پرسیارێک بۆ كاک مەلا بەختیار

لەلایەن ستاندار Posted on 533 جار بینراوە

پرسیارێک بۆ كاك مەلا بەختیار

کەمال رەئوف

بەرێز كاك مەلابەختیار لەسەروتاری دواین ژمارەی رۆژنامەی چاودێر، وتارێكی هەزارو پانزە وشەی نوسیوە و لەوێدا باس لەكێشەو گرفتە ئابوریەكانی هەرێم و خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییانە ئەكات.

بەحوكمی ئەوەی كاك بەختیار لەرابردوودا هێندەی هەموو ئەندامانی مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی حزبەكەی گفتوگۆی لەبارەی دیموكراسیەت و ئازادی كردوە، بەهۆی ئەوەی بەرێزیان لێپرسراوی دەستەی كارگیری مەكتەب سیاسی حزبەكەیەتی، هەروەها بەحوكمی ئەوەی خۆی لەرابردوودا زەریبەی لەسەر پرسی ئازادی و دیموكراسی لەناو حزبەكەیدا داوە، دەبوو لەپاڵ ئەو هەموو پەرەگراف و رستانەدا كەلەسەر دۆخەكەو خۆپیشاندان نوسیویەتی بەچەند رستەیەكیش بوایە باسی لەوە بكردایە كە هێزی سەربازی و ئەمنی حزبەكەی چۆن پەلاماری خۆپیشاندەرانیان داوەو چۆن تەرو وشكیان پێكەوە سوتاندوە، دەبوو باسی ئەوەیبكردایە كە چ ناهەقییەك بەرامبەر بەو كەسانە كراوە كە بۆ داوایی رەوای خۆیان، بۆ قوت و بژیوی و موچە، دەستیان بۆ نارەزایەتی مەدەنی بردوە.

كاك بەختیار دەبوو یان باسی ئەو پرسەی نەكردایە، یان كەباسی كردوە دەبوو هیچ نەبێت بۆ وەفای ئەو هەموو كۆرو كۆبوونەوەو دروشمانەی خۆی وتونیەتیەوە، كەبەشێكی زۆری تەمەنی لاوێتی لەپێناودا بەخەرج دا، قسەیەكی حەقانیەتیشی لەسەر ئەوەبكردایە كەلەپاڵ بەهانەی بوونی توندوتیژی چۆن دڵرەقانە هێزەكانی حزبە سۆسیال دیموكراتییەكەی بەرێزیان ئامبازی سەر سەری خەڵكی مەدەنی بوون، ئاخر هەموو كەس ئەزانی ئەگەر توندوتیژی لەناو خۆپیشاندان رووبدات، ئەركی حكومەت ئەوەیە خەڵكی مەدەنی نارازی لەو توندو تیژیانە بپارێزێت، نەك بوونی ئەو توندو تیژیانە بكاتە بەهانە بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندان و ئازاردانی خۆپیشەندارانی مەدەنی و رۆژنامەوانان.

كاك بەختیار لەكۆتایی نوسینەكەیدا دەڵێت” هەموو ئەو رەوتە فەلسەفی‌و ئایدیۆلۆژی‌و عەقیدەو هەوڵە توندڕەوەكانی شەقام، لەژێر هەر پەردەو پاساوێك بوبێ‌، خەباتی مەدەنییان نەك پێشنەخست، بەڵكو زیانیشیان پێگەیاند”. ئێمەش لێرەدا هەقی خۆمانە بپرسین ئەری بەراست هەموو مێژوو بگەری چ دەسەڵات و حوكمرانییەك توانیویانە بەهێزو سەركوتی نارەزایەتیەكان لەژێر هەر پەردەو پاساوێكدا بوبێ‌ توانیویەتی بەر بەخواستی خەڵك و گۆرانگارییەكان بگرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.