نەورۆز، لە دەوڵەتەوە بۆ مووچە

لەلایەن ستاندار Posted on 394 جار بینراوە

                                     هیوا سەید سەلیم

ساڵانێك بوو لەگەڵ هاتنی چەژنی نەورۆز و وەرزی بەهار بانگەشەكان لە هەرێمی كوردستان بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردگەرم دەبوو، بەر لەوەی بێمە سەر ئەوەی ئایا ئەو بانگەشانە چەندە كاری جدی بۆ كرابوو وەیان بپرسم ئەرێ بەڕاست بەرپرسانی هەرێم جدی بوون بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەت یان هەر قسە بوو ؟ دەمەوێت دوو پرس لێك هاوێر بكەم كە زۆر جار لە كوردستان بە ئەنقەست بێت یان لە نەزانی لە نێو میدیا و رای گشتی لە هەرێمی كوردستان تێكەڵاو دەكرێت، ئەویش سەربەخۆی كوردستان وەك ماف و سەربەخۆیی لە دیدی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان واتا هەلسەنگاندنی ئەو مافە لە دیدگا و سلوكی ئەو دەسەلاتە.

سەربەخۆیی كوردستان مافێكی ڕەواو و بێ چەندوچۆنی خەڵكی كوردستانە وەك میللەتێكی نیشتمان داگیراو بەش بەشكراو، وەلێ كاتێك مێژووی كورد دەخوێنینەوە تێدەگەین لە ڕابردوو چەندە دووژمنانی كورد كۆسپ بوونە لەبەردەم گەیشتنی گەلی كوردستان بەو مافە بە بارتەقای ئەوەش كورد خۆی هۆكاری نەگەیشتن بووە بە ئامانجی خۆی لە سەربەخۆیی كوردستان، دیارە كە دەڵێین كورد مەبەستمان دەسبژێری سیاسی و حوكمڕانانی كوردە نەك تێكڕای میللەتەكە.

نموونەش بۆ ئەوە ڕایەشمان، دوایین هەوڵی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان بوو لە باشووری كوردستان،  كە لە رێگەی ریفراندۆمی 25 ئەیلول ئەنجام درا، ریفراندۆم هەڵە نەبوو ئەوەی هەڵەبوو بریتی بوو لە خراب خوێندنەوەی هاوكێشە دەولی و ئیقلیمی و ناوخۆیەكان و هەڵبژاردنی كات و میكانیزمەكە، بۆیە دەبینین  دوای ئەو شكستە ناچار دەكرێین ئاستی داخوازیەكانمان هێندە دابەزێت كە هەرگیز بەراورد ناكرێت.

ئاخر چۆن بەراورد لە نێوانی ڕاگەیاندنی دەوڵەت و جیابوونەوە لە بەغدا و دەست پانكردنەوە بۆ ناردنی مووچە لە بەغداوە دەكرێت ؟!

دەكرێت لە هەر نەورۆێك كورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی، چونكە ئەزموونی كورد لەگەڵ عەقیەتی حوكمڕانی لەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەر دابەشكراوە ناچاری ئەو هەنگاوەمان دەكەن، ئەمە چ جای ئەوەی ئەوە مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە، بەڵام دەوڵەت زەمینەسازی دەوێت و دەبێت دووربێت لە پڕوپاگەندەی حزبی سیاسی.

ئامادەسازیەك كە ئیرادەی سیاسی و جەماوەری لە پشت بێت نەك ئەوەی ئێستا لە باشووری كوردستان هەیە، كە بریتە لە سیاسەتی بێ ئیرادەكردنی خەڵك و فەزایەك كە لە دەرەنجامی شكستی ئەو دەسەلاتە خەلك متمانەی بە زۆر شت لەق بووبێت، كە ئەمەشیان دەرەنجامی شكستی حوكمڕانی چارگە سەدەیەكی حوكمی حزبیە لە هەرێمی كوردستان.

ئاخر كە باس لە شكستی حوكمڕانیتان دەكەین دەبێت دەستهەڵبڕن نەك نیگەران بن، هەزار یەك نموونەش بۆ گەواهی فەشەلی ئێوە هەیە و چارەسەریش تەنیا سندوقەكانی دەنگدانە تا خەڵك تۆڵەی ئەو شكستەتان لێبكاتەوە.

ئەوە نیە دوای ئەو هەموو كارەسات و مأڵوێرانیەی كە رووبەڕووی خەڵكی كوردستان بۆتەوە،  لە دەرنجامی قەیرانە سیاسی و ئابووری و حوكمڕانیەكانی ئێوە،  كە باری گرانی كەوتۆتە سەرشانی خەڵكی هەژارو كەم دەرامەتی كوردستان، تاز بە تازە چاوتان لەوەیە بەغدا مووچە بۆ وەزارەتەكانتان بنێرێت و سەری زمان و بنی زمانی بەرپرس و وەزیرەكان بۆتە ئەو موژدەیەی كە دەڵێن :

( تا نەورۆز بەغدا مووچەی دوو وەزارەتی پەروەردەو تەندرووستی دەنێرێت)

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.