با شۆڕشی مەدەنی خاوەنداری بکرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 438 جار بینراوە
 پێشڕەو بابەشێخ
دۆخی سیاسی و باروگوزەران و ژیانی خەڵکی هەرێم بە گشتی و موچە خۆران بەتایبەت تا دێت بەرەو خراپی دەچێت . خراپبونی دۆخی ئابوری خەڵک , بەشێوەیەکە ئومێد بڕاوی چاکبون و چاکسازی بوون. ئەوەی بە بیری خەڵک دابێت و بوبێت بە داواکاری , جگە لە چۆڵکردنی کورسیەکان و هەڵوەشانەی ئەم حکومەتە هیچ شتێکی تر نیە . ئەوەی گرنگە لەم کاتە دا و بۆ چاککردنی دۆخەکە و دەرچون لە باری خراپ و ڕزگاربون لە ژێر دەستی حکومەتێکی خۆسەپێنی جوت حزبی دەسەڵاتدار و کەمینەیەکی هاوکاریان , پێویست دەکات هەر لایەک بە ئەندازەی قورسایی خۆی , ئەرک بکێشێ و دواجاریش ماف بەدەست بێنێت . سەرەتاییترین مافەکانی تاکی کورد لە باشوری کوردستان پێشێل کراوە , بە پێکهاتە جیاوازەکانیشەوە .
ئەرکەکان لەسەر شانی کێن ؟ کێن ئەوانەی دەتوانن کاریگەری گەورە دروستبکەن ؟
یەکەم / بزوتنەوەی گۆڕان کە لەسەرەتاوە سەرکردایەتی بەرەیەکی کردوە هەوڵی داوە بۆ سەروەریی یاسا و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی و شەفافی لە داهات و سامانی نەوت و حوکمڕانیەکی تەندروست و دیموکراسیانە و …..هتد , بە هاوکاری کۆمەڵی ئیسلامی چ وەک پڕۆژە چ لە پەرلەمان وە هێزێکی سیاسی کاریگەر . ئەوەی گرنگە ئەم بەرەیە فراوانبکرێت و هەم بە لایەنە سیاسیەکان و قەوارەکان هەم بە کەسایەتی و کەسانی سەربەخۆ وکەسانی ئازادیخوازی ناو حزبەکانی بەرەی بەرامبەریش . بە ئەندازەیەک بزوتنەوەی گۆڕان هاوشێوەی کاریگەریەکەی دروستکردنی بەرەیەکی لەو شێوەیەی لە ئەستۆ دایە .
دووەم / ڕەوەندی کوردی بەگشتی و چالاکانی سیاسی و مەدەنی لەدەرەوە بەتایبەت لەزۆر کات و بۆنەو ڕوداوە کارەساتبارەکانی سەر گەلی کورد , قسەی خۆیان هەبوە و لێرەولەوێ کارو چالاکی و کاردانەوەیان نیشانداوە . ئەوەی بۆ ئێستا گرنگ و کاریگەرە و ئەرکە لەسەر تاک بەتاکی ڕەوەندی کوردی دورکەوتنەوەیە لە تەنها قسەکردن , بەلک و دەست بەچالاکی بکرێت بۆ فشار خستنە سەر حکوماتی ئەوروپی و یەکێتی ئەوروپا بۆ شکانی بێدەنگیان بەرامبەر دەسەڵاتدارانی هەرێم و وەگەڕ خستنی پشتیوانیەکانیان بۆ خەڵکی کوردستان , نەک حکومەتی کوردستان . دەبێت لەو ڕێگەیەوە ئەوە پیشانی دیموکراسی خوازان و ئازادیخوازان و مرۆڤ دۆستانی ئەوروپی بدرێت کە هاوکاریکردن و پشتیوانی لە کورد بریتی نیە لە پشتیوانیکردن لەم دەسەڵاتەی ئێستا , بەڵکو پشتیوانی وڵاتانی ئەوروپی بۆ کورد و خەڵکی کوردستان بریتیە لە پشتیوانی نەکردنیان لەم حکومەتەو لەم دەسەڵاتە شکستخواردوە .
