قۆناغێکی نوێ لە رۆڵی پێشڕەوانە و بەشداری ژنان

لەلایەن ستاندار Posted on 371 جار بینراوە

بەشدار حەسەن چاوشین

ئەگەر مێژوویەک ھەبێت، ئەگەر شارستانییەک ھەبێت، ئەگەر ھزری مۆدێرنە و چاخی ڕۆشنگەری ھەبێت، ئەگەر ژیانێکی حەیەویی ھەبێت ئەوا ژن سەنتڕاڵ و سەرچاوەی ھەموویان بووە. مەزنایەتی ھەر شۆڕشێک، ھەر شارستانییەک، ھەر پێشکەوتنێک لەگەڵ مەزنایەتی ژن و دەرکەوتنی ژن ھەڵدەسەنگێنرێت، ناکرێت سەرکەوتنێک ھەبێت بێ ژن، نابێت ژیانێکی ئازاد ھەبێت بێ ژن، ناکرێت ڕاستینەی نەتەوەیەکی سەرکەوتوو ھەبێت بێ ژن. ھەموو جەنگە گەورەکان و ھەموو ڕووداوە قێزەونەکانی مێژووی مرۆڤایەتی ھی زاڵییەتی پیاو بووە بەسەر ژن، ھێزی دەرخستنی پیاوێتی ھێزی لەناوبردنی ژن و ژیانە، بۆیە شیعاری زاڵییەتی پیاوێتی کە شیعاری ناتەواوی ژنە ناتەواوی ژیانی لێکەوتۆتەوە. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بەر لە پەنچا ساڵ ژنانی ئەمریکا دژی دۆخی باوی ئازادنەبوونیان، دژی دۆخی ژیانێکی زاڵێتی پیاو ھاتنە دەنگ و ناڕەزایەتییان بەرزکردەوە، لەم پێناوەدا قوربانی زۆریان دا، دەستکەوتی زۆر گەورەشیان بەدەستھێنا، ھەر لە بەشداری سیاسی، تا بەشداری لە بڕیار و دەرفەتی کاری یەکسان لەسەرجەم کایەکان. لە داستانی گەلگامێش کارئەکتەری ژن خۆی بە نوێنەری عیشق و ژیان دەبینێ، عەشتار دەڵێت: لە نێو ژیاندا نەمری و ئەبەدێتیش ھەر لە ڕێگای ئێمەوە دێت. حەزرەتی موحەمەد دروودی خوای لەسەر بێت لە ڕێگای ژنەوە شۆڕشی خوڵقاند، کاتێک ژن زیندەبەچاڵ دەکرا، ئەو ژنی وەکو بەھایەکی گەورەی ژیان لای خۆی ھێشتەوە ودەفەرموێ( إنما النساءشقائق الرجال ، ما أكرمهن إلا كريم ، وما أهانهن إلا لئيم ).. ئایا بۆچی ئەمانە باس دەکەین؟ ئەم پرسیارە بۆ ئەوەمان دەبات، ئایا بۆ یادی ھەشتی مارس دەکەینەوە؟ چونکە تا ئێستاش ژنانی دونیا، لە ژێر ھەژموونی نادادپەروەری و نایەکسانین، تا ئێستاش لە زۆربەی شوێنەکان وەکو کەنیزە و کۆیلە تەماشا دەکرێن، بۆیە ئێمە پێویستمان بە زیھنێتی ھەڵمەتێکی گەورەی شۆڕشی ژنان ھەیە، دەبێت بتەکانی بەردەم ئازادی ژن تێکبشکێنرێت، پێویستە دیکتاتۆری موڵکایەتی و داگیرکردنی ژن لە لایەن خێزانەوە تێکبشکێنرێت. ئەوەی تایبەتە بە کۆمەڵگەی کوردی، بە تایبەت لە کوردستانی باکور لە ماوەی ڕابردوو ھەڵمەتێکی ئازادی ژن لە ئارادابوو، ئەمەش بە دیاریکراوی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ھەڵمەتە دژە ژن و دژە ئازادی لە ساڵی ھەشتاکانەوە لە لایەن عەبدوڵا ئۆجەلانەوە دەستیپێکرد، ئۆجەلا پێ ی وایە: ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن ڕەگەزی نییە، بەڵکو کۆمەڵایەتییە. بەمەش شۆڕشێکی گەورەی کۆمەڵایەتی دژی ھەموو ئەو بت و ڕێگرانە دەستپێکرد کە ڕێگرین لەوەی ژن تواناکانی خۆی دەربخات، ژن جوانی بە ژیان ببەخشێت، ژن بۆ ئازادی بجەنگێت، ژن بەرخودان بۆ نەتەوەکەی بکات، ئەم ھەڵمەتە لەناوخۆدا و بەدیاریکراوی لە کوردستان باکور سەرکەوتنی یەکجار گەورەی بەدەست ھێنا.

ئێستا ژن لە با جیاتی ئەوەی لە پێناو شەڕەفدا بکوژرێت، خۆی لە پێناو ئازادی و شەڕەفی ئینسانییەتدا دەجەنگێت، تەماشا ئەردۆگان لە باکور و ڕۆژئاوا و بەدیاریکراوی لە عەفرین ھەرچی چڕ و گیانەوەری ئینسانە دڕندە و تیرۆرستەکانی ھەموو دونیایە کۆکردۆتەوە و بەریداوەتە خاکی پیرۆزی عەفرین، ئەردۆگان دەزانێت ژن لەوێ شەڕی ئازادی دەکەن، ژن مانفێستێکی جیاوازی حوکمڕانی دونیا و ئینسانییەت لەوێ تاقیدەکەنەوە، بۆیە دەسەڵاتی ژن کە ئازادی فراھەم دەکات بۆ ئەو دەبێتە مەترسی. بەڵام کاتێک ئازادی بەدەست ھات ھیچ ترسێک و لەشکرێکی دونیا ناتوانێت ڕێگری لێ بکات، یەبەژە و جەنگاوەرانمان لە عەفرین خۆری ئازادییان لێ ھەڵھاتووە، بۆیە نە ئەردۆگان و نە ھیچ ڕێخراوێکی تیرۆریستی دونیا ناتوانن ئەو خۆرە ئاوا بکەن، ئەوان وەکو جەنگاوەرێکی سپارتایی تێدەکۆشن، شەھید دەبن، بەڵام نایەڵن چی دیکە ئازادییان لێ زەود بکرێت، ئەوان شەھیدی ڕێگەی ئازادی و عەفرین بە بەھاترین ژیان دەزانن کە؛پێیان بەخشرابێت، کاتێک شەھیدبوون لە پێناو ئازادی باشترین ژیانێک بێت بۆ ئەوان چ ھێزێک دەتوانێت ڕێگە لەو ژیانە بگرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.