سۆسیال دیموکراتی و مەلا حیکمەت محەمەد کەریم

لەلایەن ستاندار Posted on 418 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر

سۆسیال دیموکراتی ئایدۆلۆجیایەکی ڕامیارییە کە کار لە پیناوی دیموکراسییا ئەکات و ڕژدئەکات لەوەی کە ئەبێ کۆمەڵگە خاوەندارێتی بەشێک لە سەرچاوەکانی بەرھەمھێنان بکەن. ئیدئۆلۆژی سوسیالدیموکراتەکان سوسیالیزمی دیموکراتیکە ،کە حیزبەکە خۆی پێیوایە کە ھاوواتایە لەگەڵ سوسیالدیموکراسی.

مێژووی ئەم ئیدۆلۆگییە زۆر کۆن نیەو ئەگەڕێتەوە بۆ کۆتای ساڵانی ١٨٠٠ کاتێک کە گروپە سۆسیالیستەکان دروسی بوون و لە ١٤-٧-١٨٨٩ لە پاریس لە یادی سەدەمین ڕۆژی شۆڕسی فەرەنسییا کە ئەو ەش بە خاڵی کۆکردنەوەو پەیوەندیکردنی گروپە سۆسیالی دیموکراتەکانی ئەوروپا دائەنرێ کە ئەو کات ھەڵگرانی بیر “ئایدیا”ی سۆسیال دیموکراتی لە ئەوروپا گرووپی ئۆپۆزسیۆنی بوون.

لەم ئایدۆلۆگیەیا بەشێکی زۆر لە حیزبی ڕاستەڕەو بوونی ھەیە کە داوای دروست کردنی وڵاتێکی خۆشگوزەرا ن ئەکەن لە چوارچیوەی مەنزومەیەکی بۆرجوازییا، سۆسیال دیموکراتی بۆ حیزبە ڕاستڕەوەکان ئەبێ بە ڕێچکەیەک یان ڕژێمێکی ڕامیاری گشتی کە کۆی خۆشگوزەرانییەکان ئەگرێتەوە لەڕێی گرێدانی پەیماننامەیەکی گشتگیری نێوان کار،کرێکارو خاوەنکار یان سەرمایەدار بەشێوەی ئابوری بۆرجوازی “کەپیتالیزم” نمونەی یەکەمینەکانی ئەم جۆرە لەو ڕژێمە سۆسیالی و ئابورییانەیا بناغەی لە ڕۆژئاوا و باکوری ئەوروپا داکوتا لە پاش ١٩٥٠ی سەدەی ڕابردوو.

لە کاتێکا حیزبە چەپەکانی ھەڵگری ئەم ئایدۆلۆژییە داوای زیاتر ھاوبەشی و دیموکراسی سۆسیالیزمی ئەکەن لە ڕێگەی چاکسازیەوە. حیزبە سۆسیال دیموکراتەکان وا پێناسە ئەکرێن کە زمان حاڵی چاکسازی سۆسیالیزمین کە بەستراوەتەوە بە سۆسیالیست ئنتەرناشناڵەوە.

کۆڵەکە گشتی و ناسراوەکان کە سۆسیال دیموکراتی لەسەر دروستکراو داڕێژراوە بریتین لە “یەکسانی، دیموکراسی، بەدەنگەوەھاتن، عەولەمە یان ئینتەرناسیۆنالیزم و حوکمی گەل” وەک قیەمــی گشتی جیھانی. یەکێکی تر لە ئامانجەکانی ئەم ئایدۆلۆجیایە دروست کردنی کۆمەڵگەیەکە ھەلی ھاوبەش و یەکسان بۆ ھەموو تاکێک فەراھم بکات. سۆسیال دیموکراتی باوەڕی وایە کە جیاوازی سەرەکییەکان لە داھاتی تاک و سامان و دەسەڵات ڕێگر ئەبێ لە گەشیتنی تاک بە تواناکانی خود لەبەر ئەوە ھەوڵی بەردەوام ئەیەن کە داھاتەکان بە یەکسانتر دابەشبکرێ.

جوڵەی گشتی سۆسیال دیموکراتی ڕژد کردنە لەسەر ڕژێمی ڕامیاری ھاوبەش لە ڕێگای بزوتنەوەی گەلی و بەرگری کردن لە ڕەوتی دیموکراتی لەکارە پێشینەکانیانە کە ئەیانەوێ ھەموو ئەو گروپ و تاکانەی کۆمەڵگا کە بەشدارنین لە دەسەڵاتی سیاسیا بەشداری پێبکەن بەھەمان شێوەی بەشداریکردنیان لە ڕەوتی ئابوریدا ھەروەک چۆن زۆربەی حیزبە سۆسیال دیموکراتەکان کار ئەکەن بۆ دیموکراتی لەناو خودی حیزبەکانی خۆشیانا. ناسراوترین کاری ئەم ئایدۆلۆجیایە بۆ چارەسەری کەپیتالیزم و بەدەستھێنانی تەرازویەکی ھاوسەنگ لە نێوان چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا دروست کردنی سەندیکا “نقابات”ی بەھێزە بۆ نمونە سەندیکای کرێکاران، پیشەوەران، فەرمانبەران…….ھتد.

