لێکۆڵینەوەی ستراتیژی (تێگەیشتنێکی قوڵتر بۆ قەیرانی عەفرین پێویستە)

لەلایەن ستاندار Posted on 477 جار بینراوە

لێکۆڵینەوەی ستراتیژی

(تێگەیشتنێکی قوڵتر بۆ قەیرانی عەفرین پێویستە)

 هیوا خۆشناو

ئەو شەڕەی حکومەتی تورکیا بە سەرکردایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە یەخەی عەفرینی گرتوە و پێ دەنێتە دوومانگ، لایەنی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە. چارەنوسی کورد و کەمینەکان، چارەنوسی سوریا و ئاراستەی هەژموونگەرایی لە سوریا و ڕۆژئاوادا یەکلایی دەکاتەوە.
کێشەکە ئەوەندە ئاڵۆزە، مرۆڤ زۆر جاران ناوێرێ پرسیارە جددیەکانیش لە خۆی بکات. بۆیە بە لێکدانەوەی تەسک و سەرپێیانە مەحاڵە مرۆڤ بگاتە ئەنجام. هەر ئەوەشە وای لە خوێنەری کورد کردوە، ماوەیەک گەرم و ماوەیەکیش بێ وورە و بێ هیوا بێ.
دەوڵەتی سوریا تا ئێستا وەکو هەندێک لایەن چاوەڕێیان دەکرد، نەڕوخاوە. ئەو دەوڵەتە لەگەڵ قەیرانەکانی خۆی، ووڵاتانی وەک ئێران، قەطر، تورکیا، ڕوسیا و ئەمریکاشی خستۆتە نێو تەنگژەی سیاسی. هاوکات دەتوانێ فڕۆکەی پێشکەوتوی ئیسرائیل بخاتە خوارەوە. ئەوەش وایکردوە لایەنەکان زیاتر خۆیان یەکلایی بکەنەوە و بەپەلە بڕیاری خۆیان بدەن. ڕوسیا و ئەمریکا لە چەند ساڵی ڕابردو بەتەنیا لەسەر ئەوە هاوپەیمان بوون، بەیەکەوە مەترسی داعش کەمبکەنەوە. ئێستا داعش لە گۆشەیەک هێڵدراوەتەوە بۆ کاتی خۆی. ئەگەر پێویست بکات دەیژێننەوە، ئەگەرنا سەری پاندەکەنەوە.
دوای کۆتایی داعش ڕوس/ئێران بوێری ئەوەیان نیشاندا لە ئەمریکا بپرسن، ئیتر داعش نەما چی دەکەی؟ کەی دەڕۆی؟ ئەمریکاش بە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر سوپای سوریا/سەربازەبەکرێگیراوەکانی ڕوسیا و ئێران وەڵامی دانەوەو ١٠٠ کەسی لێ کوشتن. لە بابەتێکی ڕابردودا باسم لەوەکردبو کە ئێران و لایەنگرانیان ئەزموونی وەدەرنانی ئەمریکایان پێشتر لە لوبنان و عێراق هەیە. دەرکردنی ئەمریکا لە سوریا، دۆڕانی ئیسرائیلیشە. لاوازکردن و پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ئیسرائیل لە سوریا، دۆڕانی ئەمریکایە. ئێستا لە ئەمریکا زیاتر ئیسرائیل و لۆبی ئیسرائیلی لەناو هەوڵێکی خراپدایە. لەلایەک پەیوەندیەکانیان لەگەڵ سوپای ئازاد و جبهة النصرة، لە لایەکی دیکە لە هەوڵی هاندانی تورکیا و ووڵاتی عەرەبی دایە بۆ وەشاندنی گورزێکی سەربازی دژ بە سوریا. لەوبوارەیە بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ووڵاتانی کەنداو و تورکیا یەکدەگرنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کامێک لەوانە ناوێرن بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ بەرەیەک دژ بە ئەسەد بکەنەوە.

