ئایا كورد دەتوانێت یارییەكە لەتورك بباتەوە ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 455 جار بینراوە

ئایا كورد دەتوانێت یارییەكە لەتورك بباتەوە ؟

نووسینی: مایکڵ رۆبن
وەرگیڕانی: بەھمەن ئەحمەد

پاش ھێرشێکی سەربازی چەند رۆژە، سوپای تورکیا ھەنگاوەکانی بەرەو ناوشاری عەفرین دەستپێکرد کە ناوچەیەکی سوریایە و پاش کۆنترۆڵکردنەوەی لەدەستی رێکخراوی قاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی لەلایەن کوردەکانەوە حکومداری دەکرێت.
دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن ناوچەیەکی ئارام بۆ دورخستنەوەی مەترسییەکان دروستدەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش بە قوڵایی ٢٠ کیلۆمەتر دەچنە دەچنە ناو خاکی سوریاوە.
رەجەب تەیب ئۆردوغانی سەرۆکی تورکیاش لەلێدوانێکی توندو ھەڕەشەئامێزدا ھۆشیاری دایە کوردەکانی تورکیا کە ئەگەر لەسەر ھاوڕێبازە سورییەکانیان بێنە دەنگ، ئەوا لەکەمترین ماوەدا سەرکەوتنی گەورە بەسەر عەفریندا تۆماردەکات.
ئەوە ھەڵسەنگاندنێکی ھەڵەیە بەجۆرێک کە سەرەنجام تورکیا لەپەلوپۆدەخات ، ھاوکات ترسی زۆری ئۆردوغان و تێکەڵکردنی کایەی سیاسی و سەربازی زیانی زۆر بەتورکیا دەگەیەنێت.
ھێزی سەربازی و ئاسایشی تورکیاش وەک بەشێکی گرنگ لە رێکخراوی ناتۆ، تەنھا تارمایی تواناو ھێزی دەسەڵاتی پێشویان لەبەرچاوە و چیتر ناتوانن بەھەمان پێوەری توانای پێشووی خۆیان مامەڵە بکەن.

