کرێچی لەچاوی حکومەت دەوڵەمەندە

لەلایەن ستاندار Posted on 396 جار بینراوە

کارۆخ عوسمان

٢٠٠ ملۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی(کۆری)

حکومەتی ھەرێم لەژێر ناوی نیشتەجێکردنی کرێچیانی ھەولێر دەیەوێ ببێتە خاوەنی (٢٠٠) ملیۆن دۆلاری نیوە کاش و نیوە قست.

پڕۆژەی (کۆری) کە بۆ کرێچیانی ھەولێرە، کەچی کرێچی ناچار دەکرێت (٤٠) ھەزار دۆلار بدات.

کرێچی ئەگەر خاوەنی (٤٠) ھەزار دۆلار بێت بۆچی ھەژارو نەدارو کەم دەرامەتە؟

بەچەند مانگێک پێش دروستکردنی (سیناریۆی قەیرانی دارایی ھەرێم) (٥) ھەزار کرێچی ھەریەکەی ٧ ھەزارو ١٠ دۆلاری لێ وەرگیراوە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی دروستکردنی خانوەکانی (کۆری)، کە لەژێر چاودێری خودی پارێزگادا بووە.

بەڵام نزیکەی ئەوە بۆ (چوارساڵ و نیو) دەچێت پڕۆژەکە ھێشتا تەواو نەکراوە.

وابڕیاربوو خانوەکانی ئەو پڕۆژەیە بەشێوەی (قەرزی درێژخایەن) بدرێت بەو (٥٠٠٠) کرێچی کەناوەکانیان لەلایەن پارێزگای ھەولێر تۆمارکراوە. بەڵام تا ئێستا ئەوە چوارساڵ و نیوە تەنھا (١٠٠٠) خانوو تەواوکراوەو بۆ پێدانیش بە کرێچیەکان لەم گیرفان بەتاڵی و داڕمانە ئابوری و بێکاریەی کە تەنھا خەڵکی کەم دەرامەت بەگشتی، وە بەتایبەتی (کرێچی) گرتۆتەوە، حکومەت داوای (١٢) ھەزارو (٨) سەد دۆلاری تریان لێدەکات، کە دووبارە بەشێوەی تیروپشک بەسەریاندا دابەش بکات.

واتا ھەر کرێچیەک ناچارکراوە کە تا دەچێتە ناو خانوەکە دەبێت (١٩) ھەزارو (٨١٠) دۆلاری کاش بدات.

سەرەڕای ئەوەی کە شوێنی پڕۆژەکە لەلایەن شارەوانیەوە دابینکراوە، کەچی ھەر یەکەیەکی نیشتەجێکردن بڕی (٤٠) ھەزار دۆلار وەکو تێچوو دیاریکراوە.

وە کۆی پارەی وەرگیراو لەم پڕۆژە (٥٠٠٠) خانوە دەکاتە ٣٥ ملیۆن و ٥٠ ھەزار دۆلار.

ھەروەھا تائێستا تەنھا (١٠٠٠) خانوو تەواوکراوە، کەواتە حکومەت بۆ ھەریەک لەو ١٠٠٠ خانوە، ٣٥ ھەزارو ٥٠ دۆلاری وەرگرتووە.

وە ئەگەر کرێچی ئەو بڕەیەش بدات کەئێستا ناچارکراوەو بۆ ھەریەکێکیان ١٢ ھەزارو ٨٠٠ دۆلارە. دەکاتە ١٢ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دۆلار.

ئەو بڕەیەش لەگەڵ ئەوەی کە ھەر لەسەرەتاوە لێیان وەرگیراوە کۆ دەکەینەوە، دەکاتە (٤٧) ملیۆن و ٨٥٠ ھەزار دۆلار.

کەواتە جەنابی حکومەت بۆ ھەریەک لەو ١٠٠٠ خانوە تەواوکراوە دەیەوێ ٤٧ ھەزارو ٨٥٠ دۆلار وەربگرێت. واتە حکومەت لەو بڕەیە زیاتری دەست دەکەوێت کە بۆھەریەکەیەکی نیشتەجێکردن دیاری کردووە.

ئەگەر کۆی پارەکەش ھەمووی لەکرێچیەکان وەرگیرا، ئەوکات حکومەت و شەریکەی جێبەجێکار دەبنە خاوەنی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری کاش.

-ئەرێ ئەگەر پڕۆژەی ئەو کرێچیانە چوارساڵ و نیو بخایەنێت ئەویش تەنھا بۆ ١٠٠٠ خێزان، تۆبڵێی تائێستا ژیانی کرێچیەتیان چۆن گوزەراندبێت؟

-دەبێ ئەو ٧٠١٠ دۆلارەیان چۆن پەیداکردبێت؟

-خۆ ئەگەر قەرزیان کردبێت و نەیان دابێتەوە تائێستا توشی نەخۆشی ناڵەی دەستی خاوەن قەرز بوبێتن! ئینجا لەو قەیرانە دروستکراوەی داراییشدا.

