لۆژیکی حکومڕانی کوردی و خواستەکانی شەقام

لەلایەن ستاندار Posted on 530 جار بینراوە

عەبدولحەکیم زراری
گومانی تێدانییە ئەوەی ئێستا لە شەقامی کوردی دەگوزەرێ و سەرجەم چین و توێژەکانی بە جیاوازی ئینتیمای سیاسی و ئایینی و ئایینزایی و نەتەوەییەوە بە خۆوە مژۆڵ کردووە، تەنھا ئەوەیە کە خواستی ژیانێکی پڕ لە شکۆ و کەڕامەت و لێوان لێو لە دەستەبەری مافە بێ چەندوچوونەکانی ھاووڵاتی بوون و بەشدار لە ئیدارەدانی کۆمەڵگا بە چەمکە ئەرستۆییەکەی دەکەن، دیارە ئەمەش بەرەنجامی ئەو رەوشە خراپە تاقەت پڕوکێنەرەیە کە چەند ساڵێکە بەرۆکی ھەرێمی کوردستانی گرتووە و بووەتە دێوەزمە بەسەر سەری خەڵکەکەی و نووزەی لەبەر بڕیون، ھەڵبەت دیارە ئەو رەوشەش لەخۆوە بەرپا نەبووە و باڵی نەکێشاوە بەسەر ئەم ھەرێمەوە، بەڵکو دەرھاوێشتەی ئەو سیستمە حکومڕانییە دواکەوتوو و سەقەت و کۆن و ئیفلیجەیە کە بە عەقلییەتێکی حزبی و نا تەکنۆکڕاتی ئیدارەی ئەم کۆمەڵگەیە دەکا و ھیچی لە ئەلف و بێی کاری دامەزراوەیی نازانێت، بۆیە ھەر چەند سەیری ھەموو دیوەکانی ئەو سیستمە دەکەی، کەموکوڕی و کێماسییەکی زۆری تیادا بەدی دەکرێ و ھیچ پنتێک لە جوگرافیای حوکمڕانی کوردی نابینیتەوە کە ئەو سیستمە سواوە تێکی نەدابێ و نەیشێواندبێت.
کۆمەڵگەی کوردیش لە ژێر باری قورسی ئەم جۆرە لە فۆرمی حوکڕانییە کە ناھەوسەنگییەکی بێ ڕەزای لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگا دروست کردووە بە جۆرێک کەمینەیەکیان لەسەریان دەڕژێ و زۆرینەشیان لەبەریان دەبڕێ، واتە ھەندێک پڕن و زۆریش قڕن، ئەمەش زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگەی تووشی شەکەتی و بێ ئومێدییەکی زۆر کردووە، لە جیاتی ئەوەی دوای ٢٦ ساڵ لە حوکمڕانی مرۆڤی کورد بە دوای ھاتنەدی خەونەکانی بووایە کەچی ئەفسوس تازە بە تازە دوای بەسەر بردنی چارەگە سەدەیەک لە بوونی حوکمی خۆماڵی لە ھەرێمێکی سەربەخۆ، بە دوای دابینکردنی سەرەتایی ترین مافەکانییەتی ئاخر دەبێ بزانین جیاوازی زۆر ھەیە لە نێوان مافەکان و خەونەکان، ھەرچی مافە بۆ پاراستنی بوونە لە ھەڕەشەی لە ناوچوون و سڕینەوە بەڵام خەون پەرەپێدان و باڵابوون و فراژوو بوونی ئەو بوونەیە، کەچی تاکی ئەم کۆمەڵگەیە ھەزار مەخابن ھەتا ئێستاش ھەر لە چوارچێوەی دەستەبەری مافەکانی گینگڵ دەدا بۆ ئەوەی ژیانێکی مەمرە و مەژییە بژیێت.
