بەشداری نەکردنی دەنگدەر لە دەنگدان لە قازانجی کێ یە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 471 جار بینراوە

ئومێد موستەفا
گومانی تێدانییە ھەڵبژاردن بۆ ئەوە دەکرێ تا ئەو دۆخەی کە پێشتر لە ئارادبووە ھەوڵی گۆڕانکاری بدرێت جا لە بواری سیاسی بێت یان ئابووری یان کۆمەڵایەتی یان ھتد….، گرنگ نابێ ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێ کەچی بارودۆخە باوەکە ھەروەکو خۆی بمێنێتەوە و درێژەی ھەبێت، بەڵکو دەبێ ئەگەر دۆخەکەخراپە ھەوڵی چاککردنی بدرێ و ئەگەر چاک و باشیشە باشتر و چاکتر بکرێ و زیاتر بەرەو پێشەوە ببرێت، ئەوەش دیارە لە خۆوە ناکرێ و ئاوا بە ئاسانی مەیسەر نابێت، بەڵکو بەرەنجامی ھاتنەپێشی کەسانی ترە لە ھێز و لایەنە سیاسییەکان کە بە عەقڵییەت و نەھج و میتۆدێکی تازە و بە شێواز و ئالییەتی ترەوە بەرخورد لەگەڵ دۆخی پێشوو بکەن، بەمەبەستی دەرباز کردنی رەوشەکە و ھێنانە ئارای کەش و ھەوایەکی تر کە جیا بێت لە ھی پێش خۆی، ھەر ھەموو ئەم گۆڕنکارییانەش بۆ بەرژەوەندی ھاوڵاتیان و پتەوکردنی ژێرخانی وڵات و گەشەپێدانییەتی لە سەرجەم لایەنەکانییەوە، تا بەھۆیەوە بتوانێت مواکبەی پەرەسەندنەکان و گۆڕانکارییەکانی دونیا بکا و لە کاروانی پێشکەوتن و بە شارستانی بوونی وڵاتان دوانەکەوێت .
کەواتە بۆ دەنگدەران کاتی دەنگدان گونجاوترین دەرفەتە ئەگەر ھەر توڕەیی و گلەیی و گازاندەکی لە دەسەڵاتی پێشوو ھەبووبێت، ئەوا زۆر بە ئازادانەدەتوانێت ئیرادەی خۆی بەگەڕ بخا و بچێتە سەرسندوقەکانی دەنگدان، تا لەوێوە بەو دەنگەی دەیدات و بەو کارتەی دەخاتە ناو سندوقی دەنگدانەوە، بڕیاری گۆڕانکاری یەکجاری و ھێنانە پێشەوەی دەم و چاوی تر بە عەقڵییەت و تێڕوانین و فەلسەفەی جیاوە بدات بۆ خۆشکردنی ژیانی ئێستا و داھاتووی ئەم گەلە، بە جۆرێک ببێتە ھۆی قوتار بوون لە دۆخی چەقبەستوو و ھەنگاونان بەرەو ئاسۆیەکی روونتر و پڕ لە ئۆمێد و ھاتنەدی خەونەکان.
ئاشکریە لەماوەی کەمتر لە ٣ مانگی تر کە دەکاتە بەرواری ١٢/٥/٢٠١٨ بڕیارە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێ، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێ خەڵکی بە شێوەیەکی گشتی لە ھەرێمی کوردستان لە پێشوازییەکی گەرمی ئەو رۆژە نین و ھیچ گەرم و گوڕییەکیان لێ بەدی ناکرێت لە چوونیان بۆ بنکەکانی تۆماری دەنگدەران تا ناویان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار بکەن، تا دواجار کارتی دەنگدانیان پێ بدرێ، چونکە ئەگەر ھەر دەنگدەرێک لە رۆژی دەنگدان ئەم کارتەی لا نەبێت مافی دەنگدانی دەفەوتێت، دیارە پاساو و ھۆکار زۆرن بۆ ئەو ساردوسڕییەی جەماوەر، لە گرنگترینی پاساوەکان نەبوونی متمانەیە بە دەسەڵاتی کوردی و ناشیرین بوونی سیاسەتە لەلای دەنگدەران کە لە ماوەی بیست و شەش ساڵی حوکمڕانی نەتوانرا سیاسەت وەکو خۆی مومارەسە بکرێت کە بریتییە لە ئیدارەدانێکی سەرکەوتووانەی وڵات و پێشکەشکردنی چاکترین خزمەتگوزاری بە ھاوڵاتیان کە ببێتە خۆشکردنی بژێوی ژیانیان و ئارام بوونی دەروونیان و دوورکەوتنەوەیان لە ھەر فشارێک کە دەخرێتە سەریان. تا ئێرە حەقیقەتەن