حیزبی سیاسی لەنێوان زەرورەتی قۆناغەکە و ھەڵپەی دەسەڵاتدا !

لەلایەن ستاندار Posted on 360 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

ئاشکرایە دروستبوون و سەرھەڵدانی بیری نوێ وڕەوتی تازە و جوڵانەوە و تاڤگەڕی سیاسی نوێ لەکات و ساتی مێژوویدا دێنە دروستبوون و دامەزراندن و زەرورەتی قۆناغەکە دەیسەپێنێت،وەک دەرچەیەک بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەکان یان گەڕان بەدوای جێگرەوەی نوێدا بۆ کۆنە ھەبوەکان لە سەرکردە و پارتی سیاسی و ڕێکخراوی جەماوەری تر.بۆیە ناکرێت لەخۆڕا و بەبێ پێویستبوونی ڕۆژگار و سەردەمەکە و بەبێ بونی داواکاریەکی جەماوەری ڕەوا و پاڵپشتیکردنێکی ڕاستەقینەش بۆ دروستبوونی جوڵانەوە وقەوارە و تاڤگەرێکی سیاسی نوێ ھەوڵی دامەزراندن یان پێکەوەنانی قەوارەیەکی سیاسی بدرێت،چونکە لەسەر زەمینەیەکی پتەو و کۆنکرێتی جەماوەری و فکری نەھاتۆتە بوون و زیانی زیاتر دەبێت بۆ ئایندە ،چونکە دەبێتە ھۆکار بۆ دابڕان و لێکترازانی زیاتری ڕیزەکانی جەماوەر، ئاشکراشە چەندە جەماوەر و کۆمەڵگا یەک و یەکگرتوو بێت ھێندە بەھێز و خاوەن ئیڕادەی پۆڵاین دەبێت،ھەرکاتیش کۆمەڵگا دابەشبوە سەر ڕەوت و بزاڤ و جوڵانەوە و قەوارە و بزوتنەوەی جۆراوجۆری جیاواز و بچوک ئەوا ھێندەی تر زیانیپێدەگات و لاواز و بێئیڕادەیەکی ڕاستەقینەش دەمێنێتەوە.

