با ھۆشیاری جێگای عەتف بگرێتەوە با عەقڵمان بڕیار بدات نەک دڵمان

لەلایەن ستاندار Posted on 557 جار بینراوە

پێشڕەوبابەشێخ
ھۆشیاری تاک کۆمەڵگایەکی ھۆشیار دەدات بەدەستەوە . مرۆڤ لەو کاتەوە مافەکانی بەدەست دێنێ و دەگات بە ژیانی شایستەی کە لە( ئەرک و ماف ) دەستی بە پرسەکانی کرد . ھۆشیاری تاک لەو ساتەوە دەستپێدەکات سەرەتای پرسکردنی ئەوە بێت ئەرکی منی ھاوڵاتی چیەو مافم چیە ؟
لە بەرامبەردا ئەرکی بەرامبەر یا دەسەڵات چیە ؟

کۆمەڵگای ھۆشیار خۆشگوزەرانی و ژیانی شایستە پەخشدەکات , وەک چۆن سیستەم و حوکمڕانی مەدەنیانە و پێشکەوتو و دیموکراسی و سەردەمیانە لە کۆمەڵگایەکی ھۆشیار جێگای دەبێتەوە نەک بیر و فەرمانڕەوایی دکتاتۆریانە و خێڵەکی و بنەماڵەیی و تاک حزبی و شمولی .
بیری باش و بیرکردنەوەی باش کردار و جوڵەی بەرھەمدار دێنێتە کایەوە , بەڵام بیرکردنەوە لە ڕابردوو بێ سود وەرگرتن لە ھەڵە و کەم وکوڕیەکان , جگە لە مانەوە لە گێژاوی دواکەوتوویی لە ڕابردوو ھیچ ئەنجامێکی نابێت بۆ داھاتوو .

بەداخەوە ھۆشیاری لای بەشێکی ئێمەی کورد تا ئەو ئەندازەیە بڕی کردوە کە بیر تەنھا لە ڕابردوو بکەینەوە نەک پێشبینی و کارکردن بۆ داھاتوو .

گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکان تەنھا لەڕوی جل وبەرگ و ئامێر و پێداویستیە ڕۆژانەییەکان و کەمالیەکان وەرگیراون . نەک لە بواری شێوازی حوکمڕانی و ئازادی بیروڕاو دیموکراسی ڕاستەقینە و ئەرک و ماف .بێ بیرکردنەوە لەوەی ھۆشیاری زادەی عەقڵە و ناھۆشیاری بەرھەمی سۆز و عەتفە .