سێ یەم / گرنگ و کاریگەرە مانگرتنی گشتی لەسەرانسەری کوردستان ڕابگەیەنرێت . چونکە بە پێداچونەوە بە ڕابردوو تێدەگەین هەموو ڕێگاکانی تر تاقیکرانەوە و سەرکەوتنی ئەوتۆیان دەستنەخست. بە مانگرتنی گشتی و گەیاندنی ناڕەزایی بۆ دونیای دەرەوە ئەنجامی باش بەدەست دێنێت , بە شێوەیەک خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتیەکان بە ئەنقەست و بە دەست پشێوی و نا ئارامی لێدەکەوێتەوە و لەدواجاریشدا تەقەکردن لە هاوڵاتی مەدەنی و کوشتن و بریندارکردنی لێدەکەوێتەوە . داواکاریەکان لە سەقفێکی بەرز لە چۆڵکردنی دەسەڵات و گۆڕانکاری و چاکسازی و داوای مافی ڕەوا , بەرەو بەردانی دەستگیرکراو و شفا خواستن بۆ بریندار کۆتایی دێت
. چوارەم/ ئاین و ئاینزا وپێکهاتەی نەتەوەیی جیاواز لە کوردستان دا بونیان هەیە . بەشداری و هێنانە پێشی ئەوان بۆ ناڕەزایی و بەشداریکردنیان لە داواکاری و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان بەگشتی دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی باشی دەبێت لە دونیای دەرەوە . بەتایبەت دروستکردنی ئەوبەرە نوێ یە بەبەشداری کارای ئەوان کاردانەوەی خۆی دەبێت . نزیکبونەوە بەو شێوازە وەڵامدەرەوەی زۆر شت دەبێت . بەتایبەت مەسەلەی کۆتا و مامەڵە کردنی زیاتری پارتی بەو دەنگانە و بەو پێکهاتانە و پێچەوانە بونەوەی بە سودی خۆیان و سودی ئەم دۆخەو لەدواجاریشدا بۆ هەموو کوردستان .
پێنجەم / بەرەیەک بەو شێوازەو بەو ئاڕاستەیە کار بکات , ببێ بە بەدیلی ڕاستەقینەی ئەم حکومەت و ئەم حزبانەی دەسەڵات , پێش هەر هەڵبژاردنێک لەگەڵ حکومەتی عێراقی ئەوە یەکلا بکرێتەوە موچە لە بەغداد و لە ژێر دەستی حکومەتەوە دابەش بکرێت , چونکە ئەوەی لە کوردستان گۆڕانکاری دروست دەکات تەنها و تەنها دەرهێنانی هێزو پارەیە لەژێر دەست و هەیمەنەی دوو حزبی باڵا دەست و خاوەن هێزی چەکدار و کۆمپانیا , ئینجا کارکردن بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد .
شەشەم / دەبێت کار بۆ ئەوە بکرێت و بیر هەموو لایەک بهێنرێتەوە لە کوردستان هەڵبژاردن بەشێک نیە لەدیموکراسی ئەوەندەی هۆکارێکە بۆ بەردەوامبون و مانەوە و خۆسەپێنی دەسەڵاتداران لە ڕێگای تەزویر و بەکارهێنانی هێزو پارە و دەسەڵاتیان . دیموکراتی لێرەدا لەوەدا نیە هەڵبژاردن تەنها بۆ جوانکردن و نیشاندانی پڕۆسەیەک بێت , ئەوەندەی نەهامەتیەکە لەکاتی بەڕێوەچونی پرۆسەکەو لێکەوتەکانی دواتریشی . بۆیە کارکردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە شێوازو هۆکارەکانی پێشوو هیچ نیە جگە لە مانەوە و بەردەوامبونی دەسەڵات بەدەستان لە برسیکردن و بەردەوامی نەهامەتی و ناشەفافی لە داهات و نایەکسانی لە بەشینەوەی سامان و داهاتی نەتەوەیی . ئەوەی ماوە بیڵێم دروستکردنی بەرەیەک لە هێزو لایەن و قەوارەو جوڵانەوە و کەسایەتی دیار و سەربەخۆ و ئەکادیمی و نوسەران و ڕۆشنبیران و ڕیفۆرمخوازانی خودی دوو حزبەکەش هەنگاوێکە , کە کارێکی قورس و گران نیە بۆ ئەم دۆخەی کوردستان جگە لە بانگەوازێک و دانانی بەرنامە و پلانی هەنوکەیی و لەدواجاریشدا جۆرێک لە کاردابەشکردن بۆ هەر دانوستان و جوڵانەوەیەکی مەدەنی , بە ئاڕاستەیەک ئیتر لە کوردستان لەوە زیاتر دەستی دەستی بە هاوڵاتی و موچە خۆران و ئازادیخوازان نەکرێت . ئیتر کاتی هاتوە دوای هەموو ئەمانە بەرەیەک هەبێت پێشەوایەتی و خاوەنداری شەقام بکات . ئیتر کاتی ئەوە هاتوە بەرەیەک لەناو شەقام و لەسەر قوتی خەڵک هاوار بکات ئیتر ڕێگە نادەین خەڵک برسی بکرێت , ڕێگە نادەین ئاڕاستەی خۆپیشاندان بە مەرامی ناشیرین نیشاندانی داواکاری و خۆپیشاندان بگۆڕدرێت
ئیتر کاتی ئەوە هاتوە داواکاری و خۆپیشاندان خاوەنداری بکرێت . ئیتر کاتی ئەوە هاتوە خاوەندارێتیەک بکرێت لولەی چەکەکان لە خۆپیشاندەران نەکرێت , یاسا سەروەر بێت و هاونیشتمانی و نیشتمان ئاشت بکرێنەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.