مەسعود عەبدولخالق و کەمال ڕەئوف بانگەوازێکی بەپەلە بڵاودەکەنەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 441 جار بینراوە

ستاندەر

لە ڕاگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتی لەژێرناونیشانی کوردستان روو لە هەڵدێر هاوارێک بۆ ڕزگاری هەردوو نوسەر و ڕوناکبیر مەسعود عەبدولخالق و کەمال رەئوف ڕایدەگەیەنن  كاتی ئەوە هاتوە چیتر رێگە نەدرێت بەناوی حكومەت وكوردایەتی و نیشتمانەوە، یەكریزی دۆسیەی بەرەی گەل وبەرەی گەندەڵی تێكەڵ بكرێت، ئەو جۆرە گەمەیەی ئۆپۆزیسۆن و ئیئتڵاف و تێكەڵی كۆتایی پێبهێنرێت، واتە واباشترە تەنها دووفراكسیۆن دروست بێت لە پەرلەمان یەكەمیان نوێنەرایەتی بەرەی گەلی ستەملێكراو بكات وفراكسیۆنی دوەمیش بانوێنەری بەرەی گەندەلكارانی ستەمكار بكا. 

دەقی بانگەوازەکە بخوێنەوە:

كوردستان روو لە هەڵدێر، هاوارێك بۆ رزگاری


بەرەیەك بۆ فۆرمێكی نوێی حوكمرانی
باشوری كوردستان لەقەیراندا خنكاوە، كەوتۆتە ژێر قەرزو رێكەوتننامەی مەترسیدار، لەگەمەیەكی ناسیاسیانەدا نیوەی خاكەكەی دۆڕا، جارێكی تر كوردستان بەرەو گەڕانەوەیە بۆ دۆخی سەدەی بیستەم و لە دەستدانی پشتیوانی نێودەوڵەتی. لە سەدەی نوێدا (٩) نەتەوەی جیاواز بەرەوە بە دەوڵەت بوون هەنگاویان نا (جگە لە كورد و تامیل كەهەردوولایان سەركردەكانیان گەندەڵ و نەشارەزا بوون)، بۆیە ئاسۆی چارەسەری نەك دیارنییە بەڵكو دۆخەكە لە رووی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، نیشتمانی ودیپلۆماسی، گەیشتوە بەبنبەست و هێشتاش لە پاشەكەشەشدایە وستراتیجیەك بەدی ناكرێت. هەلومەرجەكە بەجۆرێكە پرۆژە چاكسازیەكانیش بون بەبەشێك لە پتەو كردنی گەندەڵی، سەرباری ئەوەش سەركردەكانی ڕیفراندۆم دۆسیەیان لای ووڵاتە گەورەكانی وەك ئەمریكاو بەریتانیاو یەكێتی ئەوروپا و زۆر ووڵاتی تر داخراوەو مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت و لەقۆناغی سزادایە، لەناو عێراق ودەوروبەریش مەرجی قورسیان خراوەتە سەرو ئەمەش بارگرانی بۆ خەڵك دروست كردوە، ئەوانیش ئەو ویژدانە نیشتمانیە یان نییە خۆیان جێگا و پۆستەكانیان چۆل بكەن بۆ دەستێكی ئەمین وشارەزاتر، بە پێچەوانە هەروا لە خەمی خۆیان و ئەو توێژە گەندەڵەن كە لەدەوریانن ولەخەمی میللەت نین، بۆیە كاتی ئەوە هاتوە چیتر رێگە نەدرێت بەناوی حكومەت وكوردایەتی و نیشتمانەوە، یەكریزی دۆسیەی بەرەی گەل وبەرەی گەندەڵی تێكەڵ بكرێت، ئەو جۆرە گەمەیەی ئۆپۆزیسۆن و ئیئتڵاف و تێكەڵی كۆتایی پێبهێنرێت، واتە واباشترە تەنها دووفراكسیۆن دروست بێت لە پەرلەمان یەكەمیان نوێنەرایەتی بەرەی گەلی ستەملێكراو بكات وفراكسیۆنی دوەمیش بانوێنەری بەرەی گەندەلكارانی ستەمكار بكا، هەركامیشیان لەهەلبژاردنێكی ڕاستەقینە دەرچوون با ئەو حوكم بكات، ئەوی تر ببێتە ئۆپۆزیسۆن، ئەزمونی ئەو 20ساڵە بەڕوونی پێمان دەلێت ئەو فۆرمە حوكمڕانیە شكستی هێناو كە نارازییەكان بەناوی شەراكەت و بەشداریكردنەوە ببنە بەشێك لەو حوكمرانییەی ئامادەی گوێگرتن نییە، لەم فۆرمە حكومرانییە گەل و نیشتمان زیان وگورزی سەختی بەركەوتەو دۆخەكەی گەیاندوە بە دووڕیانی ژیان ونەژیان، بەتەنها ئەوەی قازانجی كردوە ئەو توێژە دەسترۆیشتوە حوكمرانە گەندەڵە بێویژدانە دیاریكراوە بوە كە دەستی لە كورسی دەسەڵات نابێتەوە.
ئێستا كاتی ئەوە هاتوە فۆرمێكی نوێ لەحوكمڕانی جیاوازو پێكبێت، فۆرمێك كە كەسانی شارەزاو دەستپاك لەپشتیەوە بن و لە بەرەیەكی فراوانی نیمچە میللی- حزبی دامەزرێت و لەبەرەكەدا بوار برەخسێنرێت تا دامودەزگای مەدەنی بەڕاستی نوێنەرایەتی بەرەی گەل لەو بەرەیەدا بكات، بە ئاسۆیی وبەستونی، دەرگا بەرووی هەرهێزو لایەن و گروپ ودەزگاو كەسایەتیەكی تری سیاسی و كۆمەڵایەتی، كە هەمان هەڵوێست و گوتاری هەبێت بكرێتەوە و بوار بدرێت بە ئەندازەی بوونی خۆی بتوانێت بەشداری ئەو بەرە و هاوپەیمانیە بكات تەنانەت ئەگەر تاكە كەسایەتیش بێت. ئێمە وەك رۆشەنبیران ونوسەرو چالاكوانان، پاڵپشتی خۆمان بۆ پێكهێنانی ئەو بەرەیە رادەگەیەنین، چونكە دڵنیاین لەوەی بەرەیەكی لەو جۆرە دژ بە هیچ حزب ولایەنێكی ترنییە بەڵكو بە پێچەوانەوە سودمەندیشە بۆ ئەولایەنانەی لەدەرەوەی بەرەو هاوپەیمانیەكە دەمێننەوە.
لێرەوە ئێمە رایدەگەیەنین بەپشتیوانی هەموو ئەو دۆست و برادەرانەی لەماوەی رابردوو پێكەوە چەند كارێكمان بەو ئاراستەیە ئەنجامداوە، ئامادەسازی ئەكەین تا لە كۆنفرانسێكدا پرۆژەو پشتیوانی خۆمان بۆ پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانیەتە بخەینە روو، هەروەها بەپێویستیشی ئەزانین داوا لەهەمو ئەو كەسایەتی ودامەزراوە مەدەنیانە بكەین، كە خواستی ئەوەیان هەیە بەشداربن و رۆڵیان هەبێت لە دیاریكردنی ستراتیژی پرۆژەكە، ئاگادارمان بكەنەوە تاپێكەوە لەو دەرگایە بدەین كە بەكردنەوەی دەسترادەگات بە چارەسەری زۆر كێشەو گرفت كە ئێستە یەخەی خەڵكی كوردستانی گرتوە.


مسعودعبدالخالق- 
كەمال رەئوف

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.