-تۆ بڵێی کرێچی لەماوەی ئەو چوارساڵە دەست و گیرفان بەتاڵیەدا توانیبێتی پارەی پێشەکی خانوەکەی پەیدا بکات؟

-کرێچیەکە ھێشتا کرێچیەو دۆخی ژیانی خراپتر بووە بە بەراورد بەپێش قەیرانەکە، کەئومێدی خاوەن خانووی ھەبووە. کەچی لەمێستادا بۆ وەرگرتنی خانوەکەی، باری سەرشانی قوڕستر کراوە، کەچی نەک کرێچی بەتەنھا بەڵکو زۆرینەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەھۆی فەشەلی حوکمڕانانی ئیدارەی کوردی تەنێ خەمی پەیداکردنی نانییانە. ئاخر کرێچی چۆن بتوانی ئەو بڕە پارەیە بدات بەحکومەت؟

بەتەنھا خانوو و خەرجی و ئەو زەویە سەدان دۆنمەی سەرۆکی حکومەت دەتوانێت ٥ ھەزار خێزان لەکرێچیەتی نەجات بدات، کەچی چوارساڵ و نیوە (٥)ھەزار ھەژارو کەمدەرامەتی کرێچی چاوەڕێی تەواوکردنی خانوەکانیانن، کە بڕیاروابوو بەقەرزی درێژخایەن پێیان بدرێت.

بۆ کرێچی و ھەژارەکانی وڵات پڕۆژەکان بە پێی کیسەڵ دەڕۆن بەڕێوە بەڵام پڕۆژەیەک کەخزمەت بەجوت حزب و ھەردوو بنەماڵەی حوکم بکات، بەقاچی ئەسپ و باڵی ھەڵۆ ڕێ دەکەن.

کوان ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاو ئەندامانی پەرلەمان، کە ئەم میللەتە بەدبەختە پەنجەی شەھادەتیان بۆ خستنە مەرەکەب و سەحیان لەناوەکانیان داو کردنیان بەخاوەنی مەنسەب و پاسپۆرتی دیپلۆماسی؟

یان ئەوەتا پێیانوایە ١٨ ساڵیەکانی زەنگین و مەسئولە دەستبڕەکان ڕەئیان پێداون، کە ئاوا بێ باکن لەئاست خەمی خەڵکی بێ حاڵکراو، خەڵکێ کە لەبن سوانەی ئەوانیتر خۆی دادەپۆشێت؟

ئەوەی لەم ھەرێمە بەشدارە لەپڕکردنی سندوقی دەنگدان ھەژارانن نەک دەوڵەمەندو لێپرسراوە پۆست باڵاکان، کەچی ھیچ کەسی بەخەمیانەوە نایە.!!!!!

ئەھا خەمی نەداران، لەم زروفە بێ حاڵیەدا چیە، ئاخر چۆن دەکرێت تائێستا کەسێ بۆ ئەم پرسە دەنگی لێوە نەھاتبێت؟

کەس نەھات بەجەنابانی حکومەت بێژێ;

ئەگەر کرێچی ئەو ھەموو پارەیەی ھەبوایە کە ناچارتان کردوون بیدەن، بۆچی ھەژارن؟

چ مەجبور بە چاوەڕێی پڕۆژەکەی ئێوەن؟

ئەرێ بۆ نەتان پرسی; ئاخۆ بۆچی میوانخانەکەی بارزانی لە (دۆرێ) لەماوەی ٣ ساڵدا ٤ جار لەسەر ڕەئی میوانەکانی جەنابی بارزانی دروست دەکرێت و تێک دەدرێتەوەو خەرجیەکان دەگەنە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار، بەڵام یەکەکانی نیشتەجێکردنی کرێچیەکان بەچوارساڵ و نیو ھێشتا تەواو ناکرێن، کەچی کرێچی لەپەڕوباڵ دەخرێت بەھۆی ناچارکردنیان بەپێدانی ئەو پارەیەی کە قەراربوو بەقیستی درێژخایەن لێیان وەربگیرێت؟

دەئیتر باخەڵکی ئەم ھەرێمەش بزانن کەبینایەی بارەگا حزبیەکان و شوێنی بەسەربردنی کاتی بەتاڵ و کۆشکی ڕابواردن بەلای دەستەڵاتدارانەوە گرنگترن لە سەکەن و ژیان و گوزەرانی گەلی ھەمیشە فێڵ لێکراو….!

لەماڵی کرێچیەک بووم، نایلۆنی سەر کابینەکەی دڕابوو دڵۆپە گوڕگوڕ دەھاتنە خواڕێ، تەنھا یەک دەببەی ١٥ لیتریش نەوتی ھەبوو، بۆیە لەحاڵی ئەوان ئاگادارم، بەڵام ڕەنگبێ ئەوانەی کە پلەو پۆستی باڵایان ھەیە ھەرگیز ماڵێکی لەوشێوەیە نەبینن. ھەربۆیە دەنگیان لێوە نایەت.

چارەسەریش بۆ دۆخی (٥٠٠٠) کرێچیە:

١-پێشەکیەکە لاببرێت و بیکەن بەقستی درێژخایەنتر.

٢-کرێی مانگانەیان لێوەربگیرێت و خاوەندارێتی خانوویان پێبدرێت.

٣-تاکو قەیرانەکە تێدەپەڕێنن ببەخشرێن لەو پارەیەی کە دەکەوێتە سەریان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.