پ.ی.د.رعد رفعە محمد
پێنجشەممە 18/1/2018 شاندێكی باڵای ئەمریكا كە پێكهاتبوو لەنێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ جەنگی داعش “برێت مەكۆرگ” ویاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا “ئەندریۆ پیگ” وباڵوێزی ئەمریكا لە بەغدا “دۆگلاس سیلیمان” وقونسوڵی ئەمریكی لەهەرێم “كین گرۆس” سەردانی هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی وقوباد تاڵەبانی وعومەری سەید عەلی ود.بەرهەم وشاسواریان كرد سەبارەت بە پرسی دیموكراسیەت وهەڵبژاردنەكان لە عێراق وهەرێمی كوردستان.
ئەوەی جێگای تێڕامانە كە ئەم شاندە دیپلۆماسیە سەردانی هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامی ویەكگرتووی ئیسلامی وبزوتنەوەی ئیسلامیان نەكرد. بەڵام لەهەمان كاتدا سەردانی هێزێكی سیاسی تازە دامەزراوی وەكو نەوەی نوێیان كرد كە تاكو ئێستا حەجمی واقعی وراستەقینەیان دیارنەكەوتوە لەهەرێم.
بۆ تێگەیشتن لەم هەڵویستەی ئەمریكا پێویستە خوێندنەوەیەكی زانستی وبێ لایەنانە لە سیاسەتی ئەمریكا بكەین لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دیارە سیاسەتی ئەمریكاش وێنەی دەكێشرێ لەلایەن چەندین دامەزراوەی جۆراوجۆر. بەڵام ئەوەی جێگای مشتومڕ نیە كە سەرۆكی ئەمریكا وئیدارەكەی وكەسە نزیكەكانی ووەزارەتی دەرەوەی داڕێژەری سەرەكی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكان.
پێویستە بگوترێ كە ترامپ سیاسەتی “ئەمریكا لە پێش هەمووانە” پەیڕەو دەكات وپێیوایە دەبێ بەرژەوەندی ئەمریكا پێش بەرژەوەندی هەمووانبێ وپێویست ناكات بۆ بەرژەوەندی مافەكانی مرۆڤ تەدەخول بكات؛ چونكە پێیوایە ئەوە شتێكی ناوخۆیی ووڵاتانەو لەیەك باردا تەدەخول دەكات ئەگەر هاتوو بەرژەوەندی خۆی لەوەدابوو.
سیاسەتی ترامپ لەرۆژهەڵاتی ناوەڕات بریتیە لە ئاسایشی ئیسرائیل وپاراستنی بەرژەوەندیە باڵاكانی ئەمریكا لەو ناوچەیەو بەرەنگاربونەوەی تیرۆری ئیسلامی ومانەوەی ئارامی ئەو ناوچەیە.
ترامپ “ئیسلامی سیاسی” بە هەمان مانای “تیرۆری ئیسلامی” بەكاردەهێنێ لەكاتێكدا ئۆباما بە دوو زاروەو چەمكی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ دەكرد. تەنانەت ترامپ رەخنەی لە ئۆباما دەگرت كەبووە هۆكاری ئەوەی ئیخوانەكان هاتنە سەرتەختی دەسەڵات لە میسر. تەنانەت لە زۆربەی لێداوەنەكانی ترامپ ووشەی “هەموو” بەكاردەهێنێ كاتێك دەڵێ: “هەموو” رەوتەكان ئیسلامی سیاسی تیرۆرستن.
ترامپ بە ئاشكرا داوا دەكات: بەرپەرچی “ئیسلامی سیاسی تیرۆرست” ببنەوەو بەپێویستیشی دەزانێ ئەم ئەركە ببێتە ئامانجێكی سەرەكی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا وبەڵكو گشت جیهان.
ترامپ جەنگ دژی رەوتە ئیسلامیەكان دەشوبهێنێ بە “جەنگی سارد”ی سەدەی رابردووی دژی سۆڤیەت. هەر ترامپ خۆی میكانیزمی بەرەنگاربونەوەی ئیسلامیەكان روون دەكاتەوەو دەڵێ: پێویسە لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەماهەنگی وهاوكاربین بۆ “بچوك”كردنەوەو لاوازكردنی ئیسلامیەكان.
ئەمە جگە لەوەی كە كەسایەتی ناسراو دژ بە ئیسلام ورەوتە ئیسلامیەكان پۆستی هەستیاریان وەرگرتوە لە ئیدارەی ترامپ كە سیاسیەتی دەرەوەی ئەمریكا بەڕێوەدەبەن.
ستیڤن بانون راوێژكاری تایبەتی ترامپ: باوەڕی بە ململانێی شارستانیەت هەیەو پێی وایە ئیسلام هەڕەشەیە بۆ ئەمریكا وبانگەشەی جەنگێكی جیهانی دەكات دژ بە “فاشیە ئیسلامیەكان”.
ریكس تلەرسون وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: لەكاتی نەخشاندنی سیاسەتی ئەمریكا لەكۆبونەوەیەكی گوێگرتن لە لیژنەی پەیوەندیە دەرەكیەكانی كۆنگریسی ئەمریكی پەیمانیدا: دژایەتی ئیسلامی رادیكالی بكات بەبێ ئەوەی جیاوازی بكات لەنێوان قاعیدەو داعش وئیخوانی موسلمینی میانڕەو.
بۆیە پێویستە رەوتە ئیسلامیەكانی هەرێم ورۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوە تێبگەن كە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەلایەنی كەمیە تا كۆتایی ماوەی سەرۆكایەتی ترامپ گۆڕانكاری ریشەیی لێ روونادات وبوڵكو پێویستە خۆیان ئامادە بكەن بۆ قۆناغی دوای ترامپ كەلەوانەیە سیاسەتێكی توندتر یان گۆڕانكاریەكی ئەوتۆ روونەدات بەرامبەر بە رەوتە ئیبسلامیەكان.
لەكۆتاییدا ئیسلامیەكانی كوردستان پێویستە ئەم بەربەست وئاستەنگانە رەچاوبكەن لەكاری سیاسی داهاتویان وبیری جدی بكەنەوە كەچۆن خۆڕاگربن لە ناوەرۆكی پەیامەكەیان ئەگەر هاتوو گۆڕانكاریشیان ئەنجامدا لەناو وشێواز ومیكانیزمی كاری ئیسلامی داهاتویان.