کورد ونەتەوە و ناسیونالیزم

لەلایەن ستاندار Posted on 1114 جار بینراوە 0 سەرنج
Rzgar Ali

ڕزگار عەلی

بەشی چوارەم/ دروستبوونی نەتەوە و ناسیونالیزمی کوردی

د.عرفان مستەفا لێکۆڵەر لە بواری نەتەوەخوازیدا لە کتێبەکەیدا (بوونی نەتەوەیی کورد لە نێوان فەلەسەفە و سۆسیۆپۆلەتیکدا) ئاماژەیەک دەرەبارەی نەتەوەخوازی کوردی و ناسیونالیزمی کوردی دەدات بەدەستەوە و دەڵێت: کورد لەناو ئەم مێژووە بوونی نییە، چونکە نە کۆیلایەتی قبوڵەت نە دەشتوانێت ببێت بەسەردار، کورد لە نێوان جیھانی سەردارەکان و جیھانی کۆیلەکان وەکو خۆی دەمێنیتەوە. بزانین ئەم ئاماژەیە لە کوێیەوە سەرھەڵدەدات؟ ھەروەکو بەشی یەکەم ئاماژەمان پێکرد کورد بە مانا سروشتییەکەی لای ڕۆسۆ ھەم ژینگەیەکی سروشتییەمان ھەیە، ھەم بەمانا لۆبۆنەکەی نەک ژینگەکە بەڵکو ژینگەی مرۆیی زمان و عادەت و کەلتور و جوگرافیامان ھەیە. ئەی کەواتە بۆ دەوڵەتمان نییە؟ ئەگەر بچینە قۆناغی دوڵەتی نەتەوەیی و دروستبوونەکەی کە پەیوەستە بەو جۆرە ناسیونالیزمەی کە یەکە سیاسییەکە وای لێدەکات نەتەوەی لێ بەرھەم بێت. واتە کورد بە مانا مۆدیرنەکەی تا ئێستاش نەیتوانیوە بە پڕۆسەی ناسیونالیزمدا بەمانا مۆدێرنەکەی بڕوات، واتە نەیتوانیوە بچێتە نێو سیستەمە جیھانێکی دەوڵەتی نەتەوە، کورد ئەو جۆرە ناسیونالیزمەی نەبووە کە بیەوێت جیاوازییە کەلتورییەکانی یەک بخات و دواجار کەلتورێکی موشتەرەک و زمانێکی ستانداری موشتەرەک بۆ جیاوازییە کەلتورییەکانی نێو خۆی تەرخان بکات، بەمەش نەیتوانیوە ببیتە دەوڵەت و تەنانەت بەمانا مۆدیرنەکەشی نەتەوە. ھەرچەند لیرە گیلنەر ئاماژەیەکی تر بەدەستەوە دەدات کە بەمانا مۆدیرنەکەی کاتێک دەوڵەت و پڕۆسەی ناسیونالیزم نەتەوەیان دروست کرد بەمانای نەتەوەبوون نایەت، بەڵکو نەتەوە لێرەدا چەواشەکارییەکی مۆدیرنە، بەڵکو ئامانجی ئەو پڕۆسەیە گواستنەوەیە لە قۆناغی کشتوکاڵییەوە بۆ قۆناغی پیشەسازی، بۆ ئەوەش ھەموو تاکەکەکانی نێو ئەو جوگرافیایە لەسەر ئیشکردن لەناو قۆناغی پیشەسازی ڕابھێنن. کەواتە بە تەعبیری پیشتری (ئیرنست گێلنەر) بێ بۆ دروستبوونی نەتەوە کە توانەوەی کەلتورەکانە لەنێو یەک کەلتور، ئەوا کورد پەیڕەوی جیاوازی کردووە بەمەش نەیتوانیوە ببێتە سەردارێک بۆ ئەوەی ھەموو کۆیلەکان لەخۆی بتوینێتەوە وناسیونالیزم دروست بکات، بەوەش نابێتە کۆیلە کە نەیھێشتووە لەناو یەکەیەکی تری دەوڵەتدا بتوێتەوە، واتە بەو مانایە کە کورد نە قبوڵی کردووە ببێتە دەوڵەت بەو جۆرەی دەوڵەتی مۆدیرنەی لێ دروست دەکرێت نە قبوڵی کردووە بچێتە ناو دەوڵەتی تر، واتە بەمانا مۆدێرنەکەی قبوڵی ئەوەی نەکردووە کەلتورەکەی و زمانەکەی و یەکە سیاسییەکەی لەگەڵ ئەو