راپەڕین، نەوت و گەندەڵى!

لەلایەن ستاندار Posted on 370 جار بینراوە

د. موئمین یاسین زەڵمى

بیستوحەوت ساڵ بەسەر ڕاپەرینى گەورەى گەلى کورد لە باشورى کوردستان دژى ستەم و نادادگەرى رژێمى بەعسى عێراقى تێدەپەڕێت و لەو ماوەیەشدا حکومەتی هەرێمى کوردستان وەک حکومەتێکى خۆماڵیى ئەرکى ڕاپەراندنى کارەکانى حکومەتدارى ئەم هەرێمەى لە ئەستۆدایە. سەرنجەکانم لەسەر حکومەتدارى دوو لایەنەکەی دەسەڵاتە لە ساڵانى پاش ڕاپەرینەوە چیان هەیە و چیان کردووە؟ سێرچێکى کورت لە هەر وێبگەیەکى ئەنتەرنێتدا بە خێراى وەڵامى ئەم دوو پرسیارەت دەداتەوە، بە نوسینى ناوى (کوردستان) بە زمانى کوردى یان هەر زمانێکیتر لە سێرچى وێبگەکاندا بەرامبەرت دەکاتەوە لەگەڵ هەر دوو وشەى (نەوت) و (گەندەڵى)، کەواتە هیچ سەخت نەبوو دۆزینەوەى وەڵامى پرسیارەکان و بە ئاسانى توانیمان وەڵامی خۆمان وەربگرینەوە لەوەى دوو هێزەکە لە دەسەڵاتی خۆیاندا بوونەتە خاوەنى (نەوت) و (گەندەڵى)یان پێشکەشى گەلى کورد کردووە.

ڕاپەڕین وەک رووداوێکى ناوخۆیى کوردى بۆ روانگەى جیهانیى و نێودەوڵەتى پاڵنەرى خۆى هەبوو، کە وەک چۆن هانى خەڵکى دەدا بۆ بەشدارى فراوان و خۆبەختکردن ئاواش شەرعییەتى نێودەوڵەتى وەرگرت، ئەویش ستەم و زوڵمى لە ڕادەبەدەرى رژێم بوو بەرامبەر بە گەلى کورد بە تایبەت کارەساتى (کیمیاییباران و ئەنفال) کە بوونە دوو رووداوى جیهانى و نێودەوڵەتى و سەرنجى دەوڵەتانیان بۆ پشتگیرى ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆى گەلى کورد راکێشا و بە هۆکارگەڵێکى بەهێزى ناوخۆییەشەوە لە پێش هەموویانەوە هەماهەنگى و هاوکارى نێوان لایەنە سیاسییەکان راپەرین سەرى گرت، بەڵام پاش بیست و حەوت ساڵ ئێستا نە سەرنجە نێودەوڵەتییەکان لەسەرمان بەو شێوەیەن و نە هەماهەنگى ناوخۆییش بوونى ماوە، کەواتە بمانەوێ یان نەمانەوێ لە قەیرانێکى گەورەداین و زۆرن ئەو کەسانەش پەشیمانن لە راپەرین و خۆبەختکردن و قوربانیدان.

ڕاپەرین بۆ ئازادى و سەربەخۆیى و ژیانێکى خۆشى گەل کرا بەڵام ئێستا نە ژیان خۆشە و نە سەربەخۆیى وەرگیرا و نە ئازادى و مافى مرۆڤیش بوونیان هەیە، لە جیاتى هەموو ئەمانە (نەوت) هەیە. نەوت بوویە پێناسەى کوردستانى باشوور بەڵام نەک بۆ خوشگوزەرانى هاوڵاتیان بەڵکو بۆ دەردیسەرى و چاوتێبڕینى دراوسێ و وڵاتانى زلهێز، هەر ئەم رۆژانەى یادى ڕاپەڕین دەکەینەوە، (نەوت) کە یەکێکە لە بەرهەمەکانى (ڕاپەرین) خەریکە ژیان لە خەڵکى ئەم هەرێمە دسەنێتەوە! گەورەترین کێشەى نێوان بەغدا و کوردستان کە جاران هەستى نیشتیمانپەروەرى بوو و پێشمەرگەکانى کوردستان قوربانییان بۆ دەدا ئێستا (نەوت) تێکیداوە و حزبە بازرگانەکان بوونەتە پارێزەرى.

لە کۆتاییدا ئەوەى گرنگە ئەوەیە، هوشیارى گشتى بگاتە ئاستێک و هەموو رێگا مەدەنییەکان بگیردرێنە بەر تا بەرهەمەکانى ڕاپەرین بۆ خزمەتى خەڵک بن نەک بۆ خزمەتى حزب و هەوڵى تەبایى ناوخۆیى بدرێت و گەندەڵ بنبڕ بکرێت و ژیانێکى ئاسودە ببێتە بەشى هاوڵاتیانى ئەم هەرێمەى کە خەریکبوو نەوت بمانخنکێنێ!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.