بەداخیشەوە دروستبون و دامەزراندنی حیزبی سیاسی لە ڕۆژھەڵاتدا بەگشتی و لەکوردستانی خۆشماندا بەتایبەتی بۆتە مۆدیلێکی نوێی قێزەون،چونکە زۆربەیان تەنھا لە پێناو دەسکەوتی کەسی و ھەڵپەی دەسەڵات و چنینەوەی دەسکەوت و ئیمتیازات و پلە و پۆستی ناڕەوادا دروست بوون، یان کەسانی تۆراو و بێ جێگە و پێگە ماونەتەوە ،ئەگینا ئەوە چ مەنتیق و ڕەواییەکە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا چەندین قەوارەی سیاسی بەناو سیاسی وەکو قارچک سەرھەڵبدەن و زۆر بەخێرایی کۆنگرەی خۆیان ببەستن و ئۆرگان و دامەزراوە و بارەگا دابمەزرێنن و خۆشیان ئامادەبکەن بۆ زنجیرەیەک ھەڵبژاردن لە کوردستان و عێراقدا.زۆربەی ئەم قەوارە و حیزبانە لە ژێر ناوی دیموکراسی و دادپەروەری و کارکردن بۆ ئایندە و نەوەی نوێ و گۆڕان و چاکسازی لە سیستەمی حوکمڕانیدا خۆیان نمایشکردوە،بەڵام ھەموانیشیان لەناو خۆیاندا لەسەر بچوکترین جیاوازی لێکجیادەبنەوە و ناتوانن لەناو یەک بەرەی ئیسلامی یان دیموکراسی یان نەتەوەییدا خۆیان ڕێکبخەن،چونکە ھیچکامیان دروشم و مەبەستیان خزمەتکردنی کۆمەڵگا و نەتەوەو نیشتیمان نیە بەڵکو تەنھا بەرژەوەندی خۆیان و دارودەستەکانیانە.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە:کە ئایا ئەم حیزبە سیاسیانە بنەماو بنچینیەکی ئایدیا و فکری و ڕێباز و ڕچەیەکی دیاریکراویان ھەیە؟ ئایا ئەم بەناو ئەندام و لایەنگرانە لەسەر چ خاڵ و تێڕوانین و ڕوئیایەکی ھاوبەش کۆبونەتەوە؟ئایاچ زەرورەتێکی ھەنوکەیی پاڵیپێوەناون کە ئەم قەوارانە دروست بکەن و سەربەخۆ ھاوبەشی کاری سیاسی بکەن و بچنە ھەڵبژاردنەکانیشەوە؟ ئایا کوردستان حیزب و قەوارەی سیاسی کەمە؟ ئایا پەند و عیبرەتیان لەو حیزبۆکانەی ڕابووردوو وەرنەگرتوە؟و ئەنجامی بوونی ئەم ھەموو حیزبە سیاسیانەش چ دەبێت؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە و دەیانی تریش،بریتیە لەوەی کە ئەو حیزب و قەوارە سیاسیانە کە تازە دامەزراون پاڵنەری سەرەکیان بریتیە لە دروستکردنی قەوارەیەک بۆ کەسە یەکەمەکان و بۆئەوەی جێگە و پێگەی لەدەستدراویان بەشێوەیک لە شێوەکان بۆ بگەڕێتەوە و بێبەش نەبن لەو کێکە بەلەزەتەی کە لەم وڵاتەدا ھەیە و ئەوانیش بەشی خۆیان بپچڕن، لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵێک پلە و پۆست و ئیمتیازات بۆ ھەندێک لەو لایەنگرانەی کەلێیان کۆبونەتەوە وەدەستبخەن،ئەگینا کە بەدیقەت وورد دەبیتەوە لە پێکھاتە و پەیکەری دامەزراندنی ئەم حیزبانە ھیچ جۆرە ھارمۆنیەک لە پەیەوەندی و پێکەوە گرێدانیاندا نابینیتەوە،چونکە نە یەکێتی فکر و نە یەکێتی کار و و پلان پێکیانەوە گرێنادات،تەنھا کۆمەڵە کەسانێکن کە بەرژەوەندی ئابوری و دەسکەوت و ئیمتیازاتی سیاسی کۆی کردونەتەوە و خۆیان ڕەگەڵ توڕەیی جەماوەردا نزیککردۆتەوە،نەک ڕابەرایەتی بکەن،چونکە جەماوەریش باش لە ماھیەتی ھەموانیان تێگەیشتوە و ھیچ کامیان لە ئێستادا ناتوانن بە ئەرکی ڕابەرایەتی و پێشەنگی جەماوەر ھەڵبستن،ھەربۆیەش ئایندەیان ڕوون نیە و ناشبنە خاوەن جەماوەرێکی ڕاستقینە و پتەو لەداھاتوشدا،چونکە ئەم قۆناغ و ئەم وێسگە ھەستیار و ناسکەی کورد بەم لاوازی و بێھێزی و گەمارۆدراو بە دەیەھا مەترسی و ئاڵنگاری ھیچ زەرورەتێک نابینێتەوە بۆ دروستبونی حیزبی سیاسی تر،سەرەڕای بوونی ڕەخنە و کەموکوڕی و گەندەڵی و ناعەدالەتی و نایەکسانی و قۆرخکاری دەسەڵات و خۆسەپاندن و تاکڕەوی و تەریککردنی زۆرینەی جەماوەر لەلایەن ئەم دەسەڵاتەی ئێستاوە کە ھەق وایە گۆڕانکاری جدی تیادا ڕووبدات لە بەرژەوەندی زۆرینەی گەل.

ھەربۆیە سەرکەوتنی کاری سیاسی و بەردەوامبونی کایەی سیاسی بەمانای زۆری ژمارەی حیزب و قەوارەی سیاسی نایەتە دی،ئەوەتا وڵاتانێکی گەورە و پێشکەوتوو تەنانەت ڕابەری دونیاش دەکەن کەچی لە ٢ حیزب یان ٣ یان ٤ حیزب تێپەڕ ناکەن بەڵام ئەزمونی کاری سیاسیشیان سەرکەوتوە وەک ئەمریکا و بەریتانیا و تەنانەت ڕوسیاش،ھەربۆیە بوونی ژمارەیەکی زۆری حیزبی سیاسی لە کوردستاندا نەک بەمانای تەندروستبوون و سەقامگیری دۆخی سیاسی نایەت بەڵکو دەلالەتیشە لەسەر بونی فرەییەکی بێ مانا و بێ بنچینە لە ڕوئیا و بۆچوون بۆ کاری سیاسی و ئایندەی کوردستانیش،نەکە ھەرئەوە بەڵکو ئەم ژمارە زۆرەی حیزبی سیاسی بونەتە ھۆی زیاتر و زیاتر دابەشبوون و پەرت و بڵاوکردنەوەی ڕیزەکانی گەل،چونکە ھەر حیزبێک بەبێ گوێدانە بەرژەوەندی باڵای کورد و کوردستان ھەمیشە و دوور لە مەنتیق و یاسا و ڕێساکان تەنھا بەرگری سەرسەخت دەکات لە بۆچون و ڕێباز و بەرژەوەندیەکانی خۆی و ئامادەش نیە بچوکترین سازش لەسەر ھیچ بەند و خاڵێک بکات،بۆیە لەم قۆناغەدا کورد ھێندەی پێویستی بەیەک و یەکگرتووی کار و کردەوە و گوتار ھەیە نیوھێندە پێویستی بە حیزبی سیاسی زۆرتر و تازەتر نیە،ھێندەی پێویسمان بە کردار و کوردایەتی ھەیە پێویستمان بە ھیوای بێ بنەماو حیزبایەتی نیە.

