خەباتی بەرەیی

لەلایەن ستاندار Posted on 360 جار بینراوە

پەیکار عوسمان

– بە وجودی ھەمان تۆماری دەنگدەران و کراوەیی ڕێگاکانی تەزویر، ھەڵبژاردن زیادەیە. بە وجودی تۆمارێکی نوێ و کۆنترۆڵکردنی تەزویر، ھەڵبژاردن پێویستە، بەڵام حیزەبەکان زیادەن، چونکە بەرامبەر پارتی و یەکێتی، حیزبی ڕکابەر تاقیکرایەوە، ئێستا کاتی بەرەی ڕکابەرە!

– ئەم بەرەیە ئەبێ بۆ خودی ھەڵبژاردن دروستبکرێ، نەک بۆ تەحالوفی دوای ھەڵبژاردن، چونکە کورد نازانێ مونافەسەی تەندروست بکات، ئەمانە لەمسەرەوە مونافسبن، تا سەرئێسقانی ئەبەن و لەوسەرەوە قورسە لە دەوری پرۆژەیەک کۆببنەوە.

– ئەو بەرەیەی لە ناوچە دابڕاوەکان دروستکراوە شتێکی باشە، بەڵام باشترە کە لە ھەرێم بکرێت، چونکە پارتی و یەکیتی ھەیمەنەی ناوچە دابڕوەکانیان لە ھەیمەنەی ھەرێمەوە وەرگرتووە، یەعنی گرنگە کانییەکە لە سەرچاوەوە لێ ی بدرێ.

– نازانم بوار ماوە بۆ ھاوپەیمانیی یان نا، ئەگەر ھەبوو باشە، ئەگەر نەبوو گرنگە ھەموو حیزبە نەیارەکانی پارتی و یەکێتی، لەژێر چەتری قەوارەکەی بەرھەمدا بەشداری بکەن، “چونکە ناوی ھاوپەیمانییە” شتەکە گونجاوە!!
یەعنی تۆ وەکو لیست دەنگ ئەدەیت بە ھاوپەیمانیی، لەناو کاندیدەکانیشدا؛ ھی (گۆڕان، کۆمەڵ، ھاوپەیمانی، “یەکگرتوو، نەوەی نوێ”..) کامەت ئەوێ دەنگی بدەرێ.
مادام ناوەکەو سەرۆکایەتییە بۆ ھاوپەیمانییە، ئەکرێ خۆیان کەمترین بەرکەوتیان ھەبێ..
ئیتر ھەموویان تەواوی وزەیان بخەنە خزمەتی سەرکەوتنی لیستەکەو شتەکە ببێتە کلاسیکۆیەکی چارەنوسساز بەرامبەر پارتی و یەکێتی.

– پارتی و یەکێتی کە ڕێکن لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتییە، کە تێکی ئەدەن و دەگە لە یەکتر ئەدەن، ھەر لەسەر حسابی بەرژەوەدنی گشتییە.
ئەمانی تریش ئەگەر لەم کاتە ھەستیارەدا بەرژەوەندی گشتی نەفامن و خەریکی تەسفییەی حساباتی بەینی خۆیانبن، یەعنی ھەمان شتن.

– پارتی و یەکێتی یەک لیستیش نەبن ھەر یەک خەتن، بەڵام ئەوانیتر بۆ ئەوەی خەتێک بن ئەبێ یەک لیست بن، بە پەرتەوازەیی ناتوانن خەت بن، ھەر لەسەر زەعامەت و خاوەنداری پەتەکە، خودی پەتەکە ئەپچڕێنن لەبەرژەوەندی پارتی و یەکێتی!!
جگە لە پارتی و یەکێتی ھەموو حیزبەکانی تر زیادەن ئەگەر لە بەرەیەکدا خۆیان ڕێکنەخەن، چونکە حیزب ناتوانێ دەسەڵات لە پارتی و یەکێتی وەرگرێ، بەڵام بەرە ڕەنگە بتوانێ.

– ئەگەر بە ھاوکاری بەغداو چاودێری ئەمریکا زەمانەتی ھەڵبژاردنێکی پاک بکرێ، چانسێکی باش ھەیە بۆ بەدەست ھێنانی زۆرینە، دواتریش گرتنە دەستی دەسەڵات، دواتریش حەلکردنی میلیشیا!
لەخۆڕا نەبوو کابرا باسی ‘چەککردن’ی ئەکرد، ئەوە ترسبوو، چونکە ئەمجارە شتەکە ھەر بەڕاستی ئەگەرە، ئەگەر فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی یەکانگیرببنەوە.

– دوای نەوشیروان ھەموو خاوەن عەقڵێک ئەیزانی کە ئیتر قۆناغی جوڵەی بەرھەم ساڵحە، پێشتر دەنگۆیەک ھەبوو گوایە ‘چاڤیلاند’ کاری باڵێکی یەکێتی بێت بۆ سوتاندنی کارتەکەی بەرھەم، ئێستا خەریکە ببێتە ڕاست!
سەیرکە لەم کاتەدا کە قۆناغی یەکخستنی وزەی دەرەوەی پارتی و یەکێتییە، ئەو ڕێک خەریکی لێدانی وزەی دەرەوەی پارتی و یەکێتییە!
باسی ڕوخانی پارتی و یەکێتی ئەکاو دژی خەباتی بەرەییە، لەکاتێکا ئەمە بە بەرەیەکی بەھێز ئەکرێ، نەک بە ھێزێکی گرگن.

– ئێستا پارتی و یەکێتی بۆ کەوتن ڕەنگە تەنیا پاڵێکیان بوێ، بەڵام ئەم پاڵە ئەبێ بەرەیەک بینێ، بەرەش بەو ھێزانە دروست ئەکرێ کە لە شانسی پارتی و یەکێتی خەریکی پاڵنانن بە یەکترییەوە!!

– ھەڵبژاردنێکی پاک + بەرەیەکی ڕکابەر= بەو ھەڵبژاردنەی کە پارتی و یەکێتی تیا
دادگایی ئەکرێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.