وایە خەڵکی بە تایبەتیش لەم ساڵانەی دوایی ژیانێکی کولەمەرگی و مەژییە و مەمرە دەباتە سەر کە خراپی دۆخی ئابووری و دارایی کە ئەویش بەرھەمی سیاسەتە شکستخواردووەکەی حزبە فەرمانڕەواکانی ھەرێمە، تەنگی بە ھاووڵاتیان ھەڵچنیوە و تەواو لە ژیان بێ ئومێدی کردوون و ئینتیماشیان بۆ خاک و وڵات لە لێواری کاڵ بوونەوە و نەمانی یەکجارییە، بۆیە ناوە ناوە لە ھەواڵەکان گوێ بیستی ئەوە دەبین بە داخەوە کە فڵان ھاوڵاتی لە فلان شوێن لە ھەرێمی کوردستان کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێناوە جا بە خۆ خنکاندن بێت یان بە خۆکوژی بووبێت. ھەروەھا بەردەوام چوونی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانیش بۆ دەرەوەی وڵات و جێھێشتنی خاک و زێدی باوباپیرەیان ئەمانەش بەردەوام ھەواڵی گەرم و سەردێڕی رۆژنامەکانن. جا سەرەڕای راستی و حەقیقەتی ئەم دۆخە نەخوازراوەی کە باسمان کرد، بەڵام بابێین پرسیارێک لە خۆمان بکەین ئایا بە ساردبوونەوەمان و نەچوونمان بۆ دەنگدان لە رۆژی ھەڵبژاردن، کێ سوودمەندی سەرەکی دەبێت؟ ئایا بە بەمانەوەمان لە ماڵەوە و دەنگ نەدانمان ئەم بارودۆخە تاقەتپڕوکێنە سەختگیرە چارەسەر دەبێ؟ بێگومان لە وەڵامدا دەڵێین ھەرگیزا و ھەرگیز نەخێر، چونکە بەمانەوەی دەنگدەران لەماڵەوە و نەچوونیان بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان، درێژە بە مانەوەی ئەو دەم و چاو و عەقڵییەتە شکستخواردووانە دەدەن کە ھەرێمی کوردستانیان بەم رۆژە تاڵ و شووم و پڕ لە قەیرانە گەیاندووە، جا ھەروەک پێشتر ئاماژەمان پێدا تاکە تروسکایی و ئومێدێک ھەبێت بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی ریشەیی تەنھا و تەنھا دەنگدانی دەنگدەرانە، واتە سندوقی دەنگدان ئەم پرسە یەکلایی دەکاتەوە و بالانسەکان دەگۆڕێت و دۆخە سیاسییەکە سەرەو خوار دەکات، کەواتە مادام ئەوە بایەخ و گرنگی و ھەستیاری دەنگدان بێت، پێویستە ھاوڵاتیان لە ئێستاوە بە ھیوا و دڵێکی پڕ لە حەسرەت و خۆزگەوە چاوەڕوانی زوو ھاتنی ئەو رۆژە بکەن، تا لە پرۆسەیەکی ئاوا دیموکرات و ئازاددا تۆلەی خۆیان لەو حزبە دەسەڵاتدارانە بکەنەوە و ڕق و خەشم و بێزاری و ناڕەزایی و گلەییەکانیان لە رێی دەنگدانەکانییانەوە وەرگێڕنە سەر واقیع و بیسەلمێنن کە ئەوان بەو رەوشە نالەبارەی کە ھەرێم پێیدا گوزەر دەکات رازی نینە و خواستی گۆڕانی ریشەیی دەکەن. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە دەنگدەران وریا بن و بە چەواشە و بەلێنە درۆینییەکان و خۆ خۆشەویست کردنی حزبە دەسەڵاتدارەکان ھەڵنەخەڵەتێن و متمانەیان پێنەکەن کە لە ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن دەیگرنەبەر لە زەوی و پارە دابەش کردن و سەردان و ھامۆشۆکردنی ماڵان، بەڵکو پێویستە پاڵپشتی ئەو لیست و پاڵیوراوانە بکەن کە جێی ئومێدی ئایندەی ئەوانن، تاکە پێوەریش بۆ ئەمە پەرێز پاکی و رابردووی لێوان لێو لە ھەڵوێستی شەرەفمەندانەی ئەو حزب و لایەنانەیە کە بەردەوام لە سەنگەری بەرگری کردن بوون لە ماف و داخوازییەکانی جەماوەر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.