زەرورەتی (میدیای ئەهلی بێلایەن) هێندەی زەرورەتی قەلاچۆكردنی گەندەڵیە

لەلایەن ستاندار Posted on 513 جار بینراوە

زەرورەتی (میدیای ئەهلی بێلایەن) هێندەی زەرورەتی قەلاچۆكردنی گەندەڵیە.
نەبوونی میدیای بینراو و بیستراوی بێلایەن چەندە مەترسیدارە، بانگەشەكردنیش بۆ بێلایەنی، دوو هێندە مەترسیەكەی زیاترە.

گمۆ محەمەد

میدیا وەك دەسەڵاتی چوارەم، كاریگەریەكەی لە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری كەمتر نیە لەسەرئاڕاستەكردن و بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگا.
چەندێك مەترسیدارە سێ دەسەڵاتی یەكەم كارەكانی خۆیان بە باشی ڕایی نەكەن، بۆ میدیاش بەهەمان شێوەیە.

میدیا توانای ئاڕاستەكردن و چەواشەكردنی كۆمەڵگای هەیە، توانای هەیە شەقام بەو جۆرە ئاڕاستە بكات كە لەگەڵ مەبەست و ئەجێندای كەناڵەكە بێتەوە.
ئەمەش ئەو خاڵەیە كە پێویستی میدیایەکی ئەهلی و بێلایەن دەردەخات، چونكە میدیای حیزبی موڵكی حیزبە و ئاڕەستەكردنەكەشی بۆ بەرژەوەندی حیزبە، بەڵام پێچەوانەی ئەوە میدیای بێلایەن، ڕاستەقینە نیشاندەدات و ئاڕاستە دەكات، هەروەها ئەجێندای حكومەت و حیزب كاریگەری بەسەریەوە نابێت، ئەمەش وادەكات زەرورەتی هێندەی سێ دەسەڵاتەكەی دەوڵەت بێت.

لە هەرێمی كوردستان نەبوونی میدیای ئەهلی بێلایەن، هێندەی بوونی گەندەڵی و بڵاوبوونەوەی مەترسیدارە، چونکە گەندەڵی لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵآتە لە سێ دامەزراوەکەی دەوڵەت و نەبوونی یەکێک لە دەسەڵاتەکان کەمتەرخەمی لە هەریەک لە دەسەڵاتەکانی تر دێنێتە ئاراوە.
لە هەمان کاتدا بوونی دەسەڵاتەکان و لاوازی یەکێکیان، ئەوانیتریش گەندەڵ دەکات.

هەرێمی کوردستان کە غەرقی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە، گەندەڵی میدیاییشی بۆ زیادبووە و باری سەرشانی بەرەی دژە گەندەڵی قورستر کردووە.
کەناڵی NRT نمونەیەکی زیندووە بۆ ئەو بابەتە، کەناڵی ناوبراو لە ماوەی ساڵانی نێوان ٢٠١١١ بۆ کۆتایی ٢٠١٦ تاڕادەیەک نمونەیەکی باشی بێلایەنی نیشاندا و توانی کاریگەریەکی باش لەسەر کۆمەڵگە جێبهێڵێت بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی، بە هاوکاریکردنی ئۆپۆزسیۆنی کۆن کە گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو بوو.
بەڵام کاک نەوشیروان وتەنی ڕێگاکە سەختە و ڕەنگە NRT یش بەرگەی سەختیەکەی نەگرتبێت.

لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٧٧، کاتێک سەرۆکی دامەزراوەکە( شاسوار عبدولواحید) بڕیاردەدات سیاسەت بکات و جاڕی نەخێری دا، پاشانیش نەوەی نوێی دامەزراند، خۆی و کەناڵەکەی کەوتنە یارییەکی مەترسیدار، کە لێرەوە مەترسی کەناڵی NRT لە مەترسی یەکێتی و پارتی زیاتربوو.

چونکە کەناڵەکە سەردەمانێک کە جاڕی بێلایەنی دەدا، و دەسەڵات نەیدەتوانی دەستەمۆی بکات، هاوشێوەی سیاسیە کەم ئەزمون و تەماحکارەکان، بێئاگا یاخود ئاگادار، خۆی هاویشتە بەرەی یەکێتی و پارتی و لە ئێستادا دژایەتیەکی سەختی بەرەی دژە گەندەڵی دەکات.

بەرەی دژە گەندەڵی کە دیارترینیان گۆڕان و کۆمەڵ و ئەو ڕۆشنبیر و چالاکوانە بە هەڵوێستانەن، کە سزا نەما نەدرێن لە ئەنجامی هەڵوێستەکانیانەوە، بەڵام کەناڵەکە لەپێناو سەرۆکەکەی و حیزبە نوێکەیدا لە ئێستادا جاڕی گەندەڵی گۆڕان و کۆمەڵ و سەرجەم ئەوانەدەدات کە لایەنگری سەرۆک و جوڵانەوەکەی ناکەن و دەیانخاتە ئاستی پارتی و یەکێتیەوە. لە بەرامبەریشدا سەرۆکی دەزگاکە و حیزبەکەی بە تاکە فریادڕەس بۆ هەریمی کوردستان دەزانێت.

مەترسیەکەی NRT بە جۆرێکە کە دەسەڵاتی شاگەشکەی خۆشی کردووە و بێدەنگ لە شانۆکە دەڕوانن، شانۆیەک کە لایەنگران و ئەندامانی گۆڕان و کۆمەڵ و ئەوانی تری ناچارکردووە کە بەرگری لە خۆیانبکەن لە بەرامبەر کەناڵەکەو لە هەمانکاتشیدا هەوڵبدەن چاویان لەسەر ڕوبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لانەچێت.

لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بە دەست سێ مەترسی گەورەوە دەناڵێنێت، مەترسیەک کە گەندەڵیەو و مەترسیەک کە نەبوونی میدیای ئەهلی بێلایەنە، لەگەڵ میدیایەک کە بانگەشەی بێلایەنبوون دەکات و خزمەت بە دەسەڵات دەکات بە دژایەتیکردنی بەرەی دژە گەندەڵی.

هەر بۆیە مەترسی بانگەشەکردن بۆ بێلایەنی، لە لایەن دەزگای بینراوو بیستراوەوە هێندە ترسناکە کە خێراتر لە گەندەڵی کاریگەری دادەنێت و لەشکرێک لە مرۆڤی چەواشەکراو دروستدەکات.
لە کۆتاییدا و بۆ دانانی سنور بۆ ئەم گەندەڵییە میدیاییە، زەرورەتی قۆناغەکە وادەخوازێت کە هەوڵبدرێت بۆ دامەزراندن و بنیاتنانی میدیایەکی بێلانی بینراوو بیستراو کە دەسەڵات بخاتەوە ترسی جارانی، و ستۆپێکی گەورەش بۆ ئەو دەزگایانە بکات کە جاڕی بێلایەن بوون دەدەن و بە دەنگی بەرزدەنووسن و دەڵێن: ئێمەین تاکە کەناڵی بێلایەن.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.