کەواتە چۆن دەتوانین ئەم دۆخە تێپەڕێنین گرنگی ئەرکی تاک چیە ؟
لە ھەڵبژارنەکانی داھاتوو گرنگ و کاریگەرە بەشداربین لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن کە ھەم ئەرک و ھەم مافیش لە خۆ دەگرێت , ساردبونەوەو بەشدارینەکردن ھیچ سودێک بە تاکی ناڕازی کورد ناکات جگە لە خزمەتکردن بە مانەوەو درێژەپێدانی ئەو سیاسەت و شێوازی حوکمڕانیەی چەندین ساڵە بەرھەمەکەی جگە لەم دۆخە خراپەی ئێستا لە ڕوی سیاسی و ئابوری و دارایی و کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری و ماف و ئازادیەکان تێیدا گوزەر دەکەین .
وازھێنان لە عەتف و سۆز و بڕیاردان لەسەر ئەوەی دەنگدان بۆ داھاتوە نەک گەڕانەوە بۆ ڕابردوو , دەنگدان لەسەر بنەمای کاری چاک و بەرنامەی باش و ھەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی بدرێت , نەک لەسەر بنەمای بۆ ماوەیی و بیری شاخ و ساڵانی ھەبوون .
ئیتر کاتی ئەوە ھاتوە دەنگدەری ئێمە دەنگدان بە مێژوو بگۆڕێت بۆ دەنگدان بە بەرھەم و ڕوداو و ھەڵوێست و دەسکەوتەکانی مێژوو . ھێزگەلێک مێژوویەکی دوورو درێژی ھەیە بەس نەبێت بۆ ئەوەی ئیتر دەبێت لە قۆناغی داھاتوش بەم عەقڵیەتەوە حوکمڕانی بکات . تاکی ھۆشیار بیر لە ڕابردوو دەکاتەوە بۆ داھاتوو .
فرۆشیارانی خەباتی ڕابردوو تا ئێرە و تا ئەندازەیەک سەرکەوتوبون لە بە بازاڕ کردنی کەلوپەلی دەنگ کۆکردنەوەیان و گەیاندنی بە دەنگدەر , لە ڕێگەی کارکردن و جوڵاندنی عەتفی خەباتی کوردایەتی و ھەست و سۆزمان ئیتر لێرەوە با بەسبێت و ببین بە کڕیاری ئاوێنەی ڕوداوەکان و بەدیار مێژوی پڕ نەھامەتیان بڕیار بدەین . ھەمبوو ھەمبووی شاخ نەکڕین و ھەمە ھەمەی شاریان سەیر بکەین .
ئەگەر تا دوێنێ لەسەر جوڵاندنی ھەستمان بە بیانوی درێژەدان بە کاروانی ڕێگای شەھیدەکان یاریان بە عەتف و سۆزو بەزەییمان دەکرد , با ئیتر عەقڵمان بکەین بە پێوەر لەسەر ژیان و گوزەران و رێزو پاداشتی منداڵ و خانەوادەی شەھیدەکانمان , ئیتر بەدەنگدان بەراورد کاری بکەین لە نێوان قسەو کردار , بە دەنگێک بەراوردکاری بکەین لە نێوان جیاوازی ژیان لای نەوەیەکی شەھید و نەوەیەکی دەسەڵات بەدەستی کوردستان .
ئیتر عەتف و سۆزو بەزەیی بخەینە لاوە پڕۆسەی سیاسی و دەوڵەتداری و حوکمداری ڕاستەقینە بە عەتف و سۆز , بەرھەمی نابێت , وەک چۆن قسەی بریقەدار و خۆ بە پێشمەرگە زانین و گەڕانەوە بۆ خانوە قوڕەکان , کردار و ھاوتاکردنی ژیان و نەھێشتنی جیاوازی چینایەتی دەوێت نەک ژیانێکی پڕ لە ڕەفاھیەت لە لوتکەی ھەڕەم بۆ خۆت و بنەماڵە و نزیکەکانت و بنکەی ھەڕەمیش بۆ دەنگدەرانت و زۆر بەی زۆری ھاوڵاتیان . ئیتر دەبێت دەنگبدەین بۆ باشکردنی ژیانمان و بۆ دادی کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا , نەک دابەشبونی چینایەتی .
