لە ڕانیە هەڕەشەی کوشتن لە مامۆستایەک دەکرێت.

لەلایەن ستاندار Posted on 701 جار بینراوە

ستاندەر

لە شارۆچکەی ڕانیەی سەر بە پارێزگاری سلێمانی بەرپرسێکی سەربازی چەند جارێک هەڵدەکوتێتە ماڵی مامۆستایەک.

مامۆستا ئەبوبەکر خدر کە مامۆستایە لە قوتابخانەیەکی ئەهلی لە شارۆچکەی ڕانیە، دوای ئەوەی لە کاتی تاقیکردنەوە دەست دەگرێت بەسەر قۆپیەی یەکێک لە قوتابیەکانی کە کوڕی بەرپرسێکی سەربازی ناوچەکەیە بەناوی (م.ع)، دەکەوێتە بەر هەڕەشەی بەرپرسە سەربازیەکە.

مامۆستا ئەبوبەکر بۆ ستاندەرووتی: دوای ئەوەی لە تاقیکردنەوە قۆپیەم لە کوڕی (م.ع) گرت،  لە بەرواری ١٨ ی شوبات باوکی قوتابیەکەو بەڕێوەبەری قوتابخانە هەوڵێکی زۆریان دا کە چاوپۆشی لە قوتابیەکە بکەم، بەڵام من بە هەموو شێوەیەک رەتم کردەوەو رازی نەبووم.

رۆژی دواتر واتا ١٩ی شوبات، هەوڵی دووەمیان ئەوە بوو هاتنە لای مامم و ویستیان بەهەر شێوەیەک بێت رازیم بکەن کە قوتابیەکایان لە تاقیکردنەوە دەرچوێنم و چاوپۆشی لە گزیکاریەکەی بکەم، بەڵام من دووبارە بە تووندی رەتم کردەوەو ئامادە نەبووم خیانەت لە ئەمانەتەکەی سەرشانم وەکو مامۆستایەک بکەم.

ئەو بەرپرسە کۆڵنادات و هەوڵی ئەوە دەدات لە بەرامبەر بڕە پارەیەک قەناعەت بە مامۆستا ئەبوبەکر بێنێت، بەڵام لەو هەوڵەشی سەرکەوتوو نابێت.

دوای ئەوەی بێئومید دەبێت لە هەوڵ و ناوەند گیریەکانی، ئیدی بەرپرسەکە رێگای توندوتیژی دەگرێتە بەر و رۆژی ٢٣ی شوبات هەڵدەکووتتە سەر ماڵی مامۆستا ئەبوبەکر و سوکایەتییەکی زۆر بە کەسوکاری دەکات، بەڵام لەو کاتەدا مامۆستا ئەبوبەکر لە ماڵەوە نابێت و ناکەوێتە بەر دەستیان، کە بە هەواڵەکە دەزانێت رانیە بەجێدەهێڵێت و لە ٢٤ی شوبات خۆی دەگەیەنێتە سلێمانی و لە ماڵی مامێکی خۆی حەشار دەدات.

شایانی باسە بەرپرسە سەربازیەکە زۆر بەدوایدا دەگەڕێت و چەند جارێکی تر بە تەلەفۆن هەڕەشەی کوشتنی لێدەکات و چەند جارێکی تریش دەچێتەوە ماڵیان بەمەبەستی دەستگیر کردنی، بەڵام خۆشبەختانە ناتوانن دەستگیری بکەن.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.