ڕزگار عەلی
بەشی سێیەم/ سروشتی دروستبوونی نەتەوە و دۆخی فاشیستی:
لەبەشی یەکەمدا باسی دۆخی سروشتبوونمان کرد کە نەتەوەی لێ بەرھەم دێت. لەبەشی دووەمدا بە تەواوی ئەوەمان ڕوونکردەوە پڕۆژەیی ناسیونالیزم بەمانا مۆدێرنەکەی واتە دروستکردنی دەوڵەتی_نەتەوەیی، ئەمەش واتە تێکەڵکردنی ھەموو جیاوازییە کەلتورییەکان لەناو کەلتورێک و زمانێکی ھاوبەشی ستاندار تا ھەموویان بتوانن لەناو ئەم کەلتورەدا بە ئاشتیانە بژین و پێکدادان لەنێوان دەوڵەت یان یەکە سیاسییەکە و کەلتورەکە نەمێنێت. لەم بەشەشدا باسێک لە دۆخی فاشیستیانەی پرۆژەی ناسیونالیزم کە تێکەڵەیەکە لە نێوان پڕۆژەی سروشت و مۆدێرن، واتە ئەم پرۆژەیە لەنێو سیستەمی جیھانێکدا نییە و کەچی بە ھەڵگری شیعاری ناسیونالیزمیش ناسینراوە، چونکە ئێمە گوتمان لە دۆخی مۆدێرنە لە دەرەوەی دەوڵەت شتێک نییە ناوی ناسیونالیزم بێت، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە لە دەرەوەی سیستەمە جیھانێکی بۆ دروستبوونی (دەوڵەتی_نەتەوەیی) تەنانەت پێش دروستبوونی دەوڵەتیش نمونەی جیاوازھەن کە بە ناسیونالیزم بەمانا فاشییەکەی ناسراون، ھەر ئەم چەند نمونانە بوو کە دواجار ناسیونالیزمی بە شیعارە عەوامەکە بە (قەومچییەتی) و خراپترین جۆری حوکمڕانی ناساند.
دیارە لە بەشی دووەمدا گوتمان ھەموو کەلتورە جیاوازییەکانی نێو جوگرافیایەک بەئارەزووی خۆیان واز لە بەشێک لە کەلتورەکەی خۆیان دەھێنن و لە نێوان ھەموویاندا کەلتورێکی موشتەرەک بە ھاوبەشی دروست دەکەن، بەم پڕۆسەیە دەوترێت ناسیونالیزم یان نەتەوەخوازی و دەرئەنجامیش دەوڵەتی_نەتەوەیی لێ دروست دەبێت. لەم بەشەدا باسی ھەمان جوگرافیا دەکەین بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە ئەمەیان بە زۆر کەلتوری خۆی بەسەر ھەموواندا فەرز دەکات و بە زۆر نەتەوەکانی تر یان کەلتورە جیاوازەکانی تر لەناو خۆیدا دەتوێنێتەوە و خۆی پێ گەورە دەکات، ئەم پڕۆژەیەش پێ ی دەڵێن (غەریزەی زاڵبوون)، غەریزەی زاڵبوونیش سەرچاوەکەی ئەوەیە کە ئیبن خەلدوون ناوی ناوە عەسەبییەت(دەمارگیری)، ئیبن خەلدون گوزارشت لەم بۆچوونە دەکات و دەڵێت: خێڵە بەزیوەکان دەبێت زمان و کەلتوری ئاینی خێڵە زاڵەکانی ناو عەسەبە ھەڵگرن. واتە ئەو خێڵەی خاوەن عەسەبەیە یان زاڵترە بە زۆری زۆرداری بەسەر ئەوانیتر زمان و کەلتور و فەرھەنگ و ئاینی خۆی بەسەر تەواوی ئەوانی تری بەزیودا فەرز دەکات ، ئەوەی ئەمە لە بەشی یەکەم جیادەکاتەوە لە بەشی یەکەم باسی دۆخی سروشت و مرۆڤمان کرد کە ئەمە وادەکات مرۆڤەکان کۆبکرێننەوە نەتەوە بەمانا سروشتییەکەی دروست بکەن، واتە سەرچاوەی نەتەوە غەریزەی ترە نەک زاڵبوون، بەڵام سەرچاوەی ئەم بەشە تەنیا و تەنیا غەریزەی زاڵبوونە. جیاوازیش لە بەشی دووەم ئەوەیە خێڵەکان لەبەشی دووەم پێکدێن بەڵام لەم بەشە پێکھاتن نییە بەڵکو زاڵبوونە، زاڵبوونیش لەسەر ئەساسی ھێز، ھێزێک ھۆبز واتەنی دەبێتە گورگێک بۆ سەر ئەوانی تر، واتە لەم بەشەدا ئاغاو کۆیلە دروست دەبێت، ئەوەی زاڵە دەبێت ئاغا و ئەوەی بەزیوە دەبێت ببێتە کۆیلەی خێڵە ئاغاکە.
