لیستی شەهیدان پاكە، ئێوە بە خەڵكی ناپاك پیستان كرد

لەلایەن ستاندار Posted on 431 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

لە كاتی هەمواركردنەوەی یاسای خانەنیشنی كە لە ئێستادا لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەبارەیەوە دەكرێت، خاڵێك سەرنجی راكێشاین، ئەویش پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ پاككردنەوەی لیستی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، ئەو لیژنەیەی كە لە لایەن وەزیری شەهیدان سەرپەرشتی دەكرێت و گوایە بە سێ مانگی تر ئەو لیستە پاكدەكرێتەوە.

بەرلەوەی بچینە سەر ئەو هەنگاوەی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان و ئەگەرەكانی جدیەتی ئەو هەنگاوە بخەینە بەردەم شەنوكەوكردن، دەپرسین ئەرێ بەڕاست ئەو لیستە پیسكراوە تا پاكی بكەنەوە، ئەگەر وایە بەچی پیسكراوە و كێ پیسی كردووە، كە ئێستا لیژنە بۆ پاككردنەوەی پێك دێنن؟

هیچ گومانی تێدانیە كە لیستی شەهیدانی كوردستان و زیندانیانی سیاسی پڕاوپڕە لە كەسانێك كە نەك هەر شەهید و زیندانی سیاسی نەبوونە بگرە پێچەوانەی ئەو توێژانە، خەلكانێك بوونە كە لەسەنگەری دژ بە گەلەكەیان كوژراون و ململانێی حزبایەتی بەسەر لیستی شەهیدانی دوو حزبەكەی دەسەڵات دابەشی كردوون، لەماوەی دەسەڵاتی ئەو دوو حزبە كاری زۆر سەیرو سەمەرە كراوە بەڵام ئەوەی كە لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە كە لیستی شەهیدان خەڵكی ناشایستەی بخرێتە ناو، ئەمەشیان وەك باسمان كرد زادەی ململانێی ناشەریفانەی حزبەكان بوو لە كوردستان.

ئەوەی كە جێگای هەڵوەستەیە ئەوەیە كە ئەمڕۆ نیە كە كەسوكاری شەهیدان داوادەكەن كە ناكرێت ئەو جۆرە خەڵكانە بخرێنە ریزی ئەو شەهیدانەی كە گیانی خۆیان كردۆتە قوربانی گەل و نیشتمان، بەڵام كەس ئامادە نەبوو گوێ بەو داخوازیەی كەسوكاری شەهیدان بگرێت.

پاك ڕانەگرتنی لیستی شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوزای كوردستان و تێوەخزاندنی ئەو لیستە لە خەڵكانی ناشیستە و تەنانەت ڕابردوو خراب ئاماژەیە بەوەی لە 27 ساڵی ڕابردوو شتێك نەماوە لە لای دەسەڵاتدارانی كورد پێی بووترێت پیرۆژی و خەتی سوور، ئەگینا لای هەموو میللەتانی جیهان شەهید پیرۆزیەكی خۆی هەیە ناكرێت تێكەڵاوی خەڵكانی تر بكرێت.

سەبارەت بەوە كە حكومەت لیژنەی پێكهێناوەو لیستەكە پاك دەكاتەوە لەگەل ئەوەی لە كوردستان خەڵك ئەزموونی خرابی لەگەڵ لیژنەوە لیژنەكاری هەیە، بەڵام هەمدیس ئەگەر ئەو كارە ئەنجام بدرێت خراب نیە كورد كووتەنی گەڕانەوەی زەرەرە لە نیوە، واتا گێڕانەوەی مافێكی مەعنەوەیە بۆ كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی كە ئیتر لە ریزی بكوژانی كەسوكاریان مووچە وەرناگرن.

ئەوە كارەی كە كراوە لەوەی شەهید و بكوژەكانیان خراونەتە یەك لیست لە هەرێمی كوردستان نەبوایە لە هەر شوێنێكی تر بایە دەبوو ئەنجامدەرانی توندترین سزا بدرێن، چونكە بەو كارە ناشایستەیان هەموو ئەو ئیدیعایانە پووچەڵ دەبنەوە كە هەمیشە دەیڵينەوە :

شەهیدان سەرەوەرن و بەرهەمی ئازادی كوردستان زادەی خوێنی شەهیدەكانمانە، ئەگەر وابوو بۆچی دەستان بەو پیرۆزیەوە نەگرت و بۆچی دولی چاڕەكە سەدەیەك لە حوكمڕانیتان تازە بە تازە لیژنە بۆ پاكسازی لە لیستی شەهیدان درووست دەكەن؟

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.