پەیوەندیەکانی هێزی سوریای دیموکراتی لەگەڵ هاوپەیمانان

هەروەکو لە سەرەوە باسکرا، چۆن پەیوەندی و هاوکاریەکانی ڕوسیا و ئەمریکا دوای داعش نەخۆشکەوتوە و گەیشتۆتە ئاستی یان پێکدادان یان سەرلەنوێ هاوپەیمانیکردن، بە هەمان شێوە پەیوەندیەکانی هێزی سوریای دیموکراتی و هاوپەیمانان پێویستە سەرلەنوێ بنیادبنرێتەوە. بانگەشەی وەک: (با پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ئەمریکا ببڕین یان ئەمریکا خائینە)، هەڵوێستی سەرانسەری و ناسیاسین. ئەمریکا و هێزی سوریای دیموکراتی دۆست نین، بەڵکو لەسەر چەند بابەتێک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەتوانن بەیەکەوە کاربکەن. لە هەندێک تەکتیکی دوور و نزیکدا لەیەک نزیکن، لە هەندێک بواری ستراتیژی، ئێدۆلۆژی و….هتد ناکۆکن. لەو قۆناغە هەستیارەدا پێویستە کەسانی تادواڕادە ئاقڵ و بەئەزموون قەیرانەکان بەڕێ بکەن. ناکرێ نزیکبونەوەکان لەگەڵ ئەمریکا بگەنە ئاستی دوژمنایەتی کورد و سوریا، ناکرێ کارێک بکرێ سوریا و تورکیا لەیەکتری نزیک ببنەوە. ناکرێ جارێ داخوازی گەورە لە سوریا بکرێن. هەڵوێستی کوردی عێراق لە بەرانبەر بەغدا و خۆدوورکردنەوەی لە ناوەند، نابێ لە ڕۆژئاوا دووبارە بکرێتەوە و هەڵەیە.
بێگومان بەهۆی نەبوونی زانیاری ناتوانین بەپەلە وەڵامی پرسیاری بێدەنگی، یان کەمدەنگی ئەمریکا لەمەڕ عەفرین بدەینەوە. ئەشێ سیناریۆی جیاواز لە ئارادابن. بەڵام لە ئاییندەدا ئەو لایەنانەی تا ئێستا بە تاریکی ماونەتەوە، ڕوون دەبنەوە.

پەیوەندی ڕۆژئاواو و ڕوسیا

پەیوەندی ڕۆژئاوا لەگەڵ ڕوسیا، وەک ئەمریکیەکان تەکتیکی و تایبەت بو بە هاوکاریکردنی یەکتری دژ بە تێرۆریستانی نزیک لە القاعیدە لە ناوچەی حەلەب. دوای ئەوەی تورکیا لە ساڵی ڕابردو لەگەڵ ڕوسیا کەوتە مامەڵە بۆ فرۆشتنی حەلەب و ئۆپۆزیسیۆنی سوریا، بۆ ڕوسیا ڕۆڵی ئەنکەرە جێگای کوردانی گرتەوە. سەرباری ئەوەش ڕوسیا هەوڵیدا پەیوەندیەکان لەگەڵ کورد بهێڵێتەوە. لەبەر ئەوەی ڕوسیا ناچاربو یەکێک لە نێوان تورکیا و ڕۆژئاوا هەڵبژێرێ و دواجار بەهۆی پێگە بەهێزەکەی لە ناتۆ و لەناو گروپە تێرۆریستیەکاندا و لە هەمووشتی گرینگتر ناکۆکیەکانی ئەردۆغان لە گەڵ ئەمریکا، تورکیای هەڵبژارد. بۆ ئەوە ڕوسیا هەوڵێدا کورد لەناو سیستێمی سوریا ئاوێتە بکات و لەژێر سێبەری براگەورەکەی دیمەشق پەیوەندیەکانی لەگەڵدا بەسەر ببات، بەڵام کورد لە عەفرین نەچوە ژێر ئەو بارە. دەبێ واقعبین بین، ئەو یەکە بەیەک ڕۆژ ڕووینەدا، بەڵکو لە ئەنجامی شکستی دیدارە دیبلۆماسیەکانی هەردولا بو کە نزیکەی ٣ مانگی خایاندن. ئەو بۆچونانەش ئەبێ بە گرینگ وەرگیرێن کە هۆکاری گڵۆپی سەوزی ڕوسیا و کەمدەنگی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ ئەوەیە تورکیا بکەوێتە ناو قوڕوزەڵکاوی سوریا و تێیدا بە سەلامەتی دەرنەکەوێ.

کاردانەوەی سوریا و ئێران

ئێران و سوریا لە ڕۆژی یەکەمەوە تا ئێستا سەرباری نیگەرانیەکانیان لە ڕۆژئاوا، دژی هێرشەکانی تورکیان بۆ سەر عەفرین. دیمەشق و تاران باش دەزانن تورکیا جێگایەک بگرێ بە ئاسانی بەرینادات. لە ئەگەری کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی عەفریندا، قوبرسەکەی سوریا کە جەرابلوس، الباب و عەفرین دەگرێتەوە تا دەگاتە ئیدلیب، دەکەوێتە واری جێبەجێکردن. ئەوەش ئیسرائیلێکی سوننەی عەرەبی توندڕەوە لەناو جەرگی سوریادا. ئێران ئەو یەکە تاسەر قەبوڵ ناکات، ئێستاش زانیاری لەئارادان کە ئێران یارمەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەدا لە عەفرین. ئێران تەنانەت هەوڵی نێوبژیوانی کورد و سوریاش دەدا زۆر بە جدی، بەڵام لەبەر ئەوەی مەرجەکەی قورسە و داوادەکات بەتەواوی پەوەندیەکانیان لەگەڵ ئەمریکا ببڕن، ڕەنگە ئاسان نەبێێ.

