گێچەڵکردن بە ناوی ئاین و کوردایەتییەوە! شەڕێک لە بەردەرگای کۆمەڵی ئیسلامییدا

لەلایەن ستاندار Posted on 498 جار بینراوە

گێچەڵکردن بە ناوی ئاین و کوردایەتییەوە!
شەڕێک لە بەردەرگای کۆمەڵی ئیسلامییدا

هاوژین عومەر

لە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان، دیاردە و رووداوگەلی سەیر و سەمەرە سەرهەڵدەدەن (تای هەڵبژاردن)، هەموان شان بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان دەکوتن، بەڵام بە ناو و ناونیشانی ساختە و بەرژەوەندیی ناڕاستەقینە و بەڵێنی بێبنەماوە. لە سەروبەندی هەر هەڵبژاردنێکدا، زۆرترین موزایەدە بە ناوەکانی وەکو نەتەوە و نیشتمان و تەنانەت ئاین و کوردایەتییشەوە دەکرێت.
ئێستاش کە لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی ١٢ی ئایار بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزیک دەبینەوە، دوو پێشهات و تەحەددیی گەورە یەخەی ئێمەی ئیسلامیی (کۆمەڵى ئیسلامیى بە تایبەت) دەگرن و بۆ لێدان لە ڕەوتی پەرەسەندنمان، قوت دەکرێنەوە. ئەو دوو بابەتەش یەکێکیان پێکهێنانی لیستێکی دیکەی هاوپەیمانییە بە باڵادەستیی یەکێتی و پارتی بۆ ناوچە دابڕاوەکان و هەڵوەشاندنەوەی لیستی (نیشتمان)ی کۆمەڵ و گۆڕان و هاوپەیمانییە، بە ناوی پاراستنی دەنگی کورد لەو ناوچانە. ئەوی دیکەشیان بابەتی پێکهێنانی لیستێکی ئیسلامییە بۆ هەڵبژاردنەکان و دروستکردنی بەرەیەکی ئیسلامییە لە نێوان هێز و ڕێکخراو و کەسایەتییە ئیسلامییەکاندا.
ئەم دوو بابەتە جگە لەوەی دوو بابەتی هەستیارن، هاوکات سەرنج و خوێندنەوەی زۆریش هەڵدەگرن، پێویستیشیان بە خستنەڕووی فاکتەرەکانی سەرکەوتن و شکستیان هەیە، بەڵام لێرەدا و لەم فەزا بچووکەدا تەنها چەند کورتەسەرنجێکیان لەبارەوە دەخەینە ڕوو.
هەرچی سەبارەت بە بابەتی پێکهێنانی لیستێکی دیکەی هاوپەیمانییە بۆ شاری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و هەڵوەشاندنەوەی (لیستی نیشتمان)ــە، پێویستە ئەم ڕاستییانەى لەبارەوە بخەینە ڕوو:
یەکەم: لە بنەڕەتدا ئەو بانگەشەیە بۆ خزمەتی دەنگ و سەنگی کورد نییە لەو ناوچانە، ئەگەر وایە، بۆچی لە کاتی پێکهێنانی (لیستی نیشتمان)دا وەکو تاکە هاوپەیمانیی کوردیی، ئەو هێزانەی بانگهێشت کران بۆ بەشداربوون لە پێکهێنانیدا، ڕەتیان کردەوە و تەنانەت موزایەدەشیان بەسەر سێ لایەنەکەدا دەکرد؟! ئەو هێزانە بۆ ئەوکات نەهاتنە پێش بۆ جێکردنەوەی ئامانج و تێڕوانینەکانی خۆیان لە ناو بەرنامەی سیاسیی لیستەکەدا و خزمەتی سیاسیی خۆیانی پێ بکەن، لە کاتێکدا هیچ هاوپەیمانییەکی تر دروست نەببوو؟ بۆچی جارێکی دیکە بڕیاری سیاسی و چارەنووسی خۆیان بە یەکێتی و پارتییەوە بەستەوە؟
دووەم: بەم لیستی نیشتمانە، سێ لایەنەکە دەنگی کوردیان لە دابەشبوونی زیاتر ڕزگار کرد، نەک بە پێچەوانەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە هیچ هاوپەیمانییەک بۆ ناوچە جێناکۆکەکان دروست نەکرا، بۆ کەس نقەی لێوە نەهات؟ بۆچی ئەو لایەنانە خەمی دەنگی کوردیان نەبوو کە ئەوکات یەکێتی و پارتی بە لیستی جیا بەشدار بوون؟ ئەو دوو حیزبە چونکە ئەوکات خۆیان دەستڕۆشتووی ئەو ناوچانە بوون و دەنگیان مسۆگەر بوو، هەردووکیان بە جیا لە کەرکوک و موسڵ بەشدار بوون، ئێستا خێرە بیری هێزەکانی دیکەیان دەکەوێتەوە؟! کەواتە مەسەلەکە پەیوەندیی بە نیشتمانەوە نییە، بەڵکو بابەتەکە بەرژەوەندیی حیزبییە و هیچی دیکە. پێویست ناکات بۆ جارێکی دیکەش کۆمەڵێک حیزب بچنەوە ژێر باڵی یەکێتی و پارتی و ئەزموونی ڕیفراندۆمەکە دووبارە بکەنەوە، بە تایبەتیش کە ئامانج لە خودی (لیستی نیشتمان)، ئەزموونکردنێکى نوێیە دوور لە ڕۆڵى یەکێتی و پارتی.
سێیەم: دەتوانم بە دڵنیاییەوە ئەوە بڵێم کە هۆکاری ڕاستەقینەی پشت ورووژاندنی ئەم بابەتە، ڕزگارکردنی پارتەکانی دەسەڵات و هەندێک حیزبی دیکەیە لە بڕیاری هەڵەی خۆیان، ئەوان بە دوای بیانوویەکدا دەگەڕێن بۆ پاشگەزبوونەوەیەکی موحتەرەمانە لەو بڕیارە هەڵانەی لە بارەی چۆنێتیی بەشدارییکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ناوچە جێناکۆکانە داویانە، یەکیان بە لیستی سەربەخۆ و یەکیشیان بە بایکۆتکردن!
چارەسەری ئەم بابەتەش ئەوەیە، هەرکەسێک خەمی یەکڕیزیی کورد و سەنگی کوردی هەیە لە دەرەوەی ئەزموونی شکستخواردووی یەکێتی و پارتی، تا ماوەی یاسایی ماوە، دەتوانێت (لیستی نیشتمان) دەوڵەمەندتر بکات بە کەسایەتی و پاڵێوراوی دڵسۆز و ڕابردووپاک، وەکو تاکە هاوپەیمانیى کوردیى، نەک بەپێچەوانەوە!
هەرچی سەبارەت بە بابەتی پێکهێنانی لیستێکی ئیسلامییشە، ئەوە ئاوات و ئومێدی چەند ساڵی ڕابردووی زۆرێک لە کەسایەتی و نوخبەی ئیسلامییش بووە، هەموو جارێک دەمان وت ئێستا کە هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ لە جۆر و میکانیزنی حیزبایەتییکردن و دنیابینیی ئیسلامییەکان نەماوە، بۆچی بیر لە دروستکردنی قەوارەیەکی ئیسلامیی گەورەتر، یان بەرەیەکی سیاسیی ئیسلامیی کوردیی ناکرێتەوە؟! ئەوانەشی دەستپێشخەری ئەم بابەتە بوون، زۆرێک لە نوخبە و ڕۆشنبیری نێو هێزە ئیسلامییەکان و ژمارەیەک ڕێکخراو و دامەزراوەی مەدەنیی ئیسلامیی خەمخۆر بوون، ئەم نوخبەیە ئەگەر هیچیان پێ نەکرابێت، ئەوا توانییان لە دە ساڵی ڕابردوودا تۆوی هەندێک پڕۆژەی فیکریی و ڕۆشنبیریی هاوبەش بچێنن و بەرهەمی زۆریشی لێ بچننەوە. بەڵام ئەوە کارەکتەرە سیاسییەکان بوون برەویان بەو بابەتە نەدا، هەندێکیشیان لە خەمی پێگەی ئایندە و چارەنووسی خۆیاندا بوون و هیچ بەم دەستپێشخەرییانە سەرسام نەبوون، کەچی ئێستا هەر ئەوانەن زۆرترین موزایەدەی لەبارەوە دەکەن و دەسى چەوریان بە خەڵکى دیکە دەسڕن.
ئەوەی کە لەم دۆخە هەستیارەدا پێویستە لەسەر ئەم بابەتە بخرێتە ڕوو، بریتییە لەم خاڵانەی خوارەوە:
یەکەم: کاتێک بابەتی بەرەی ئیسلامیی و پڕۆژەی کاری هاوبەش خرایە بەرباس، لە هەرێمی کوردستان قەیرانگەلی قووڵی سیاسی و ئابووریی هاوشێوەی ئەوانەی چوارساڵی ڕابردوو بوونیان نەبوو، ئەوکات دابەشبوونی سیاسیی بەسەر چەند بەرەیەکدا، یان ڕاستتر بڵێین بەرەی زاڵم و مەزڵوم، یەخەی هێزە ئیسلامییەکانی نەگرتبوو، ئەوکات زەمینەی زۆر لەبار هەبوو بۆ لێکنزیکبوونەوەی زیاتری ئیسلامییەکان، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە تەواو جیاواز و پێچەوانەیە. پێویستە ئەوەش بیری هەموان بخرێتەوە، کە سەرەتای ئەم پڕۆژەیە لە دوور و نزیک بۆ بەرژەوەندیی حیزبی و سیاسی و مەسەلەی هەڵبژاردن و یەکلیستیی نەبوو، بەڵکو بۆ ئامانجێکی گەورەتر و پیرۆزتر بوو، کەسیش مافی ئەوەی نییە ئەو ئامانجە لە بابەتێکی بچووکتر و بۆ بەرژەوەندیی بەرتەسکی حیزبیی کورت هەڵبێنێت و ناپاکی لە هەوڵ و دڵسۆزیی و ماندووبوونی هەموان بکات.
دووەم: پێکهێنانی یەک لیستیی ئیسلامیی، دەبێت وەکو ئەنجام سەیر بکرێت، نەک وەکو خاڵی سەرەتا و دەستپێکی پڕۆسەی لێکنزیکبوونەوەی ئیسلامییەکان. پێکهێنانی ئەو لیستە دەبێت بکەوێتە دوای کۆمەڵێک هەنگاو و هەڵوێستی سیاسی و فیکریی کردەیی، کە تا ئێستاش دانەیەکیان جێبەجێ نەکراون. هێزگەلێک کە تا ئێستاش تانە لە فیکر و جۆری بیرکردنەوە و میکانیزمی کارکردنی یەکتر بدەن و هەڵوێستی سیاسییشیان ئاسمان و ڕێسمانیان سەبارەت بە قەیرانە سیاسییەکانی هەرێم بەین بێت، چۆن دەتوانن ئەزموونێکی پێکەوەیی سەرکەوتوو و بەردەوام لە یەک لیست و فراکسیۆندا بەم شپرزیی و پەلەپەلییە تۆمار بکەن؟ خستنەڕووی ئەم ڕوئیایانە بۆ پەکخستنی ئەو پڕۆژە پیرۆز و درێژخایەنە نییە، بەڵکو جیاوازیی ئەم تێڕوانینە لەگەڵ ئەوانی دیکە ئەوەیە، ئێمە بە کردەیی خەمی چارەنووسی بەرەی ئیسلامییمان هەیە، خەڵکێکی دیکەش خەمی چارەنووسی نادیاری خۆی!
سێیەم: بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئێستای هەرێم ئەوە دەخوازێت دابەشبوون لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیی وەلا بنرێت و هەموان پێکەوە لە خەمی بەهاناوەچوونی خەڵک و وڵاتدا بن، لە کاتێکدا ستەم و ناعەدالەتیی، کۆمەڵگەی کوردیی و ئەزموونەکەیان لەبەریەک هەڵوەشاندووە. دابەشبوونی ئێستا دەبێت بەرمەبنای وەستانەوە بە ڕووی ستەم و تاکڕەویی و ملهوڕییەکانی دەسەڵاتدارانی گەندەڵکاری کوردستان بێت، نەک بە پێچەوانەوە. ئەم ڕاستییە شەرعییەش بیرمەند و زانایانی ئیسلام فەرموویانە و مەبەستەکانى شەریعەتیش ئەوەمان لێدەخوازێت. کاری لەپێشینەی پێغەمبەران و شوێنکەوتە چاکەکانیشيان، وەستانەوە بە ڕووی ستەم و ستەمکاران و ڕزگارکردنی کۆمەڵگەی خۆیان بووە لە چەوساندنەوە.
ئیسلامییەکانی کوردستان ئەگەر بە دوای یەکدەنگی و یەکلیستیدا دەگەڕێن، دەبێت زەمینەی بۆ ساز بکەن و پایەکانی بۆ دابکوتن، ئەوەش بەم یەک دوو ڕۆژ و بەم شپرزییەی نێو ماڵی ئیسلامییەکان ناکرێت. باشترین شتێکیس کە پێویست بێت لە ئێستادا بیکەن، کۆبوونەوەی هەموویانە، لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکانی دیکە کە باوەڕیان بە ڕاستکردنەوەی ئەم دەسەڵاتدارێتییە خواروخێچە هەیە، لە یەک بەرەی سیاسییدا و هەوڵدانیانە بۆ ڕوودانی گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و دروستکردنی دەسەڵات و حوکمێکی ڕاشیدانە، نەک پاڵدانەوە لە ژێر سایە و سێبەرى یەکێتی و پارتی و خۆتێرکردن لە بەرژەوەندییە نادروستەکانیان.
ئەگەر ئەوەش ڕوو نادات، ئەوا لە دۆخێکی وەکو ئێستادا، باشترين بژاردە لیستی سەربەخۆیە بۆ هەر لایەک و هیچ جێگرەوەیەکیشی نییە، تاوەکو هەموان پێگە و قورسایی سیاسیی ڕاستەقینەی خۆیان بزانن. (والله أعلم).

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.