خاڵێکی ناوەندی ئیدئۆلۆژی سوسیالدیموکراسی کزکردنی پشکۆی ئاگری شەڕی چێنایەتییە و ھەوڵدراوە یارمەتی ئەو ھێزە لە کۆمەڵگایا بدەن کە قوت و سکی تێر دابین ئەکات و ھۆی بەرھەمیھێنانی زۆرتر و گەشەی ئابووری و دابەشکردنی عادڵانەی دەستکەوتەکانی بەدواوەیە، لەبری ئەوەی پەرەگرافی نوسراوی خاون کار و سەرمایەدار بسڕنەوە ئەم خاڵانەیان سەپاند بەسەریانا:

مافی دامەزراندنی ڕێکخراوەی ‌تایبەت بۆ کرێکار و خاوەنکار.

مافی باسکردن و وتووێژ لەمەڕ چۆنیەتی کار ، جێی کار و ھەر چەشنە ئاڵوگۆڕێک.

مافی بوونی زانیاری.

بەشداری کرێکاران لە بەڕێوەبەرایەتی ( دەرکردن ،ڕاگرتن وگواستنەوە).

دژایەتی لەگەڵ ھەر چەشنە گرژی و تووند و تیژییەک بە مەبەستی چارەسەر کردنی کێشەکان.

نێوبژیوانی کردن نێوان خاوەنکار وکرێکار(چارەسەری کێشەکانیان لەڕێی ڕێکخراوی نێوبژیوانی ‌).

بوونی گرێبەستی گشتی وەک یەک بۆ ھەمووان.

قەرەبوو کردنەوەی ھەرچەشنە زیانێک بە ھۆی کارەوە.

ئەم ڕوونکردنەوەیە لەسەر ھۆکار ی دروست بوون و کاری ڕێکخراوەی حیزبە سۆسیال دیموکراتەکان “سۆسیال ئینتەرناسیۆنال”ی جیھان بە گشتی و ڕۆژئاوا بە تایبەتی ھێندەی ڕووی لە مەلا حیکمەت محەمەد کەریم ناسروا بە “مەلا بەختیار”ە ھێندەی ڕووی لە کۆمەڵگە نیە چونکە کۆمەڵگە تا ئاستێکی باش بەئاگایە لە شێوازی کاری ئەو ئیدۆلۆژییە بەڵام دواین چاوپێکەوتنی مەلا حیکمەت لە کەناڵی ڕووداو ئەوەی بۆ ڕژدو سەلماندین کە ئەو کەسایەتییە وێڕای ئەوەی کە ئەندام و کارگێڕی مەکتەب سیاسی حیزبێکە کە ھەڵگری لایەنی کەم ناوی سۆسیال دیموکراتییە بەڵام ھیچ زانیارییەکی گشتی لەسەر ئەو ئایدیایە نیەو مافیشی نیە چیتر لافی ئەوە بەسەر کۆمەڵگەیا لێبات کە کەسێکی سۆسیال دیموکراتە بەڵکو ئەوەی گوێبیستی بووین و لە زاری خۆیەوە درکانی ئەو زاتە ھەڵگری ئادیای حیزبە تۆتالیتاری و لینینی و ستالینیەکانە و ھیچیتی ئەگەرچی بەزارەکی ووتیشی کاتیان بەسەرچووە کە لەوێدا حیزب ئامانجەو گەلیش کۆیلەو ژێر دەستە وە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی حیزب و سەرکردە ھەموو جۆرە توندوتیژی و ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی دژی میلەت ڕێپێدراوە.

سۆسیال دیموکراتی یەکسانی چیینایەتی فەراھم ئەکا بەڵام مەلا حیکمەت ساڵانێکی کۆن پێش ئێستا لە چاوپێکەوتنێکی تێڤییا خۆی ووتی “خاوەنی ملیۆنێک دۆلارم خۆ ئەگەر بازرگانیم بکردایە لەبری پێشمەرگایەتی ئەوا ئێستا زیاترم ئەبوو”! واتە ساڵەکانی خەباتی بەپارە ئەگۆڕێتەوە بە میلەت گرنگ نیە گەل ھەژارو نەداربێ گرنگ ئەوەیە خودی خۆی سەرمایەداربێ، گرنگیشە لێی بپرسرێ ئایا ئێستا چەن ملیۆن دۆلاری ھەیە چونکە ئەو چاوپێکەوتنە زۆر کۆنە؟ ئەو تەنھا سیاسی و دەسەڵاتداری ھەرێم نیە کە وەک کێلەکەی کاک ئارام پاکبن بەڵکو گەل لەوە وشیارترە و باش ئەزانێ ھەموویان لە فەرمانگەی تاپۆو عەقارات بێگەردن و خاوەندارێتی یان ھیچ ناکەن یان شتێکی زۆر کەم کە پرسیار دروست نەکات!

