وەرزی خستنی فڕۆكەكان

لەلایەن ستاندار Posted on 506 جار بینراوە

فەرید ئەسەسەرد

پێدەچێ‌ وەرزی خستنی فڕۆكەكان لە سوریا دەستی پێ‌ كرد بێ‌. لە 3ی شوبات فڕۆكەیەكی سۆخۆی 25ی روسی لە ئاسمانی ئیدلب بە موشەكێكی دژ بە فڕۆكە خرایە خوارەوەو فڕۆكەوانەكەی لە ناوچەیەكدا دابەزی كە لە ژێر دەسەڵاتی چەكدارەكانی بەرەی نوسرە دایە. ئەم فڕۆكەیە دووەم فڕۆكەی جەنگیی روسیایە كە لە سوریا دەخرێتە خوارەوە.
هەروەها لە 10ی شوباتدا فڕۆكەیەكی ئێف 16ی ئیسرائیلی كە بە ئاسمانی سوریا دەسوڕایەوە، تەقەی لێ‌ كراو پێكرا، دواتریش لە باكوری حەیفا كەوتە خوار. فڕۆكەیەكی ئێف 15ی ئیسرائیلیش پێكرا، بەڵام فڕۆكەوانەكەی گەیاندییە ناو ئیسرائیل ‌و لە شوێنێكدا نیشتەوە. هەر ئەو رۆژە ئیسرائیل فڕۆكەیەكی بێ‌ فڕۆكەوانی ئێرانی لە شیوەكانی ئوردون خستە خوارەوە.
لە عەفرینیش هێزەكانی كورد لە 10ی شوباتدا هەلیكۆپتەرێكی توركیایان خست ‌و لە ئەنجامدا هەردوو فڕۆكەوانەكەی گیانیان لە دەست دا.
لە كاتی گرژیدا پەرەسەندنی دیاردەی خستنی فڕۆكەكان ئاماژەیەكە بۆ تەشەنە سەندنی مەترسییەكان ‌و خراپتر بوونی رەوشەكە و فراوان بوونی پانتایی شەڕ.
روسەكان زۆر بەخستنی فڕۆكەكانیان هەستیارن. هەر لە سەرەتاوە كەوتنە گەڕ بۆ وەرگرتنەوەی جەستەی فڕۆكەكەیان بۆ ئەوەی بزانن بە چ جۆرە موشەكێك پێكراوە. مۆسكۆ زۆر مەبەستێتی سەرچاوەی موشەكەكە دیاری بكات چونكە گومانی هەیە لایەنێكی وەك ئەمریكا یان ئیسرائیل ئەو جۆرە موشەكەی بۆ چەكدارەكانی دژ بە رژێمی ئەسەد دابین كردووە.
تا پێش روداوەكە، مۆسكۆ داوای لە سوریا دەكرد وەڵامی پێشێلكارییە ئاسمانییەكانی فڕۆكەكانی ئیسرائیل نەداوەتەوە. بەڵام گۆڕانی كتوپڕی ستراتیجی سوریاو تەقەكردن لە فڕۆكەكانی ئیسرائیل، دەشێ‌ نیشانەی ئەوە بێ‌ كە مۆسكۆ چەكی پێشكەوتووی دژە ئاسمانیی بۆ هێزەكانی حكومەتی سوریا دابین كردووەو رێگاشی پێداون خێراو بە توندی وەڵامی هەر پێشێلكارییەكی فڕۆكەكانی ئیسرائیل بدەنەوە. مۆسكۆ لە ڕێی سوریاوە دەیەوێ‌ تۆڵەی خستنی فڕۆكەكەی لەو لایەنانە بكاتەوە كە كارەكەیان ئەنجام داوە یان ژێر بەژێر دەستیان تێدا هەیە. خستنە خوارەوەی ئێف 17 كەی ئیسرائیل، دەنگدانەوەیەكی زۆری لە شەقامی عەرەبیدا هەبوو و دەرفەتێكی باشی بۆ رژێمی ئەسەد پێكهێنا تا بگەڕێتەوە ناو كۆڕی نیشتمانپەروەری. مێژووی شەڕی ئاسمانیی