نەتەوەخوازییە تێکەڵ بکات تا پێکەوە کەلتورێکی ھاوبەش دروست بکەن و بەمەش دەوڵەتێک بۆ ھەموو لایەک بێت، نە دەشییەویت خۆی ببێتە سەردار تا ئەوانی تر بتوێنێتەوە خۆی ببێتە دەوڵەت. د. عرفان مستەفا لە کتێبەکەدا نمونەی (سەلاحەدین ئەیوبی) بۆ ئەم جیاوازییەی کوردبوون دەھینێتەوە و ئاماژە دەکات: سەلاحەدین لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتەکەی دەیتوانی کۆتایی بە خەلافەتی عەرەبی بھێنێ و خەلافەتێکی کوردی ئەیبوی بخاتە شوێنی، سەلاحەدین نەک ھەر ئەم کارە ناکات بەڵکو ئەوەش قبولە ناکات ببیتە سوڵتان و دەسەڵاتە دەونیایەکەی ناو خەلافەت بگرێتە دەست، ھۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەڵاحەدین لە دروستکردنی دەوڵەتەکەیدا وەکو دەوڵەتی عەسەبەکان بە یاسای سروشت بە یاسای شوناس و زاڵییەتی دەوڵەتەکەی خۆی دروست ناکات، بەڵکو (بە یاسا جیاوازی) کە یاسای کوردبوونە دەولەتەکەی خۆی دروست دەکات و دەبێتە نمونەیەک بۆ پارێزگاریکردن لە جیاوازی مەزھەبی و ئاینییەکانی نێوان ھەر سێ ئاینە ئاسمانییەکە. د.عرفان دەیەویت پێمان بڵێت سەلاحەدین کوردانە بیریکردۆتەوە بۆیە جیاوازیبوونی قبوڵ کردووە، ئەگەر تەماشایەکی ئەم نەزەرییە بکەین ئیشکالییەتییەکی یەکجار گەورەیە، چونکە جارێک عرفان مستەفا تێکەڵەی ئەوەی کردوو ئایا کورد خۆی بنامای جیاوازی لە خۆیدا ھەڵگرتووە یان بەسەریدا فەرزکراوە. دواتر سەڵاحەدینی ئەیوبی یەکەمجار بەیاسای زاڵییەتی لەناویشدا زاڵییەتی ئیسلام سەرکەوت بەسەر ئاینزاکانی قودسدا، زۆربەی جولەکەکان لەبەر شمشیرەکەی سەلاحەدین قودسیان بەجێھیشت، ئەوەشی مایەوە دەبوایە ڕازی ببوایە لەژێر خەلافەتی دەوڵەتی ئەیبوی سەلاحەدیندا بژی، دواجار ئەوەشی کە مایەوە بە جولەکەبوون، ئەمە داھێنانێکی سەلاحەدین نەبوو، بەڵکو لە سەردەمی ( پێغمبەر محەمەد)یشدا دەیان و سەدان جولەکە لەناو مەکە و مەدینە ھەبوون، ھەرگیز ئەوە لای من قبوڵ نییە سەلاحەدین لەبەر کوردبوون بنەمای جیاوازیبوونی لەخۆیدا ھەڵگرتبێت، دواجار کورد بەلای منەوە بنەمای جیاوازی نەکردۆتە پڕۆژە بەڵکو لە نەتوانینی بۆ بنەمای یەک کەلتوری یان زاڵبووندا بنەمای جیاوازی لای ماوەتەوە. عرفان مستەفا درێژە بە باسەکە دەدات و ئاماژە دەکات و دەڵێت: کورد لەناو ئەوروپاش بایە ئەوە چارەنووسیی دەبوو؟ ئایا ئەگەر تیورەکەی گێلنەر بھینین کە نەتەوە چەواشەکارییە، بەڵکو ئەوەی ھەبوو گواستنەوەبوو لە قۆناغی کشتوکاڵی بۆ قۆناغی پیشەسازی. بە پێ ی ئەم تیورە بێت ئایا کورد لە ئەورپا بایە ئایا قۆناغی گەشەسەندنی ڕینساس و پیشەسازیبوون ڕووی تێنەدەکرد؟ ئایا دەتوانن نەتەوەیەکم پێ بڵێن لە ئەوروپا کە لە قۆناغی پیشەسازیبوون نەبێت؟