جا ھەڵپەی کۆمەڵگە بۆ ھێنانەدی ژیانێک کە لە ئاست ئاوات و خۆزگەکانی ئەو بێت و پڕ بە ھەناسەی سییەکانی ھەوایەکی ساف و خاوێن لە کەشێکی پڕ لە گۆڕانکاری لە رووی سیاسی و ئابووری ھەڵمژێت، ھەڵبەت پێویستی بەردەوامی بە خەبات و ململانێی شێوە جیاوازی مەدەنییانەی بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە ھەیە تاکو بەردەوام ببێتە فشار بەسەرییەوە بە ئاراستەی خوڵقاندنی مۆدیلێکی تازە لە حوکمڕانی کە ھەموومان تەمەننای بۆ دەکەین، ھەرچەند خەباتی مەدەنی لە پێناو گۆڕانکاری لەبەرامبەر دەسەڵاتێک دەبێت کە مەدەنی بێ و لە مانا و مەغزای خەبات و ململانێ و خۆپیشاندانی مەدەنییانە تێ بگا و بە ھەندی ھەڵگرێ و نادیدەی نەکات. کەچی ئەو دەسەڵاتەی ئێمە چونکە لەو جۆرە خەباتە تێ ناگا یان نایەوێت تێ بگات یان تێ دەگاو خۆی لێ گێل دەکات، بۆیە ھەر جووڵانەوە و گردبوونەوەیەک و ناڕەزایەتییەکی تا ئەو پەڕی ھێمنانە و ئاشتییانە و شارستانییانەش لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی ھەرێم، بەداخەوە نەک ھەر مۆلەتی پێنادات بەڵکو مۆرکی گێرەشێوێنی و تێکدەریان پێوەدەڵکێنێ و بە موزاھەرەچی و تێکدانی ئاساییشی وڵات ناوزەدیان دەکات، بۆیە دەبێ ھەموومان ئەو راستییە بزانین کە تا ئەم دەسەڵاتە حوکمڕانە بەو لۆژیکی سیستمە حیزبۆکراتییە مامەڵە لەگەڵ خواست و داواکانی شەقام بکات ئەستەمە بەپیرییەوە بێ و کار بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانیان بکات، ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێت کە چۆک دابدرێ لە ئاست ئەم دۆخەی حوکمڕانییە، بەڵکو پێویستە خەباتی مەدەنییانە درێژەی ھەبێت تا ئەوکاتەی دەسەڵات ناچار دەکرێت لەم فۆرمی خەباتە تێبگا و بەپەلە بێتە سەرخەت، یانیش دەبێ لە دواجاردا لە پڕۆسەیەکی ئاشتییانە ئاڵوگۆڕ بە دەسەڵاتەکەی بکا و شوێنەکەی بۆ کەسانێک چۆڵ بکات کە لە بەھا و پەیامی دەنگی شەقام زوو تێدەگەن و ئەو پردەی کە ئەوان لە نێوان دەسەڵات و جەماوەر رووخاندوویانە ئەمان دێن جارێکی تر بینای دەکەنەوە و حوکم و شەقام ئاوێزانی یەکتری دەکەنەوە. بێگومان ئەم خەباتەش پێویستە بەشێوەیەکی مەدروس و پلان بۆ داڕێژراوبێ و خوێندنەوەی ھەموو ئەو لێکەوتانەی بۆ بکرێت کە لێی دەکەوێتەوە، چونکە ئەگەر بە ھەڵەشەیی و عەفەوییەت رووبەڕووی دەسەڵاتی سیاسی حکومڕان ببیتەوە ئەوا نەک ھەر ناتوانرێ کاژی ھەڵەو ناتەواوییەکانی ئەو سیستمەی پێ فڕێ بدەیت بەڵکو لە کاردانەوەیدا ھەڵە و تاوانەکانی زیندوو دەکەیەوە و دەیکەی بە دڕندەیەکی ھار و زیاتر دژ بە خواستەکان دەوەستێتەوە و مێژووی ئێستا و داھاتووی ئەم ھەرێمە ناشیرین تر دەکات بە چەشنێک پارێزگاری کردن لەو سیستمە سەقەتەش دەکات بە ھێڵی سوور و ئایدۆلۆژیای خۆی و بۆ ئەبەد لەسەری پاڵدەکەوێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.