نێوان ئیسرائیل ‌و سوریا هەرگیز لە بەرژەوەندیی سوریادا نەبوە. گەورەترین شەڕی ئاسمانیی نێوان ئیسرائیل ‌و سوریا بۆ ساڵی 1982 دەگەڕێتەوە، كە تێیدا فڕۆكەكانی مێگ 21‌و ئێف و 15‌و ئێف 16 ‌و فانتۆم ‌و سكۆتی ئیسرائیل لە رۆژانی 9و 10و 11ی حوزەیرانی 1982 دا لە ئاسمانی لوبنان روبەڕوی فڕۆكەكانی مێگ 21 ‌و مێگ 23ی سوریا بونەوەو شەڕەكە بە كارەسات بۆ سوریا شكایەوە: سوریا لە شەڕەكەدا 76 فڕۆكەی شەڕكەری لە دەست دا، لەكاتێكدا ئیسرائیل تەنها 5 فڕۆكەی شەڕكەری لێ‌ خرا.
هەرچەند ئێستاش تەرازوی هێز لە نێوان هەردوو وڵاتدا، زۆرتر لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل دایە، بەڵام لە سوریایەكی تێوەگلاو لە شەڕو هەڕەشەلێكراو و تەنگ پێهەڵچنراو، خستنی فڕۆكەیەكی شەڕكەری ئیسرائیلی ‌و پێكرانی فڕۆكەیەكی تر، لە ناوەڕۆكدا پەیامێكی سیاسیی بەهێزی تێدا دەبینرێ‌.
بە هەمان پێودانگ، خۆڕاگریی عەفرین ‌و بەرپەرچدانەوەی هێرشی بەربڵاوی یەكێ‌ لە بەهێزترین سوپاكانی ناوچەكە، نیشانەی ئەوەیە كە مەرج نییە پشت بەستنی شەڕە كلاسیكییەكان بە تەكنەلۆژیا، سەركەوتنێكی ئاسان دابین بكات. لەم جۆرە شەڕانەدا توانای خستنی فڕۆكە بەڵگەی هێزە. بە دڵنیاییەوە، توركیا دەتوانێ‌ قەرەبوی هەلیكۆپتەرە تێكشاوەكەی و دوو فڕۆكەوانە كوژراوەكەی بكاتەوە. بۆ توركیا، مەسەلە مەسەلەی خستنی فڕۆكە نییە، بەڵكو مەسەلەی ئەوەیە كە لایەنەكەی تر سەرچاوەیەكی مسۆگەری خۆ چەكداركردنی هەیە كە بە هۆیەوە دەتوانێ‌ زیانی زۆرتر لە سوپای توركیا بداو بەردەوامیش بێ‌ لەسەر بەربەرەكانێ‌ كردنی هێرشەكان. ئەمەش مایەی نیگەرانییەكی زۆرە بۆ توركیا.
ئەم رووداوە بە دڵنیاییەوە كاریگەرییەكی زۆر لەسەر پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە بەجێ‌ دێڵێ‌ كە توركیا پێی وایە كار بۆ ئەوە دەكەن كە شەڕی عەفرین بەو ئامانجە نەگات كە توركیا هەوڵی بۆ دەدا.
لە وەرزی خستنی فڕۆكەكاندا هەموو ئەگەرە خراپەكان بە كراوەیی دەمێننەوە. هەموو ئەو لایەنانەی كە لە شەڕدا فڕۆكەیان خراوە یان پێكراوە، پێویستیان بەوە هەیە كە وردتر بارودۆخەكە هەڵسەنگێنن ‌و پێداچوونەوەیەك بە تاكتیكە پەیڕەوكراوەكانیاندا بكەن ‌و تەنانەت رەنگە مەسەلەكە بگاتە رادەی پێداچونەوە بە ستراتیجە كارپێكراوەكانیشدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.