ئەوان ھەمان توانای راھێنان و ھەمان ئەزمون و دیسپلینی پێشوتریان نیە ، لەھەرچوار فڕۆکەوانێکی تورکی یەکێکیان لەزینداندان، زۆربەی فرۆکە ( ئێف-١٦)ەکانیان کاریان پێناکرێت لەبەر نەبوونی فرۆکەوانی راھێنراو شارەزا. لەساڵی ٢٠١٢ دا ھێزەکانی سوریا فرۆکەیەکی (ئێف-٤ )ی تورکییان خستەخوارەوە، کوردەکانیش چەندین جار ھێلیکۆپتەری تورکیایان خستۆتە خوارەوە.
تائێستاش روون نیە کە ئایا سوپای تورکیا دەتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەر شەڕبکات یان نا. رەنگە تورکیا بتوانێ چەند ناوچەیەکی کەم لەسوریا داگیربکات، بەڵام بوونیان لەوناوچانە زیاتر سمبولی دەبێت نەک مانەوەیەکی راستیانە و کاریگەر. یەکێک لەھۆکارەکانی ئەوەی کە دەزگای میتی تورکی یارمەتی بەرەی نوسرەی دا و رێگەی بە ھێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش ) دا لەسنورەکانی تورکیاوە جموجوڵ بکەن بێبەرامبەر نەبوو، ھەوڵێک بوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لەناو سوریادا.
بەکورتی ئەردۆگان ویستی پێگەی فەرماندەیی ھێزەچەکدارەکانی تورکیا بەکاربھێنێت و خۆی وەک فەرماندەیەکی بەتوانا نمایشبکات، بەبێ ئەوەی وەک کەمال ئەتاتورکی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا بەشداری شەڕو رووبەرووبونەوە قورسەکان بکات بۆ دەرکەوتن و دروستکردنی ناوبانگ.
لەچەند رووداوێکی وڵاتانی عێراق و سوریادا، ئەو بۆشایی گەورەی توانا و دەسەڵاتی تورکیا دەرکەوتووە. لەساڵی ٢٠١٦ دا داعش دوو سەربازی تورکی سوتاند کە لەسوریا دەستگیرکرابوون، داعش توانیبووی لەشوێنی نمایشکی سەربازی خۆیان ئەو دوو سەربازەی تورکیا بڕفێنێت کە زۆرترین چاودێری ئاسایشی لەسەر بوو، تەنانەت حکومەتی تورکیا و دەزگای ھەواڵگرییەکەشی تا دوای کوشتنیان نەیانتوانی شوێنی مانەوەیان ئاشکرابکەن، ئەمەش بەڵگەی بوونی بۆشاییەکی گەورەیە لەتوانای دەزگای ھەواڵگرییەکەیدا. لەبری داننان بە کوشتنیاندا، ئۆردوغان رەتیکردەوە کە وێنەڤیدیۆییەکان راستبن و تەنانەت بڵاوکردنەوەی وێنە ڤیدیۆییەکەشی لەمیدیاکاندا بڵاوکردەوە.
بەھەمان شێوە، لاوازی تورکیا لەخراپتربوونی دۆخی ناوخوێی ئەو وڵاتەدا رەنگدەداتەوە. چەندین دەیەیە تیرۆرستان توانیویانە تورکیا بکەنە ئامانج بەڵام ھێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە سەرکەوتوانە شوێنپێی تیرۆرستان ئاشکرابکەن و پلانەکانیان پوچەڵبکەنەوە. پاش ئەوەی ئۆردوگان ژمارەیەک بەرپرسی ئاسایش و سەربازی لەپۆستەکانیان دوورخستەوە و بەخەڵکی تر جێگەکانیانی پڕکردەوە، تیرۆرستان دۆخەکەیان ھەڵگێڕایەوە و توانیان بگەنە ئارامترین و ئاسایشترین شوێنەکان لەھەریەک لە ئەستەمبول و ئەنقەرە.
ئەمەش پێناچێت بەدەربێت لەئەزمونی سەرکردەکانی دیکە لەمێژوودا. بۆنمونە، ھێزی سوری سۆڤیەت کاریگەری خۆی لەدەستدا پاش ئەوەی دیکتاتۆر ستالین بەرپرسە سەربازییەکانی دوورخستەوە پێش داگیرکاری نازییەکان لەجەنگی جیھانی دووەمدا.
ھۆکاری سەرەکی لەشکرکێشی و بەزاندنی سنورەکانی ئێران لەلایەن عێراقەوە لەساڵی ١٩٨٠ دا تەنھا کردەیەکی سەرسوڕھێنەرانە نەبوو، بەڵکو پەیوەندی بەدەرکردن و دوورخستنەوەی چەند بەرپرسێکی سەربازییەوە ھەبوو لەلایەن ئایەتوڵا خومەینی لەسەردەمی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیدا. لەعێراقیش داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، پاش ئەوە ھات کە نوری مالیکی چەندین بەرپرسی پرۆفێشناڵی سەربازی لەکارەکانیان دوورخستەوە و جێگەکانیانی بە شوێنکەوتە سیاسییەکانی خۆی پرکردەوە.