کۆمەڵگای کوردی مێژوویەکی دوور و درێژی لە داگیر کاری داگیرکەران و قۆناغی پڕ نەھامەتی و کارەساتباری بەڕێکردوە , پێچەوانەی ھەر نەتەوە و کۆمەڵگایەکی تر , غەدرو کوشت و کوشتاری داگیر کەران و دوژمنانی کورد , نەبوە بە مایەی دروستبونی رق و قینە لای تاکی کورد ھەم بەرامبەر دوژمنان و ھەم بەرامبەر دۆستان . بەڵکو بوین بە کۆمەڵگایەک سۆزو بەزەیی پەخش بکەین لە بری ڕق و تۆڵە . ناخۆشی و ئازار و مەینەتی زۆری ڕابردوو بەدەستی دوژمنان و داگیرکەرانی کورد , بوە بە ھۆکارێک تاکی کورد دەسەڵاتدارێتی و حوکمڕانی خراپی کورد بە باشتر بزانێت لە حوکمێکی دابینکەری خۆشگوزەرانی بێگانە . ئەگەر ئەمە بۆ دوێنێ بوو , ئەگەر ئەمە لە ڕابردوو بۆ دوو ھێز بوو , ئەوا ئەمڕۆ دەبێت تاکی کورد و دەنگدەری کورد دوور لە سۆزو عەتفی ڕابردوو درک بەوە بکات ھێزی کورد و ھێزی ناوخۆیی بەدیل بۆ حوکمڕانی ھەن و بونیان ھەیە .
ئیتر تاکی ئێمە دەبێت دوور لە سۆزو عەتفی ڕابردوو بیر لەو بەدیلە بکاتەوە کە ھێزی نیشتمانین و ھێزی سەردەم و قۆناغەکەن .
ئیتر کاتی ئەوە ھاتوە تاکی کورد سۆزی نەجوڵێت بۆ ئەوانەی ڕابردوو دەفرۆشنەوە بە دەنگدەر و ھاوڵاتیان .
مێژووی خەبات ھیچ کات نافرۆشرێتەوە بۆ کڕینی داھاتویەکی پڕ لە ستەم و برسیکردن و ماف خوراوی و نەبونی ژیانی شایستەو سەرەتایترین خزمەت گوزاری .
ھەروەک مێژوو نوس و سیاسەتمەداری گەورەی کورد (نەوشیروان مستەفا ) دەڵێت گەنج ڕابردووی ناوێت بەڵک و داھاتوی دەوێت . بەو مانایەی ھاوڵاتی ئەوەی دەوێت لە داھاتوو بۆی بکەیت , نەک لە ڕابردوو چیت کردوە . ئیتر ئەو ھێزانەی لە ٢٦ساڵ حوکمڕانی کە دەرفەتی ئەوەیان ھەبوو داھاتویەک دروستبکەن نەیانکرد . ئیتر بۆ دەبێت تاکی کورد لەوە ھۆشیارتر نەبێت ئەوان چیتر ناکەن جگە لەوەی لەساڵانی حوکمداریان بۆخۆیان کردویانە , نەک بۆ نەتەوە و نیشتمان و خەڵک .
پیشرەو بابەشیخ
سەردەمانێک لە ڕێگای جوڵاندنی ھەستی کوردایەتی و نیشتمانی و نەتەوایەتی ھەر جارەو بە ئاوازێک سۆزی خەڵک بەکارھێنراوە , ڕۆژێک عەرەبی سوننە دوژمن و ڕۆژێک بوە بەدۆست . ڕۆژێکی تر عەرەبی شیعە پشت و پەناو ڕۆژێک داگیرکەری خاکە , ڕۆژێک تورک پشتیوان و , ڕۆژێک داگیرکەر و زاڵم , ڕۆژێک فارس بوە بە دوژمن , ڕۆژێکی تر بوون بە ھاوسێ و پشت وپەنا .
ئیتر ھەر ڕۆژەو بە ئاوازێک پەیوەندیەکان دروستبون و تێکدراون , لە کۆتایشدا جگە لەدەسکەوتی کەسی و بنەماڵەیی و حزبی و زیانی نەتەوەیی و نیشتمانی شتێکی تر نەبوە و بەرھەمێکی نەبوە .
ھەموو ئەمانەش یەک لەو ھۆکارە گرنگانەی بە کار ھێنراوە سۆزو عەتفی تاکی کورد و ئەو مێژووە پڕ نە ھامەتیەی کورد بوە بە سود و قازانجی خۆیان .
ئێستا کاتی ئەوە ھاتوە گەلی ئێمە ھۆشیارانە تر خوێندنەوە بکات و شیکردنەوە و تێڕامانی بۆ دۆخەکە بە شادەماری عەقڵی بپشکنێ نەک بە شادەماری دڵ و ھەست و سۆزی .
ئیتر کاتی ئەوە ھاتوە پاڵنەری عەقڵ ببێ بە بڕیاردەری بڕیارەکانمان بۆ دابین کردنی ژیانی شایستە بۆ خۆمان و نەوەکانمان , نەک پاڵنەری سۆزو عەتف ببێ بە مایەی خولانەوە لە دەوری بازنەیەکی چەقبەستوی بەردەوام دوبارە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.