عەفرین، ستالینگرادی سەدە

لەلایەن ستاندار Posted on 430 جار بینراوە

نەوشیروان محەمەد، سەباح محەمەد

بۆ ئاشنابوونی خوێنەر بە مەعرەکەی ستالینگراد، پێویستە بەکورتی تیشک بخەینە سەر ئەم مەعرەکەیە.

ستالینگراد یەکێکە لە مەیدانە جەنگیە مێژووییەکان، کەلەنێوان یەکێتی سۆڤیەت و ئەڵمانیا و ھاوپەیمانەکانی  لە دەوڵەتانی میحوەر ڕوویدا، لەگەرمەی جەنگی جیھانی دووەم، بەئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی شاری ستالینگراد کە ئێستا بە فۆڵغۆغراد ناودەبرێت. ئەم جەنگە لەھاوینی ساڵی ١٩٤٢ دەستیپێکرد و لە شوباتی ١٩٤٣ بەخۆبەدەستەوەدانی سوپای ئەڵمانیا کۆتایی ھات. لەسەرەتای جەنگی جیھانی دووەمدا ئەڵمانیا و یەکێتی سۆڤیەت ڕێککەوتننامەی ئاشتیان واژۆکرد، بەڵام دوای کۆتایھاتنی ئەم ڕێککەوتنامەیە جەنگەکە سەریھەڵدا.

شاری عەفرین، یەکێکە لە شارەکانی پارێزگای حەڵەبی ڕۆژئاوای کوردستان، دەکەوێتە گۆشەی باکوری خۆرئاوا لەسنوری نێوان سوریا_ تورکیا، ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی شاخاوییە و ڕووبەرەکەی ٣٨٥٠٠ کیلۆمەتر دووجایە، و کۆی دانیشتوانی ناوچەی عەفرین بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٠، ٥٢٣٢٥٨ کەسە.

لەسەرەتای بەھاری عەرەبیەوە، ڕۆژئاوای کوردستان بووەتە بەشێک لەو درامایەی کە بەھاری عەرەبی نمایشی کرد، و ڕووبەڕووی نا سەقامگیری سیاسی و ئەمنی بوویەوە، بەڵام پارتی یەکێتی دیموکرات بەھاوکاری پارتی کرێکارانی کوردستان توانی ناوچەکانی خۆی لەڕێگەی شەڕڤانەکانەوە بپارێزێت، و لەگەڵ دروستبوونی گروپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ، ئەرکی شەڕڤانان قۆرستر و بەرەکانی جەنگی ئەم ھێزە فراوانتر بوو. لە ھەشت ساڵی ڕابردوودا، ڕۆژئاوای کوردستان لە سێ ئاراستەوە ڕووبەڕووی شەڕ بووەتەوە، ئاراستەی یەکەم حکومەتی سوری، و ئاراستەی دووەم ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی وەک بەداعش و بەرەی نوسرە، و ئاراستەی سێیەم حکومەتی نەتەوەپەرستی تورکیا.

یەکینەکانی پاراستنی گەل، کە نزیکەی چوار ساڵ ھاوشانی” ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش”، شەڕی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستیەی کرد، ھەر ئەم ھێزە لە ئێستادا بووەتە ئامانجی ئەم دەوڵەتەی کە سپۆنسەری تیرۆرە لە ناوچەکەدا، ئەم دەوڵەتەش تورکیایە.

شەڕی تورکیا دژی پارتێکی سیاسی ڕۆژئاوا نیە بە تەنھا، بەڵکو ئەم شەڕە شەڕی وجودیەتی کوردە، و پرسی تیرۆر لە ئاراداد نیە، لەبەرئەوەی مەنتقی سیاسی ڕێگە بە عیبارەتێکی لەم جۆرە نادات کە ھێزێکی وەک یەپەگە، کە خۆی پاڵەوانی شەڕی دژی تیرۆرە و چەندین سەرکەوتن و داستانی مەزنی دژی دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی سەردەم بەدەستھێناوە، و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش بەردەوام  ھاوکاری یەپەگەی کردووە، و ئەمریکا بە ئاشکرا پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەم ھێزەدا ھەیە و چەک و یارمەتی سەربازییان پێشکەشدەکات، بەڵام ئەم ھێزە ھێزێکی تیرۆریست بێت؟

ستراتیج و ویستی تورکیای نەتەوەپەرست، ستراتیجێکی مەترسیدارە و ڕیشەیەکی مێژوویی قوڵی ھەیە، تورکیا لەسەرەتاوە بڕیاریداوە کە دژی گەلی کورد بجەنگێت، و لەبەردەم بەرەوپێشچوونەکانی گەلی کورددا بوەستێت،  لە باکوربێت یان باشور، ڕۆژھەڵات یان ڕۆژئاوا.