لەساڵی ١٩٨٤ ەوە تورکیا شەڕی پەکەکەدەکات، ئەو گروپە لەساڵی ١٩٩٩ زەربەیەکی کوشندەیان بەرکەوت کاتێک سەرکردەکەیان، عەبدوڵا ئۆچەلان، بەھاوکاری دەزگای ھەواڵگری ئەمەریکا و ئیسرائیل دەستگیرکرا. پاش ئەوەی بەرپرسانی تورکیا بۆماوەی زیاتر لەدەیەیەک بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئۆجەلان بەتەواوەتی لەکایەی سیاسی دوورخراوەتەوە و ھیچ کاریگەرییەکی نەماوە، بەلام ئۆردوغان بەدەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان جارێکی تر سەلماندی کە ئەو سەرکردەیە فیگەرێکی دانەبڕاوە لەکایەی سیاسی تورکیا. ھەرچەندە ئەردۆگان ھەوڵی زۆری داوە کە پەکەکە وەک تیرۆرست بناسێت و وای نیشانبدات کە دەستیان لەتیرۆردا ھەبووە، بەڵام ئەوان توانیویانە زیاتر وەک ھێزێکی یاخی ئاسایی خۆیان نیشانبدەن. ھەرچەندە پەیوەندی نێوان پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەل ( یەپەگە) راستییەکی حاشاھەڵنەگرە، بەڵام بەرپرسانی تورکیا زۆر زەحمەتە بتوانن ھیچ ھێرشێکی ناوخۆیی تورکیا ببەستنەوە بەکوردەکانی سوریاوە.
لەگەڵ ئەوەی ھێزی سەربازی تورکی وەک رابردووی نیە، ناتوانرێت ھەمان وێنە بۆ یەپەگە بکێشرێت و ھەمان پێناسەی بۆبکرێت. ھێزە کوردییەکانی سوریا کاریگەرترین ھێزی سەرزەمینی بوون لەدژی ھێزە تیرۆرستییەکانی ئەلقاعیدە و داعش. چەندین ساڵ بەتەنھا جەنگان، لەلایەن ئەمەریکا و روسیاوە گرنگییان پێنەدرا، گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەش پەراوێزخران و تورکیاش سزای ئابوری و سەربازی بەسەردا سەپاندن، لەکۆبانێش دیسپلینی بەھێز و یەکدەستی و بنەمای ئەخلاقی بەرزیان ھۆکار بوو بۆ سەرکەوتنیان. ئەگەر بیانتوانییایە بەتەواوەتی دژی داعش بجەنگێن و لەھەموو روویەکەوە رووبەڕووی ببنەوە، ئەوا دەبونە ئۆپۆزسیۆنێکی سەرسەخت بۆ تورکیا.
پەکەکەش ھێزێکی ناپرۆفێشناڵ نیە، بەتایبەتی چاش چەندین ساڵ لە شەڕ و خەباتی سەخت. لەرووبەرووبونەوەیەکی دیکەدا، کە لەلایەن تورکیاوە سەپێنرابوو، پەکەکە توانی دوو گەورە بەرپرسی دەزگای ھەواڵگری تورکیا دەستگیربکات.
ئامانجەکانی سوپای تورکیا روون نیە، یەک دووکاندار و شوانێکی کورد نیە- بەپێی ھەڵسەنگاندنی کوێربینی رەگەزپەرستی- کە بەرپرسانی تورکیا بە تیرۆرستیان نەزانن.
ئایا بنەبرکردنی تیرۆرستان لەلایەن تورکیاوە بەواتای سرینەوەی رەگەزی دێت لەسوریا ؟ ئەگەر ئەوە ئامانجەکە بێت، ئایا چی رێگری لەگەرانەوەی دەیان تەرمی سوپای تورکیا دەکات لەناو تابوتی مەرگدا؟ ئایا ئەمە نابێتەھۆی وروژاندنی ھەستی نەتەوەیی کوردی چەوساوە لەناوخۆی تورکیادا ؟ ئەگەر تورکیا نەتوانێت رووبەرووی پەکەکە ببێتەوە لەھەکاری و دیاربەکر، ئایا لەئەستەمبول و ئەنقەرە دەتوانێت رووبەروویان ببێتەوە ؟
وەک چۆن ئەردۆگان قاعیدە و داعشی پرچەک کرد، ئایا گەر رووسیا و ئەمەریکا و ئیسرائیل و رژێمی سوریاش بەھەمان شێوە یەپەگە پرچەک بکەن چی روودەدات؟
ئەگەر کوردەکان جەنگەکە بگوازنەوە بۆناوخۆی تورکیا، ئایا ئابوری تورکیا دەتوانێت وەک ئابورییەکی ملیارەھا دۆلاری بەردەوامبێت لەگەشەکردن، لەگەڵ ئەوەی کە پیشەسازییەکەی بەڕێژەی لەسەدا ٧٥ کەمیکردووە ؟
ئەردۆگان لەخەیاڵی خۆپەرستی و خەیاڵدانی بێ ناوەرۆکی ئەوتۆدا دەژی کە لەسنورەکانی راستییەوە دوورە. سەرزەنشتی ھەموو ئەوانە دەکات کە وەک تیرۆرست مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، وەک سەرکردە باڵاکانی نزیکی خۆشی ئاماژەی پێدەکەن، ئەو کەیفی بەوەدێت کە ئەو شتانەی پێبوتریت کە خۆشحاڵە بەبیستنیان. ئێستاش ئەنجامەکە ئەوەیە کە تورکیا لەشکرکێشی دژی ھێزێک دەکات کە لەوە بەھێزترە ئۆردوغان بیری لێدەکاتەوە و ئەمەش دەبێتەھۆی کارەساتێکی تر بۆ تورکیا.
رەنگە ئەردۆگان پێشبینی سەرکەوتنێکی خێرا بکات، بەڵام ئەوەی بۆ رووندەبێتەوە کە ئەو گروپە پەراوێزخراوەی کە ئەو بەتیرۆرستیان دەزانێت ھێندە بەھێزن کە بتوانن خوێنی داگیرکەرە تورکەکان لەسەر زەوی خۆیان وشکبکەنەوە و ئابوری تورکیاش بھێننەوە خاڵی سفر.
ئەردۆگان نەک سەرناکەوێت، بەڵکو وڵاتەکەی توشی شۆکێکی وەھا گەورەی دۆڕان دەکات کە نەتوانن پێشبینی بکەن.
مایکل رۆبن نوسەری بەشی نھێنی بێڵوێیە لەماڵپەڕی واشنتۆن ئێگزامینەر. ئەو شیکەرەوەی پەیمانگای پرۆژەی سەرکێشی ئەمەریکی و بەرپرسی پێشووی پنتاگۆنە.

سەرچاوە: واشنتۆن ئێگزامینەر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.