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆ نەیتوانیوە؟ ھەرگیز باوەڕناکەم ئەوەی لە کورددا بووە و نەبووەتە دەوڵەت یان نەتەوە بەمانا مۆدیرنەکەی پەیوەندی بە جوگرافیاو دەوڵەتانی ناوچەکە و دەوڵەتانی (عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران) نەبێت. بۆیە کاتێکیش دەگەڕیینەوە بۆ ئەم ناوچەیە و ئەم جوگرافیایەی دەوڵەتان و نەتەوەکانی لێ دروستبووە، بەتەواوی تیورەکەی ئەرنست گیلنەر بەجیدەھێڵین چونکە ئەم تیورە لە چوارچێوەی وڵاتانی ڕۆژئاواوە تەماشای بونیادی دروستکرنی دەوڵەت و نەتەوە دەکات و ھیچ کۆمەکێک بە ئێمە ناکات، ئەگەر ئەوە وەربگرین دەبێت بڵێین کورد نەتەوەش نییە، ئەمەش گەورەترین بێ ئینسافی و ھەڵەی تیورییە کە نابێت ھەرگیز لێ ی نزیک ببینەوە.

لێرەدا دەچینەوە قۆناغی چوگرافیای ئەم ناوچەیە کە نەتەوە دەوڵەت دروست دەکات نەک بە پێچەوانەوە، واتە بە تەواوی لە تیوری گێلنەر بۆ دروستبوونی نەتەوە دووردەکەوینەوە و لە جێگەی ئەو پێناسەی (بەندیکت ئەندرسۆن) وەردەگرین کە دەڵێت: نەتەوە گروپیکی سیاسی فەنتازیکراوە. بە باوەڕی ئەندرسۆن نەتەوە فەنتازیای گروپێکە لە ئیمپراتۆرییەت بچوکترە و لە خێڵ و گروپە بچوکەکانی پێش نەتەوەش گەورەترە، کەواتە مەرج نییە نەتەوە ھەمیشە لە فۆڕمی دەوڵەت بێت دەکرێت چەندان فۆڕمی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەخۆی بگرێت بەمەش لەوە دەردەچین بڵێن کورد نەتەوە نییە، بەڵام ئایا بۆ نەیتوانیوە دەوڵەت بێت؟

بە خویندنەوەکان بۆ دۆخی فاشیستی دەوڵەتەکان لەم چوار دەوڵەتە لەم ناوچەیە کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە کە کەلتورێکی بەمانا عەسەبەکەی زاڵییەتییە، چونکە ئەوان دوانیان پیشتر لە فۆڕمی ئیمپراتۆرییەت بوون دوانی تریشیان لەناوچەرگەی حوکمڕانی ئیسلامدا بوون، ھەرگیز ئەم چوار دەوڵەتە نەیانتوانیوە لەگەڵ کورد گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی لە زاڵیییەتی خۆیان وازبھێنن، ھەرگیزیش ناتوانن، چونکە ئەمە پەیوەست نییە بە دۆخی حوکمرانیکردن تا یەکیان بێت لەوی تر باشتر، بەڵکو دۆخی سروشتبوونی ئەمانە دۆخیکی فاشیستییە، ئەم چوارە ئیسلامیکی زاڵییەتی سروشتییان تیکەل بە دەولەت و نەتەوەکانی خۆیان کردووە، واتە ئاین لای ئەمان ئاین نەتەوەیە، ئاین دەوڵەتە، خودی ئاین ناسنامەی خۆی لەدەستداوە، بەمەش بنەمای زاڵییەتی ئاین لای ئەوان ھیچ کات گفتوگۆی لەسەر ناکرێت، تا بەمانا گیلنەرەکەی شتێکی ھاوبەش بونیاد بنرێت بۆ ھەمووان، ھەرگیزیش رێگە نادەن ئەم زاڵییەتە زاڵبوونی خۆی لەدەست بدات، چونکە کاتێک کورد بیەوێت دەوڵەت ڕابگەیەنێت زاڵییەتی ئەوان دەکەوێتە مەترسییەوە. واتە کورد نەدەتوانێت لەگەڵ ئەوان دەوڵەتێکی ھاوبەش بونیاد بنێت نە دەتوانێت خۆشی دەوڵەتێک دروست بکات چونکە ئەوان ھەڵدەوەشێنیتەوە.

کەواتە ئەوەی کورد نەیتوانیوە ببێتە دەوڵەت پەیوەندی سەپاندنی کەلتورێکی ناوخۆ و زاڵییەتی ناوخۆ بەسەر کەلتورە جیاوازییەکانی نێو خۆ نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ھەڵوەشاندنەوەی چوار دەوڵەتەوە ھەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *