ھەڵبژاردن و زاکیرەی دەنگدەران

لەلایەن ستاندار Posted on 461 جار بینراوە

عەبدولحەکیم زراری
رۆژ بە رۆژ لە پڕۆسەیەکی تری ھەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، ئەویش ھەڵبژارنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە کە بڕیارە لە ١٢/٥/٢٠١٨ ئەنجام بدرێت. ھەڵبەت دیارە پرۆسەی ھەڵبژاردن لە چوارچێوەی سیستمێکی دیموکراتدا یەکێکە لەو ئامرازانەی کە لە رێیەوە بە بێ ھیچ جۆرە تەشەنوجێک شەرعییەتی دەسەڵاتدارێتی یان حوکمڕانی لە حزبێک دەسەنێتەوەو دەیدات بە لایەنێکی دیکە.
ھەڵبژاردن تاکە ئامرازە کە لە رێیەوە حزبەکان دەتوانن بگەن بە ئامانجی خۆیان،و ئەو بەرنامە و دروشمانەی لە میانەی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردندا بەرزیان کردبۆوە دەتوانن بە ژمارەی زۆری کورسییەکانیان شۆڕی بکەنەوە سەر ئەرزی واقیع و پراکتیزەی بکەن.
سەبارەت بە دەنگدەرانیش مەبەستمان لێرە دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکانە، ئەم پڕۆسەی ھەڵبژاردنە چاکترین دەرفەت و باشترین وێستگەیە تا رەخنە و گلەییەکانیان کە بەدرێژایی ساڵانی حوکمڕانی کوردی پەنگیان خواردووەتەوە و قووت دراوە، لە رێی دەنگەکانییانەوە ھەڵیڕێژن و بۆ بواری پراکتیکی تەرجەمە بکەن، بەجۆرێک تۆلە لەو ھێز و لایەنە سیاسییانە بکەنەوە کە لەو ماوە دوورودرێژەدا خۆیان بەسەر خەڵکی ئەم ھەرێمە خێر لە خۆ نەدیوەدا سەپاندووە و بە ھەر شێوەیەک بۆیان لوابێت سلیان لە سوکایەتی بە ھاوڵاتیان نەکردووە لە گەندەڵی و دزینی سامانی وڵات تا دەگاتە شکاندنی شکۆی ھەرێم و لە دەستدانی نیوەی زیاتری خەڵک و خاکی ھەرێمی کوردستان، جا لەبەرەنجامی ئەو سیاسەتە شکستخوارد و حوکمڕانییەتە ئیفلیجییە تولانییە، ژیانی تاکە تاکەی ھاوڵاتیانی تەنگتر و ناڕەحەتتربووە تا ئاستی کاڵ بوونەوەی ئینتیمابوون بۆ نیشتیمان.
من نامەوێت لێرەدا چیڕۆکی دوورودرێژی فەرمانڕەوایەتی کردنی ئەو بیست و شەش ساڵەی دەسەڵاتدارانی کوردی بگێڕمەوە، چونکە خەڵکی کوردستان و بە تایبەتیش دەنگدەران بە واقیعی مەسی ئەو دەسەڵاتەیان کردووە و قوربانی راستەوخۆی نادادپەروەری و گەندەڵی و پیسخۆری و پێشێلکارییەکانی مافەکانی ھاوڵاتیانی ئەو دەسەڵاتەن، بەڵکو ئەوەی من لێرە دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم تەنھا سیناریۆی ھەڵبژاردنە ھەروەک ئاشکرایە دوای چەند ھەفتەی تر بانگەشەی ھەڵبژاردن لەلایەن سەرجەم حزبە بەشداربووەکان دەست پێدەکات، جا ئەوەی گرنگە کە ھەڵوەستەی لەسەر بکەین ئاگایی و وریایی دەنگدەرانە لە کاتی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژارندا، کە چۆن ھەڵویست وەردەگرن لەبەرامبەر ئەو حزبانەی ھەر وەک وتمان بەدریژایی حوکمڕانیان لە ئاستی تموح و خۆزگە و خەون و خولیاکانی ئەوان نەبوون، بەڵکو بوونە وێرانە و سەرەخۆرەی وڵات بە چەشنێک پرۆسەی سیاسییان تووشی دۆگمابوونێکی مەترسیدارکردووە و ژێرخانی ئابووری وڵاتیان داتەپاندووە و ھەرچی نۆرم و بەھا مۆڕالییە بەرزەکان ھەن دایانڕزاندووە و رایەڵەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان تێک و پێک شکاندووە. ئاشکرایە بۆ پەردە پۆش کردنی ھەموو ئەو کارە دزێو و نەخوزاراوانەی کە حزبی دەسەڵات لە رابردوودا بەسەر ئەم خەڵکەیدا ھێناوە، ھەوڵدەدات ھەر لە یەکەم چرکە ساتی دەستپێکردنی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردندا ئەم حەقیقەتە حاشا ھەڵنەگرە لە زایکرەی دەنگدەران بسڕێتەوە و بە دەمامک و مەکیاجکردنێکی پڕ لە فرت و فێڵ و فیشاڵەوە بێتە ناو ھەڵمەتەکەوە، بەچەشنێک خۆی وا نیشان دەدات کە ھەر ئەوان فریاگوزرای ئەم دۆخەن و باوەشی گەرمی ھەژاران و لیقەوماوانن، بەمەش بەلێنی دروستکردنی بەھەشتی خۆشیان لەسەر ئەم سەرزەمینە پێ دەدەن و سەردانی ماڵەکانیان دەکەن و پارە و قووتی دزراوی ئەم خەڵکەیان بۆ مەکسەبی حزبی بەسەریان دابەش دەکەن،و لە نزیکەوە خۆیان وا دەناسێنن کە ھەر ئەوان خزمەتکاری خەڵکی کوردستانن و ئاسۆی دوارۆژی ئەم گەلەن، وەک ئەوەی ئەوان لە پێشوودا ھۆکاری نەھامەنییەکانی خەڵک نەبووبن و حاکمێکی چارەگران نەبووبن، کەچی رێک ھەر رۆژێک دوای ھەڵبژاردن، نە ھەر ئەو دەنگدەرە ھەژارانە ناناسنەوە کە فرمێسکی تیمساحیانەیان بۆ ھەڵدەڕێشتن و لێیان دەپاڕانەوە دەنگیان بدەنێ، بەڵکو بە ھەزاران واستە و تکا و رجاش ناتونی ئەو دەسەڵاتدارانەی دوێنێ ببینی کە چووە ماڵەکەی و سواڵی دەنگی لێ دەکرد. بۆیە پێویستە دەنگدەرانمان زۆر بە ھۆشیاری و زایکرەیەکی بەھێزەوە بەرخورد لەگەڵ ئەم پرسە بکەن و ھاش و ھوشی راگەیاندن و گەرمایی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن و ھوتافچی و دروشمابازەکان، تۆزقاڵێک لەو پاشخان و پەرێز و رابردووە ناشرینەی ئەوان، پاشگەزیان نەکاتەوە،و گەورەیی ئەم کارەساتەی بەسەریان ھاتووە لە بیر و خەیاڵدانیان نەسڕێتەوە وەکو ئەوەی ھیچ رووی نەدابێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەنگدەر دەبێ ئەوەبزانێ کە ئەوەی ئەوان ھەڵمەتی بۆ دەکەن تەنھا بۆ چەواشەکاری و درێژدەدانە بە مانەوەی خۆیان لەسەر شانۆی سیاسی بۆ ئیدامەدان بەو نەھجەی کەلەسەری راھاتوون و فرچکیان پێوەگرتووە. بۆیە پێویستە ھەردەم ئەوە بخەینە پێش چاوی خۆمان کامە ھێز و لایەن بوون کە لە رابردوودا بە ھەڵوێستی مەردانە و کوردانە و خەمخۆرانە بۆ ھاتنەدی بەرژەوەندییەکانی جەماوەر ھەردەم لە خەت بوون و بۆ ھەمیشەش لە بەرەی گەل بوون،و لەو پێناوەشدا باجی زۆریاندا، کەچی بەملیمیش نەخزانە نێو رووبەری چینی گەندەڵکاران و پیسخۆرانەوە لە پێناو تەحقیقکردنی چەند بەرژەوەندییەکی تەسکی حزبی و شەخسی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.