لێرەدا دوو نمونە دەھێنینەوە:
یەکێک لەو نمونانەی بنەمای زاڵییەتی کردبووە بنەما سەرەکییەکەی خۆی ئەویش حوکمڕانی نازی ھیتلەربوو، بنەما سەرەکییەکانی ھیتلەر بۆ دروست بوونی نەتەوە ھەم لەناو سیستەمە مۆدێرنە جیھانییەکە نەبوو، ھەم لەناو دۆخی سروشتیدا نەبووە، بەڵکو سەرچاوەکەی گەڕانەوە بوو بۆ بنەمای جینات یان ڕەچەڵەک_خوێن، لای نازییەکان ئامانجی یەکەی سیاسی ئامرازێک بوو بۆ گەیشتن بە نەژادێکی بێگەردو پاک، قەولە بەناوبانگەکەی ھیتلەر: یەک دەوڵەت یەک نەتەوە یەک سەرۆک، ھەموویان سەرچاوەکەیان لە ڕەچەڵەکی ئاریبوون دەبینییەوە، واتە ئەم ڕچەڵەکە لەسەرووی ھەموو نەتەوە و جیاوازییەکان دێت، ئەوان پێیان وابوو نابێت ھیچ مرۆڤێک و نەتەوەیەک لە دەرەوەی ئەم خوێنە پاگ و بێگەردەی ئاری بێت کە شایستەی ژیان بێت، بۆیە دەیانگوت: یەھود سەرسەخترین نەیاری ڕەگەزی ئارییە، بۆیە دەبێت لەناو ببرێن، ھەر ئەمەش بنەمای دروستبوونی نەتەوەی ئاری بوو.
یەکێک لەو نمونانەی تر، عروبە و کەلتوری پانعەربیزم بوو لە وڵاتانی ئیسلامی، پانعەربیزم بیرۆکەی سەرەکی حزبی بەعس بوو، ئەم پرنسیبەش بانگەوازی بوونی یەک نەتەوەی عەرەب و دامەزراندنی یەک دەوڵەتی عەرەبی دەکەن، دیارە پێشتر ئەزموونی پانعەربیزم لە پێشووشدا و پێش بەعسیس بوونی ھەبوو، نمونە/ لە ساڵی ١٩١٨ کاتێک حوکمڕانی عوسمانی کۆتای پێ ھات، لەو کاتەشدا سوپای سارانشین(بدوی) کە فەیسەڵی کوڕی شەریف حسین کە بە میری حیجاز و ڕێبەری شۆڕشی عەروبە و ڕزگارکەری عروبە و بیروباوەڕی پانعەربیزم ناسێنرا، بەڵام ئەم فیکرەیە لە ڕووی تیوری بە تەواوی لای (ساتع ئەلحوسەری) دامەزرێنەری تیوری پانعەربیزمی ھاوچەرخە ناسێنرا، ساتع لەو بڕوایەدابوو کە نەتەوە لە پێش دەوڵەت و جوگرافیا بوونی ھەیە، دواجار ئەم فیکرەیە لای بەعسی سوری و ھەردوو تیورداڕێژەی حزبی بەعس (سەلاحەدین بەیتار و میشەل عەفلەق) زیندووکرایەوە، واتە پانعەربیزم لەچوارچێوەی ناسیونالیستی عەرەبیدا وەکو تەوژمێکی گەورە دژی تەوژمەکانیتر بەدیارکەوت، تەنانەت عەفلەق دژی دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدیرن ئاماژە دەکات: ناسیونالیزم یادەوەری زانست نییە، بەڵکو یادەوەرییەکی ھەنوکەیە ھەر ھەوڵێک بۆ نابوتکردنی ئەو ھەستە و پاشان لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی عەقڵانی نێو کتێب و بیروباوەڕە ئەبستراکتەکانەوە وەکو میلەتانی بیانی پێویستە ڕەتبکرێتەوە، بە بۆچوونی ئەو مەزنترین مەترسی بریتییە لە ڕۆژئاواگەرایی، ھەموو ئەوانەی ناسیونالیزمیان لە ئەورپاوە وەرگرتووە دوچاری فیکری ئەبستراکت بوون و شتەکان لە گۆشت و خوین و ڕەنگ و تامی خۆیان دادەماڵن.
