بۆچی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو گرینگن؟

لەلایەن ستاندار Posted on 564 جار بینراوە

سمیع سابیر
هەڵبژاردن وەک میکانیزمێکی ئاشتیانەی دوور لە توندووتیژی بۆ ئاڵوگۆری دەسەڵات سەیر دەکریت لە دونیایی سیاسی کۆمەڵگایی نێودەوڵەتی، واتە گرینگیەکەی لە دوو لاوە خۆی نمایش دەکات، یەکەم میکانزمیکی ڕەوایی دانپیانراوی دونیایی سیاسییە، دووەم وەک بەدیلی توندووتیژیە، جگە لەوەی بنەمایەکی هەرە گرینگی شارستانیە، بۆئەوەی کۆمەڵگاکان خۆیان جیابکەنەوە لە کۆمەڵگاکانی تر ئەم میکانیزمە دەکەن بە بنەمایی خۆ جیاکردنەوە.
لەم چوارچێوەیەدا کۆمەڵگایی کوردستانی کەم تا زۆر بەبێ ئاوردانەوە لە چیەتی هەڵبژاردنەکان پەنایی بۆ ئەم میکانیزمە بردووە، لە ماوەی بیست و حەوت ساڵی تەمەنی خۆیدا، سەڕەڕایی ئەوەی گومان رەخنەی جددی هەیە و هەبووە لە سەر چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەم پڕۆسە سیاسییە، هەر لە (تەزویر و دواخستن)ی و چەندین کەموو کوری تر، بەڵام خۆش بەختانە دەستی پێوەگیراوە وەک میکانیزمێک بۆ گۆرانکاری، بۆیە دەمەوێت لەم خاڵەوە جەخت لەسەر گرینگی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکەم بۆ کۆمەڵگایی کوردستانی، لەم خاڵانەی خوارەوە.
یەکەم: هەڵبژاردن و پڕۆسەی هەڵبژاردن وەک تاکە بەدیل (ئەلتەرناتیڤ)، لە بیست حەوت ساڵی ڕابردوو دەتوانم بڵێم ئێمە وەک کورد زۆربەی رێگاکانی گۆراتکاریمان تاقی کردۆتەوە وەک ( ڕاپەڕین و شەڕی ناوەخۆ و خۆپیشاندان و مانگرتن… هیتر) بەڵام تا ئێستا بەئەنجام نەگەشتوین بۆ گۆرانکاری لە دەسەڵات و سیستەمی سیاسی، کەواتە هەڵبژاردنەکان وەک تاکە رێگا ماونەتەوە بۆ گۆرانکاری هەرچەند پرۆسەیەکی نەفەس درێژە، لەهەمانکاتدا سەڕەڕایی کەمووکورتی لەم پڕۆسەیە، بەڵام توانویەتی گۆرانکاریەکی رێژەیی دروست بکات لە کوردستان، بۆ نموونە پارتی و یەکێتی لە یەکەم هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی کوردستان خاوەنی (سەد) کورسی پەرلەمانی بوون بەڵام ئێستا خاوەنی تەنیا پەنجا و شەش کورسی پەرلەمانین، گومان لەوە نیە ئەم گۆڕانکاریە هەڵبژاردن کردی.
دووەم: هەڵبژاردنی دوایی ڕووداوە گەورەکانە یان هەڵبژاردنی دوایی شکستە، گومان لەوە نیە کە کوردستان بە سەرکردایەتی هێزە حوکومرانەکانی ئێستا گیرۆدەی چەندین قەیران و شکستی گەورەی (سیاسی و ئابووری و لەشکری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری و پەروەردەی و تەندروستی) بۆتەوە، لە سەرووی هەموویان شکستی ئابووری و لەشکری، ئەم هەموو شکستانە پێویستی بە دەرچەیەکە بۆ ڕزگاربوون لێی، بەتایبەتی دەرچەیەکیش کە ئاشتیانە بێت، ئاشکرایە هەڵبژاردن ئەم رێگا گرینگەیە بۆ دەرباز بوون لێیان.
سێیەم: لاواز بوون یاخود نەمانی پشتگیری هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان بۆ حوکومرانانی ئێستا، لە دوایی ریفراندۆم و شکستی 16ی ئۆکتۆبەر، زۆر بە روونی هەست بەم سیاسەتە دەکەی، نموونە کەم بوونەوەی وەفدە دیبلۆماسیەکان هەروەها کەمی سەردانیکردنی سیاسەکانی کوردستان بۆ دەرەوە، وە بێدەنگی ئەمریکا و ئەورپا لە سیاسەتەکانی حوکومەتی فیدراڵی لەبەرانبەر هەرێمی کوردستان نا دەگات بە سرکردنی پۆستی سەرۆکی هەرێم.
چوارەم: دەرکەوتنی هێزی سیاسی نوێ، لە سەروی هەموان (هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری) و ( نەوەی نوێ) کە وا دەردەکەوێت پشتگیریەکی هەرێمی و نێودەوڵەتیان هەبێت، دەرکەوتنی هێزی نوێ دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە هەرێمی کوردستان لە بۆشایی سیاسی و ئیداری دایە، پێویستی بە هێزی نوێیە پریکاتەوە.
پێنجەم: میکانیزمی ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، کە خۆیی دەبینێتەوە لە سیستەمی (بایۆمەتری) راگەیاندی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە زوترین کات، هەروەها بوونی چاودێرانی نێودەوڵەتی، کە هەموو ئەمانە ئەگەری تەزویر کەم دەکەنەوە، وەک کێشەیەکی جەوهەری لە هەڵبژاردنەکان.
شەشەم: خەراپی پەیوەندی هێزە حوکومرانەکان، لەسەروی هەموویان پارتی و یەکێتی، بۆ نموونە رێکنەکەتن لەسەر یەک لیستی بۆ هەڵبژاردنەکان.
حەفتەم: ناڕازی بوونی یەکجار زۆری کۆمەڵگایی کوردستانی بە گشتی و توێژی مووچەخۆر بەتایبەتی، گومان لەوە نیە کە هەموو گۆرانکاریەکان لە ئەنجامی ناڕازیەوە دەست پێدەکات، ئەمە رێسایەکی زانستی سیاسییە.
هەشتەم: نەمانی چەکی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایان هێزەکانی حوکومران بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە سەرووی هەموان نەبوون یان کەمی پارە، هەروەها لەپاڵ ئەمە هۆشیاری زیاتری هاوڵاتی کوردستانی و ناسینی زیاتری ئەم هێزانە.
بۆیە دەبێت هاوڵاتی و تاکی کورد زۆر بە هەستیاری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بڕوانێ، بیکات بە خاڵی یەکلایکەرەوە بۆ گۆرانکاریەکان، سڵ لە هیچ بانگەشەیەکی نادروستی هێنادروستەکان نەکاتەوە بۆ ئەوەی ساردی کەنەوە لەو دەنگەی کە دەبێتە وەرچەرخان بۆ داهاتووی خۆی و نەوەکانی، هەڵبژاردن وەک دادگایی گەل بزانێت کە خۆی تیایدا حاکمە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.