سۆسیال دیموکراتی دژایەتی ھەر چەشنە گرژی و تووند و تیژییەک بە مەبەستی چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان مووچەخۆر و کرێکاری مافخوراو ئەکا کەچی مەلا حیکمەت لە ڕووداو ئەڵێ لە ڕووبەڕوو بوونەوەی خۆپیشاندەرە مافخوراوەکانی ئەم دواییەدا توانیمان لەماوەی ٢٤ کاتژمێرا ھاوکێشەکان بگۆڕین! بەو واتاییەی کە ئەو زاتە خوێنی ڕژاوی خوێندکاری زانکۆو خەڵکی مافخوراو بەگۆڕینی ھاوکێشە ئەبینێ ھەر وەک ئەوەی بڵێی خۆپیشاندەرەکان حشدی شەعبیبن! بەڵێ جەناب حشدی شەعبی و سوپای عێراق ھاوکێشەکەیان گۆڕی و ئێوەومانان %٥١ی خاکی ھەرێمتان تیا دۆڕان کە حیزبە ناوزەنکراوەکەی جەناب بە سۆسیال دیموکراتی خاونی ھێزی چەکدارە، ھەر بەڕاست ئەتوانی نمونەیەکی ترمان بەیتێ لە ئێوەبچێ سۆسیال دیموکراتێکی چەکدار؟

١= ١٠٠ تازەترین ھاوکێشەی ماتماتیک! ئەوەی باوە ئەوەیە لە دنیای دیموکراسی و مۆدێرن و مەدەنیدا وە بەتایبەت حیزبە سۆسیال دیموکراتەکان ھێندە پابەندن بەپرەنسیپە دیموکراتییەکانەوە کە لەدوای ھەڵبژاردنەکانەوە ئەگەر بەڕێژەی زۆر کەم یان چەند سەد دەنگێکەوە لە دوای حیزبە ڕکابەرەکانەوەبن ئەوا ڕاستەوخۆ دان بە شکستی خۆیان بردنەوەی ڕکابەرەکانیان ئەنێنن و ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان ڕائەگەیەنن کەچی مەلا حیکمەت “بەختیار” زۆر بە سانای و بەدەنگی بەرز ئەڵێ گرنگ نیە یەک کورسی بێنین یان سەد، کە ئەم دەستەواژەیە پەیامێکی زۆر ترسناکی تیایە بۆ ھەڵبژاردن و پرۆسەی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات کە ئەو زاتە بەناڕاستەوخۆ پەیامێک ئەنێرێ بۆ کۆمەڵگەو حیزبە سیاسیەکان بەوەی کە ئەوان بەشداری کردنیان لە ھەڵبژاردنەکانا تەنھا کارێکی ڕۆتین و ڕەمزیی و ڕوکەشەکە بەڵام لە ناوەرۆکا ئەوان بڕیاری پێشوەختیان داوە کە ھەرگیز دەست لە دەسەڵات ھەڵنەگرن و حوکمی ناوچەکە بە ھێزی چەک ئەکەن و جومگە گرنگ و کاراکان بەرنایەن و ھێزی چەکدار لای خۆیان ئەھێڵنەوە حکومیش بە کوتەک ئەکەن!

ھیچ سیاسیەکی ھەرێم ھێندەی مەلا حیکمەت قسەی لەسەر دیموکراسی و مەدەنەییەت و مۆدێرنە نەکردوەو ھێندەی ئەویش لە مێدیای نوسراو بینراو بیستراوەوە دەرنەکەوتووە کەسی تریش ھێندەی ئەو باس لە دیبەیت و خوێندنەوەی کتێب و وتار نەکردوەو ساڵانێکی زۆریش سەپەرشتیاری ڕێکخراوە دیموکراتییەکان!ی ی.ن.ک و سەرۆکی لیژنەی ئۆلۆمپیش بوو کە بەم کارانەی ھەمیشە لە ھەوڵی ئەوەیا بووە ڕووکەشی خۆی بە ئاڵتونی دیموکراسی تەڵا بکات بەڵام سەرئەنجام ناخ و بیر و ھزری مرۆڤ چی تیابێ و چۆن بێت ھەر ئەوەیەو کارەکان ئاوێنەی ناخن نەک زمان کە مەلا حیکمەت بۆ دواین جار پێناسەی ناخی خۆی بەزاری کرد.

ھەر بەڕاست بیریشمان نەچێ ئەوانەی شادەماری یەکێتی بوون %٩٠ی یان یەکێتیان بەجێھێشتووە یان کۆچیان کردووە وە ئەوانەی ئەدەبیاتی یەکێتیشیان نوسیوەتەوە ئەوانەی نین کە لە مەکتەبی سیاسی ئێستایان بەڵکو ئەوانە ڕەوان شادان (کاک نەوشیروان، مام جەلال، د. کەمال فواد و عومەر دەبابە) و سەرۆک کۆماری عێراق د.فواد مەعسوم و شەھیدە سەرکردەکان بوون.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.