کێ بەرپرسە لە تەعریب کردن لە سنووری کەرکوک؟

لەلایەن ستاندار Posted on 339 جار بینراوە

د. محەمەد کیانی

زیندوو کردنەوەی پڕۆسەی تەعریب لە سنووری پارێزگای کەرکوک ھوکاری سەرەکی پارتی و یەکێتین، بێجگە لە بەزین و ھەڵاتنیان لە ١٦ ئۆکتۆبەر، ئێستاش بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ئەندامەکانیان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ناگەرێنەوە ئەنجومەنەکە تا پارێزگارێکی تری کورد بۆ پارێزگای کەرکوک دابنێن و ھاوڵاتی کورد لە شەڕی دژە کوردی ئەم پارێزگارەی ئێستا بە وەکالەت لە کەرکوک دانراوە بپارێزرێت لە سەرجەم سنووری ئەم پارێزگایە. پارتی و یەکێتی بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان حەز بە تێکدانی ئاسایشی ھاوڵاتیانی ئەو سنوورە دەکەن تا خۆیان لە شڵەژانی ناوچەکە سوودمەند بن. وە ھەروھا تورکیاش بە ھەمان ئامانج لەم سنوورە کاردەکات و تورکمانەکان بەکاردەھێنێت. تەعریب لە سنووری کەرکوک بە فەرمانی ئەم پارێزگارەیە کە بە وەکالەت داندراوە. ئەو پشتگیری عەرەبە سونەکان دەکات پڕۆسەی تەعریبیان زیندوو کردوەتەوە. من لەگەڵ بەغدایا قسەم کردووە لە ٢٠١٧/١٠/٢٤ وە ھەروھا لە ٢٠١٧/١١/١٥ و چەندین جاریش بە تەلەفۆن، دەڵێن با پارێزگارێکی تر لە رێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە ھەڵبژێرن تا ئەمە لابدرێت. ئەگەر ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی پارتی و یەکێتی بچنەوە ئەنجومەنی پارێزگاکە و پارێزگارێکی کورد دابنێن کێشەی تەعریب و ئاوارەبوون و ھەر کردارێکی دژەکورد لە سنووری ئەم پارێزگایە بنبڕ دەکرێت. ئێستاش کە ئەمە ناکەن خەڵکی سادە و ھەژاری پارێزگای کەرکوک باچەکەی دەدەن. لەم دۆخە نالەبارەشدا سەرانی بەزیو و ھەڵاتووی شێخدەسەڵاتیش دەیانەوێ بازرگانی بە خۆێن و ماڵ و ئازاری خەڵکی ناوچە دابڕێنراوەکان بکەنەوە و جارێکی تر بەرژەوەندیە نەفتیەکانیان بەدەست بێننەوە. خۆ دزینەوەیان لە دانانی پارێزگارێکی تری کورد بۆ بەدیھێنانی گەڕاندنەوەی ئەو بەرژەوەندیە تایبەتیانەیە کە لە دەستیان داون.

دەبێ ھوکارە سەرەکیەکەی نەھامەتیەکانی ئێستا خەڵکی کورد تووشی ھاتوون لە سەرجەم ناوچە دابێندراوەکانی کوردستان لەبیر نەکەین کە ئەنجامدانی ئەو رێفەرەندەمە بوو بێ ئەوەی ھیچ بنەمای سەرکەوتنی لەسەر ئەرزی واقیع ھەبوبێت. ئەوەی ئەلف وبێی سیاسەت بزانێت دەبایە پێشبینی نەک ھەر فەشەل ھێنان بەلکو کارەساتیشی بکردایە وەک پەرچەکردار بۆ ئەم ریفرەنەمە نەوەکامە لەم کاتەدا. ئێمە لە کاتی خۆی قسەی خۆمان کرد و پێسنیەکانیشمان روونکردەوە کە بەداخەوە راست دەرچون. سەڕانی شێخەدەسەڵاتدارانی چاوچنوک و بەرژەوەندی خوازی کورد ھەر بەمەش نەوەستان، گەورەترین ئاشبەتاڵیان بەسەر گەلی کوردا ھێنا کە ھاوڵاتیانی کوردی توشی قەیرانی پاکتاوی رەگەزی و ئاوارەبوون و تەعریب کردەوەتەوە.

لە ئەنجامی پێداگریم لەسەر چاککردنی وەزعی کارەساتباری پاکتاوی رەگەزی دووزخورماتوو، لە ٢٤ و ٢٥ مانگی دە دوو وەجبە ئاسایشی بەغدایان بۆ دووزخورماتوو نارد بۆ کۆنتڕۆلکردنی حەشدی تورکمانی. لەوێش میتی تورکی و دەستی تر ھەن دەیانەوێ لەسەر کارەساتی خەڵکی ئاوارەی کورد سوود مەند بن. دەبێ ھەموو ھەولێک بدرێت ئازار و کولەمەرگی و معاناتی خەڵک کەم بکرێتەوە نەک بکرێنە قوربانی بۆ خزمەتی بەرژەوەندی کەس و حیزب و دەوڵەتانی دەرەکی. لە دۆخی ئێستادا، دەبێ ھەموو پێداگریەک بکرێت لەسەر جێبەجێ کردنی دەستوور و مادەی ١٤٠.
دەبێ ئەوەش بوترێ حوکمەتی فدڕاڵ ویستی لیوایەکی حەرەس جمھوری کورد بنێردرێت بۆ دووز، سەرۆکایەتی کۆمار ڕازی نەبوو.

واز لەو وشەی شەراکەت بێنن کە مانای شەراکەت لە دزییە، وەک ئەوەی ئێستا باوە لە بەغدا. دەبێ حوکم لە بەغدا ببێتە سیستەمی حوکمی زۆرینە، کەمینەش ببێتە ئۆپۆزیسیۆن. بەم شێوە حوکمە دەتواندرێت گەندەڵی کۆنتڕۆل بکرێت و چاکسازی بکرێت و یاسا سەروەر بێت و دەوڵەتی ھاوڵاتیبوونی یەکسان بەرقەرار بێت. دەبێ بە گوێرەی دەستوریش کورد پشکی ھەبێت لە دەسەڵاتی تەنفیزی لە بەغدا بە گوێرەی رێژەی دانیشتوان، جا حیزبێک یان چەند حیزبی کوردی بەشدار دەبنە بەشێک لە زۆرینە دورست کردن یان ئەگەر ھیچ حیزبیان بەشداریان نەکردو و بتواندرێت حوکمەتی زۆرینە دورست ببێت دەبێ خەڵکی بەتوانای سیاسی سەربەخۆی کورد دابندرێت لە پۆستە سیاسیەکان کە دەکاتە وەزارەت. پۆستی ئیداری و سەربازی و ئاسایشی..ھتد دەبێ کەسانی مەسلەکی بەتوانا و خاوەن پسپۆڕی دابندرێت و پەیوەندی بە ئینتیمای حیزبیەوە نابێت ھەبێت. ئەمە لە دەرفەتێکی تر دەگەڕێینەوە سەری.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.