەبن و قوڵ دەبنەوە،واتە زۆربەی جارەکان،تێڕوانینی هاوبەش و پەیامی هاوبەشی حزبی لەناو یەکێتیدا،یەکسان نیە بە بەرژەوەندی شەخسی کۆی ئەو ستافەی کە پێیان دەگوترێ سەرکردایەتی یەکێتی یاخود بڕیار بەدەستانی ناو یەکێتی.

بۆیە زۆربەی جارەکان و لە زۆربەی ڕووداو و پێشهاتەکاندا یەکێتی دوچاری کێشەو دووبەرەکی کوشندە دەبێتەوەو بەو هۆیەوە هەر جارەو ژمارەیەک لە کادیرو جەماوەر لەدەست دەدات. دواتر لەبەرچاوگرتن و بە هەند وەرگرتنی دۆخی ئاڵۆزو پڕ کێشەی ناوخۆی کوردستان،فەشەلی حوکمڕانی و هاوکات تەقینەوەی توڕەیی و ناڕەزاییەکانی خەڵک و مەترسی سەرهەڵدانی شۆڕش و ڕاپەڕین دژی دەسەڵات،بێگومان پێویستی بە دیراسەکردن و چارەسەرێکی بەپەلە هەیە،کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەک هەر بەدەر نیە لەو ناڕەزایی و ڕەخنەنانە،بەڵکو بە پێچەوانەوە،ناوچەی ژێر دەسەڵات و هیمەنەی ئەو(زۆنی سەوز) بۆتە چەقی دەربڕینی ئەو ناڕەزاییانەو، ئەگەر زوو هەوڵی چارەسەری بۆ نەدات،ڕەنگە لە داهاتوودا ئاڵۆزی و ململانێی زۆر گەورەترو مەترسیدارتری لێ بکەوێتەوە. وە هەروەها کێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا،کە خۆی دەبینێتەوە لە یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی ناوچە کێشە لەسەرە داگیرکراوەکان و بودجەو موچەی هاوڵاتیان و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنەوەو سەر لەنوێ ڕێکخستنەوەی سەرجەم مافە دەستوریەکانی هەرێم لە بەغدا، کە لە ئێستادا بۆتە کێشەیەکی سەرەکی و گەورەی حکومەتی هەرێم و هاوڵاتیانی کوردستان.

وە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش،وەک حزبێکی سیاسی گەورەو خاوەن پێگە،دەبێت ڕۆڵی گرینگی خۆی هەبێت لە چارەسەری ئەم کێشانەو هێورکردنەوەیان بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان،کە بەداخەوە تا ئەم ساتەوەختە یەکێتی بە هۆی ناڕێکی و نەلەباری بارودۆخی حزبەکەی ڕۆڵێکی لاوازی هەیەو زۆر جاریش بە غیابی دەبینرێت. وە لە هەمووی گرینگتر بڕیاردان و خۆ یەکلاکردنەوە لە ناو ململانێ جەمسەری و ئیقلیمیەکان لە عێراقی داهاتودا،کە بەندە بە شکست و سەرکەوتنی داهاتووی هەرێم لە داهاتوودا،کە دەبینین هەر لە ئێستاوە ململانێیەکی گەورەی بەدیکراوو هەستپێکراو هەیە لە نێوان ئەمەریکاو کۆماری ئیسلامی ئێران و هەر یەکەو سەرقاڵی هەوڵدانە بۆ سەرکەوتنی بەرەکەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.بێگومان لە وەها حاڵەتێکدا یەکێتی کە دراوسێی ئێرانەو هەیمەنەو کاریگەری گەورەی هەیە بەسەر زۆنەکەیداو ئەمریکاش وڵاتێکی زلهێزی جیهان و ناوچەکەیەو پشتگوێخستنی داواکاریەکانی باجی زۆر قورسی بەدواوە دەبێت،ئاسان نابێت بۆ یەکێتی بەم دۆخە شپرزەو شێواوەی خۆیەوە بتوانێت بڕیارێکی تەندروست لە بەرژەوەندی خۆیی و گەلەکەی بدات.

بۆیە بۆ زاڵبوون بەسەر کۆی ئەو ڕووداوو پێشهاتانەو بە تەندروست هەڵکردن لەگەڵیان،یەکێتی نیشتیمانی کوردستان،ئەگەر نیازی مانەوەی هەیە لە ساحەکە،دەبێ هەرچی زووە فریای خۆی بکەوێت و خۆی بکاتەوە،کۆنگرە ببەستێت و سەرکردایەتیەکی دڵسۆزو کارەمە بۆ ئاڕاستەکردنی یەکێتی هەڵبژێرێ و کێشە ناوخۆییەکان کۆتایی پێ بنێت،ئەگینا بە ئێچەوانەوە ئەم خەم ساردی و خۆخافڵاندنە ئەم خۆی وەک حزب بەرەو نەمان و تاوانەوە دەبات،وە هەمیش جەماوەرو خەڵکەکەشیشی دووچاری نەهامەتی و دەردەسەری گەورەتر دەکاتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.