جیاوازی پانعەربیزم لەگەڵ پارتی نازی ئەوەیە نازی مرۆڤ لە دەرەوەی نەتەوە و ڕەگەزی ئاریبوون بە شایستەی ژیان نازانن، بەڵام ھەرچی بەعس و کەلتورە پانعەربیزمە ئاماژە دەکەن دەبێت مرۆڤەکان و نەتەوەکان و باقی ئەوانی تر بە کەلتور و زمان و شوناسییانە لە ژێر ھەیمەنە و دەسەڵاتی ئەواندا بتوێتەوە، واتە نازی گەرچی جووەیەک گەر کۆیلایەتی نەتەوەی ئاریشی قبوڵ بکردایە ھەر بەشایستەی ژیانیان نەدەزانی و دەیانکوشت، بەڵام بەعس و پانعەربیزم ئەوانی تریان نەدەکوشت بەڵام دەبوایە شوناسیان ڕەتبکرێتەوە و لەچوارچێوەی سەردار و ئاغایەتی عروبەدا بن، دیارە سەرچاوەی سروشتی نەتەوەخوازی عروبەش لە کەلتورە باڵاکەی ئیسلام و زمانی قورئانە کە عروبەی لێ بەرھەمھێنراوە، ئایا سروشتی عروبە دەتوانیت لەگەڵ پێکھاتییە کەلتورییەکانی تر بکەویتە گفتوگۆوە تا کەلتورێکی موشتەرەک بونیاد بنێن بۆ دەوڵەت بەمەش دەوڵەتی_نەتەوەیی بۆ ھەمووان بونیاد بنرێت؟ بیگومان وەڵامەکە نەخێرە، چونکە سروشتی عروبە لەگەڵ ئیسلام و تەریقەتدا بەتەواوی تێکەڵبووە، ھەر ئەمەشە بنەمای غەریزەی زاڵییەتی و دروستبوونی جۆرێک لە ناسیونالیزمێک کە ھەڵگری ڕۆحی فاشیزم بیت. ئەوەی سەیرە ئەم بنەمای ناسیونالیزمە عروبەیە ھەم ھەڵگر شوناسی خێڵە بۆ دروستبوونی نەتەوە(ئەوەی لەبەشی یەکەم باسمان کرد) بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەیە عروبە غەریزەی زاڵییەتی ھەیە نەک غەریزەی تر. ھەم ھەڵگری شوناسی کۆمەڵگەیەکی پیشەسازییە بۆ دروستبوونی نەتەوە(ئەوەی لەبەشی دووەم باسمان کرد)، بەھەردووکیشیان تێکەڵەیەکن لە مەزھەبگەرایی ئیسلام، واتە ئیسلام لە ئیسلامی ئاسمانی دابڕێنراوە و فۆڕمی عروبایەتی و پانعەربیزمی بەسەردا سەپێنراوە، ئەم سیانەش تێکەڵەی خێڵە بەربەری و دواکەوتوو و دڕەندەکانی بیابانی عەرەبی و تەفسیری عروبە بۆ مەزھەبگەرایی دینی کە بۆ ئەوانیتری جیاواز ھەمان تەفسیری داعشیزمە لەگەڵ تەکنۆلۆژیا و چەکە کۆکوژەکانی دەوڵەتی مۆدێرنە دڕندەترین جۆری فاشیزمی ناسیونالیزمی عروبەیان لێ بەرھەم ھێنراوە.