مەعرەکەی عەفرین، مەعرەکەیەکی نابەرامبەرە لەڕووی ژمارەی سەرباز ، و جۆری چەک و ھەواڵگری و تەکنەلۆجیای جەنگیەوە، بەڵام لەڕووی ئیرادە و عەقیدەی جەنگی و نەتەوەییەوە، عەفرینیەکان خاوەن ئیرادەیەکی بەھێزن و شەڕی ئیرادە دەکەن لەگەڵ تورکیا، ئەوان لەنێوان دوو بژاردەی ژیانێک کە بریتیە لە سەپاندنی ئیرادەی دوژمن، و بژاردەی مردن و مقاوەمەتدا لەپێناو شکۆی نەتەوەیدا، مردن و بەرخودانیان ھەڵبژاردووە.

بەرخودانی عەفرین ھەڵگری ڕەوایەتی، نەتەوەیی و ئاینی و مرۆییە، شەرعیەتی نەتەوەیی ئەم بەرخودانە لە کوردستانی بوونی ئەم ناوچانە، و نەبوونی سەرچاوەی ھەڕەشە و مەترسی بۆسەر گەل و نەتەوەییەکانی ترەوە وەرگرتووە، ئەم ھێزەیکە لە ڕابردوودا لە کۆبانێ و لە ئەمڕۆدا لە عەفرین دەجەنگێت، خاکی خۆیان دەپارێزن و بەرگری لێدەکەن، شەرعیەتی مرۆیی ئەم بەرخودانە، لەمرۆڤدۆستی و ژیان دۆستی و خۆشەویستی ئەم گەلەوەیە بۆ ژیان و تۆلێرانس، شەرعیەتە ئاینیەکەشی ئەوەیە کە کورد وەک نەتەوە موسوڵمانە، و کێشەی لەگەڵ ئاینی ئیسلامدا نیە، و ئەو پڕۆسانەی کە دژی کورد ئەنجامدراون بەناوی ئاینەوە، تەنھا بەکارھێنانی ئاین بووە بۆ ئامانجەکانیان، ئەردۆگانیش بەناوی ئۆپەراسیۆنی ” چڵە زەیتون” کە لە قورئاندا ناوی ھاتووە، دەیەوێت شەڕەکە وەک شەڕی موسوڵمان دژی ئەوانەی لەدەرەوەی بازنەی ئیسلامن وێنا بکات، و جەزبی موسوڵمانە کاڵفامەکانی تورکیا و ناوچەکە بکات بەلای خۆیدا.

لە عەفریندا پرسی جەنگی ڕەوا دێتە مەیدانەوە، چۆن لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، ئەمریکا دووچاری گەورەترین شکستی مێژوویی بوویەوە لە ڤێتنام، ئەگەرچی ئامرازەکانی جەنگ لە خزمەت سەرکەوتنی ئەمریکادابوو، بەڵام مۆتیڤی سەرەکی شکستی ئەمریکا و سەرکەوتنی ڤێتنام، ھێزی ویستی گەلی ڤێتنام بوو کە  بڕیاریان دابوو تەسلیم بە ویستی ئەمریکا نەبن، و شکۆی نەتەوەییان بپارێزن.

خاڵی وەرچەرخان لە بەرخودانی ڕۆژئاوادا (کۆبانێ، عەفرین)، بریتییە لە بەشداریکردن و سەرکردایەتیکردنی ئافرەت لەم بەرخودانەدا، ھەموو بزوتنەوە شۆڕشگێڕیەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە غیابی ڕێژەی بەرزی بەشداریکردنی ئافرەتاندا تۆمارکراون، جگە لە ڕێکخراوی موجاھیدینی خەڵق کە ڕێژەیەک لە ئافرەت تیایدا بەشداربوون، بەڵام لە ڕۆژئاوادا بەشداری ئافرەت لە بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردنی شەڕەکاندا لە ئاستێکی باشدایە.

نەبونی بڕیار و ھەڵوێست و ئاگادارکردنەوەی یەکلاکەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە تورکیا، جێگەی تێبینی و ڕامانە، ڕووبەڕووی ئەو پرسیارانەمان دەکاتەوە کە ئایا ئەمریکا بەم خێراییە پشتی کردە ئەم ھێزە؟ ئایا تێڕوانینی ئەمریکا بۆ ھێزە چەکدارە کوردیەکان بە شەڕڤان و گەریلا و پێشمەرگەوەتێڕوانینێکی موڕتەزیقانەیە( بەکرێگیراو) یاخود وەک ھێزێکی دژی تیرۆر لێیان دەڕوانێت؟

چەمکی دەستێوەردانی مرۆیی لە دۆخی عەفریندا بۆ ئامادەیی نیە؟ قوربانیەکانی عەفرین تەنھا شەڕڤان و ھێزی شەڕ کەرنین، خەڵکی مەدەنی قوربانی سەرەکی پەلامارەکانی تورکیایە، نەتەوە یەکگرتوەکان لەناویدا ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ھەندێک پرسی بچوک بەخێرایی بڕیار و ڕاسپاردە دەردەکات، بەڵام لەپرسی عەفریندا  ھەڵوێست و بڕیارەکان لەئاستی پێویستا نین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.