ستاندەر
چەند رۆژێکە لەناوەندی سیاسی ھەرێمی کوردستان تاوتوێی کشانەوەی کورد لەپرۆسەی سیاسی عێراق دەکرێت، ئەوەش وەک کاردانەوەی ھەولێر لەبەرانبەر پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتی عێراق بەبێ کورد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس کەوتووە، ھەوڵی کشانەوەی کورد لەپرۆسەی سیاسیو بەشدارینەکردن لەھەڵبژاردنی عێراق ھەوڵێکە پارتی دیموکراتی لەپشتییەوەیەتیو دەیەوێت باوەڕ بەلایەنەکانی تری ھەرێم بھێنێت، بەکۆدەنگی ئەو بڕیارە بدەن.
ھەر بەپێی زانیارییەکان بۆ ئەو مەبەستە شاندێک لەکەرکوکەوە قسەیان لەگەڵ سەرۆکایەتی کۆمارو لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، بۆ زانینی لێکەوتەو کاردانەوەکانی ئەگەری پاشەکشەو ئەگەری بایکۆتی ھەڵبژاردن، بەتایبەتی لەکەرکوک، بەڵام سەرۆکایەتی کۆمار، کە بەدەست کوردەوەیە، پرسی کشانەوەی لەپرۆسەی سیاسی عێراق بەکراوەیی ھێشتووەتەوەو بڕیاری کۆتایی لەبارەی کشانەوەی کورد نەدراوە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی لایەنەکانی تر لەو بارەوە بۆچوونی خۆیان نەخستووەتەڕوو.