ھەربۆیە گەرەکە کە ئەو قەوارە سیاسیانەی کە تازە دروستبون و ئەوانەشی کەھەن ھەق وایە عیبرەت لەو حیزبە دێرینانە وەربگرن کەچۆن بچوکبونەتەوە و لاواز و کەنەفت کەوتون و مێژوو ھەنگاویان بەسەردا دەنێت، ھەرچەندە خاوەن ڕابووردویەکی گەش و شۆڕشگێڕ و شەرعیەتی شۆڕشیش بون و تەنانەت زەرورەتی قۆناغەکەش دروستیکردون لەبەرامبەر مقاوەمەتی شۆڕشگێڕی دژ بە داگیرکەرانی کوردستاندا،بەڵام دوورکەوتنەوەیان لە خواست و ویستە ڕەواکانی جەماوەر و دووڕوویی و بێبەڵێنیان بونەتە ھۆی بچوکبونەوەیان و پشتتێکردنیان لەلایەن جەماوەرەوە،جا چ جای حیزب و قەوارەیەک کە ھیچ زەمینە و پاشخانێک و زەرورەت و ڕەوایەتیەکی مێژوویشیان نەبێت.ئەنجامی زۆری ئەم ھەموو حیزب و قەوارە سیاسیانە لەکوردستاندا کە زیاد لە ٣٠ حیزب و قەوارە و لەوڵاتێکی وەکو عێراقیشدا زیاد لە ٢٠٠ قەوارەی سیاسی ناونوسکراون، بەڕاستی بۆخۆی مایەی کارەسات و لێکترازانی زیاترە بەسەر کۆمەڵگادا،بۆکورد چەندین زیانی گەورەی ھەیە ،لەلایەک یەک و یەکڕیزی کۆمەڵگا و خێزانی کورد کەرتوپەرت دەکات و قوڵی دەکاتەوە و لەلایەکی تریشەوە کورد و کوردستان لاواز دەکات چونکە ھەریەکە لەو حیزبانە بەداخەوە دابەشبونەتە سەر ھێڵ و ئاڕاستە و بەرە ناوچەییەکان و وڵاتانی سەردەستی کوردستان کەھەموان بە ئاشکرا و نھێنی دژی ئاوات و مافە ڕەواکانی کوردن و ھەربۆیەش ئیڕادەی ڕاستەقینەی خۆیان لەدەستداوە لە بڕیارداندا،ھەروەھا ئەم ناجۆری و دوورلەیەکیەی نێوماڵی کوردە کە بۆتە لاوازی پێگە و ھەڵوێستی کورد لە ناوخۆ و عێراق و ناوچەکە و دونیاشدا لەکاتێکدا کە مەترسیەکان ڕۆژبەڕۆژ گەورەتر دەبن.

بەم شێوەیە ئەنجامی سەرھەڵدانی حیزب و قەوارە سیاسیەکان لەکوردستاندا تەنھا ماڵوێرانی زیاتر و لێکترازانی زیاتر و لاوازی زیاتری لێدەکەوێتەوە،ئەوەتا تەنانەت لەسەر دروستکردنی ھاوپەیمانیەکی کوردی و یەک لیستی بۆ ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ناوچە جێگە ناکۆک و دابڕاواکانیشدا ناتوانن بگەنە یەک بڕیار و ھەموو کورد لەژێر سایەی یەک چەتری کوردایەتیدا کۆببنەوە بەجیاواز لە پێکھاتە عەرەب و تورکومان و مەسیحی و ئەوانی تردا،ئیدی دەبێت چ ئومێدێک بەسەرکردە و حیزبی سیاسی کۆن و نوێ ھەڵبچنرێت و چ ئومێدێکیش بە ئایندە گەشە بکات،ھەموو ئەم ھەڵە و کەموکوڕیانە بەشی ھەرە زۆری دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتداران،بەڵام لەبەرامبەریشدا ئەوانی تریش بێگوناە نین،بۆیە بەداخەوە ئەو ڕاستیە تاڵە ھەمیشە ئامادەگی ھەیە وخۆی دووپات دەکاتەوە لە ھەموو قۆناغەکاندی خەباتی کوردایەتیدا کە دوژمنی سەرسەخت و ڕاستەقینەی کورد تەنھا کورد خۆیەتی نەک دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.