رێکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی لەسەر چاکسازیەکانی حکومەت ڕاگەیەنراوێک بڵاودەکاتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 400 جار بینراوە

ستانده ر

رێکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی لە راگەیەنراوێکی کە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت و ڕای گشتی کردووە داوادەکات ئەو پرۆسەیەی بۆ چاکسازی دەستپێکراوە لە موچە نایاساییەکان سەقفی زەمەنی بۆ جێبەجێکردنی ھەبێ و نەرمی نەنوێندرێت لەبەر بەرژەوەندی حیزبەکان ھاوکات داوای چاکسازی ھەمەلایەنە لەسەرجەم بوارەکان دەکات.

دەقی راگەیەنراوەکە بخوێنەوە
بۆ/ پەرلەمانی کوردستان
بۆ/ سەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێم
بۆ / ڕای گشتی

بابەت / چاکسازیەکانی حکومەتی ھەرێم
بەرێزان ئەنجامدانی چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو پێویستیەکی حەنمی بوە بەڵام بەھۆی نەبونی ئیرادەیەکی بەھێز و ڕاستەقینە ئەو پرۆسەیە دواکەوت، ئێستاش کە بە فشار و پاڵپشتی بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەولەتی ئەو پرۆسەیە ھەنگاوی عەمەلی دەستپێکردوە پێویستی بە پشگیری و ھەماھەنگی ھەموو دامەزراوە دەوڵەنی و مەدەنیەکان و ھاوڵاتیانە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە سەربگرێت پێویستە ھەندێک خاڵ بەھەند وەرگیرێن، لەوانە:

یەکەم: پرۆژەیاسای چاکسازی لەخانەنشینی‌و موچەو دەرماڵە کە لەلایەن حکومەتەوە بە راوێژ لەگەڵ پەرلەمان و دەستەی دەسپاکی و داواکاری گشتی ئامادەکراوە و لەسەرەتای ساڵی نوێ چاوەڕێ دەکرێت پەسەند بکرێ وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و ھەوڵنەدرێت گۆڕانکاری بە باری سلبی لێبکرێت لەبەرژەوەندی ئەوانەی بە نا قانونی سودمەند بونە و، سەقفی زەمەنی بۆ جێبەجێ کردنی دابنرێت، بۆ ئەوەش پێویستە ئەنجومەنی راژە دروستبکرێت.

دووەم: پێویستە رێگە چارەی بنەڕەتی بۆ موچەی نایاسایی ناسراو بە بندیوار و دوو موچەیی دابنرێت و، کۆتایی بە دیاردەی پێدانی موچەی حکومەت بە کارمەند و کادیری حیزبەکان بھێندرێت، بە ھاوکاری ئەو لیژنەیەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ وردبینی دروستکراوە.

سێ یەم: پەلەکردن لە رێکەوتن لەگەڵ بەغد و جێبەجێ کردنی مەرجە قانونیەکانی بەغدا بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بنێردرێت.

چوارەم: چاکسازی کردنی راستەقینە لە سێکتەری نەوتی ھەرێمی کوردستان کە سەرچاوەی زۆرێک لە کێشەکانی ئێستای ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە.

پێنجەم: کۆتایی ھێنان بە قۆرخکاری بازاڕ لەلایەن حیزبەکانەوە و دروستکردنی بازارێکی ئازادی راستەقینە بۆ ئەوەی کێبرکێ ی دروست لە پێناو بەرژەوەندی ھاوڵاتیان دروستبێت.

شەشەم: ھەموارکردنەوەی یاسای داواکای گشتی و پاڵپشتی زیاتری دەستەی دەسپاکی ھەرێم و دیوانی چاودێری دارایی بۆ ئەوەی رۆڵی کاریگەرتر بگێڕن لەو پرۆسەیە، ھەروەھا پێدانی رۆڵی زیاتر بە زانکۆ و سەنتەرەکانی توێژینەوە و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی.

بەپێچەوانەوە ئەگەر پرۆسەی چاکسازی ھەمەلایەنە لەسەرجەم بوارەکان ئەنجام نەدرێت نابێتە جێگای ئومێد و بەڵکو دیسان دەبێتە موسەکین و چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان نابێت.

رێکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی
٣١ / ١٢ / ٢٠١٧

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.