تاکەی ڕوسیا گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵدەکات؟

لە پەیمانی ئەستانەدا، ئێران و ڕوسیا ڕازیبوون تاکو ئەنکەرە چەند خاڵێکی چاودێری بۆ بێکاریگەرکردنی تێرۆریستان لە ئیدلیب سازبکات. تورکیا لەلایەک هەوڵ دەدا کات تێپەڕێنێ بۆ مانەوەی لەوێ، بەڵام لە پشتەوە ئامادەکاری زیاتر دەکات بۆ دەستێوەردانی سوریا. لە داهاتویەکی نزیکدا ئەگەر تورکیا مەرجەکانی ئەستانە جێبەجێ نەکات، ڕوسیا و ئێران لێی قەبوڵ ناکەن.
خاڵێکی گرینگتر کە لە مێژووی سیاسی تورکیاوە تا ئێستا بەدی دەکرێ، دووڕویی و کارکردنە لەگەڵ دوو بەرەی دژ بەیەک. ئێستا لە کاتی نوسینی ئەو بابەتەدا، تورکیا لە کۆبونەوە و پەیوەندی دایە لەگەڵ ڕوسیا/ئێران لە لایەک و ئەمریکا لە لایەکەی دیکە. ئەوەش سنوری خۆی هەیە. پێدەچێ ئەوجارە تورکیا شانسی ئەوەی کەم بێ ماوەیەکی درێژ لە بەینی هەردوکیاندا بمێنێتەوە و ناچارە لە داهاتویەکی نزیکدا لایەک هەڵبژێرێ. یەکێک لەو سێناریۆیانە ئەگەری زۆرە دابڕانی تورکیا بێ لە ناتۆ. لە ئێستاشدا لە ڕاگەیاندندا لەژێرناوی: “ئەی ناتۆ خیانەتت لێکردم، پشتم تێ ئەکەی یان بانگەوازیکردن بۆ ئەوەی ناتۆ لە عەفرین یارمەتی بدات” بیانووی پچڕانی لە ناتۆ نیشان دەدات. ئەمریکاش لەبەرانبەر ئەو یەکە هێزەکانی خۆی لە ئینجەرلیک بە خشکەیی دەکشێنێتەوە. چۆن لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی سارددا، تورکیا پەیوەندیەکانی لەگەڵ سۆڤیەت کەمتر کردنەوە و بوە ئەندامی ناتۆ، ئێستاکەش ئەگەر هاتو لە ئیدلیب بەپێی مۆسکۆ جولایەوە و لە ڕوسیا نزیکبوەوە، لە ناتۆش دادەبڕێ.
بەهۆی قەیرانە ئابووریەکانی، ناتوانین هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئاوێتەبوون لەناو سیستێمی ئەڤراسیا بێبایەخ ببینین. ئێستا تورکیا زۆر بە جدی کار لەسەر هێڵی İpek Yolu طريق الحرير Silk Roadدەکات کە چین و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئیتر بە کورتی کاتی ئەوە هاتوە تورکیا لە نێوان ناتۆ و شەنگای، یەکیان هەڵبژێرێ.

حیسابە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی ئەردۆغان

تەیب ڕەجەب ئەردۆغان کە ئامادەکاری دەکات بۆ هەتاهەتایە سەرۆکی تورکیا بێت و تورکیا لە دەوڵەتێکی عەسکەرتاری عەلمانی بگۆڕێ بۆ دەوڵەتێکی ئیسلامی سوننە و کۆمەڵگەی تورکیا بە حیزبی بکات، پێویستی بە چەند ئەنجامێکە. بەر لەوەی بچینە ناو ووردەکارییەوە، دەبێ لە بیرمان نەچێ ئەو مۆدێلەی ئەردۆغان “تورکی کەسک” کە مۆری هەژمونگەرایی جولەکەی پێوەیە، درێژکراوەی اتحاد و ترقى یە لە گەوهەردا. اتحاد و ترقى مامانی بۆرجوازی تورکە و وەک ناسیۆنالیزمی ئەڵمانی لەلایەن جولەکە سەرمایەدارەکانەوە ئاواکراوە، کە لە ئەنجامدا لە دایکبونی تورکی سپی، جینۆسایدی ئەرمەن و کوردەکانی لێکەوتەوە. لە دوای دەستێوەردانی سۆڤیەت لە ئەڤغانستان، هەژمونگەرایی خۆرئاوا پاڵپشتی لە وەهابییەکانی کەنداو و ئیسلامی تورکی کرد، بەڵام ناسیۆنالیزمی تورکی سپی-عەلمانی ڕێگای لێدەگرت. دوای ڕوداوەکەی ١١ی سێپتەمبەر سەرهەڵدانی ئاک پارتی و گەشەسەندنی بە خێرایی ناچارییەک بو. ئێستا ئەردۆغان بۆ مەرامە شەخسیەکانی کۆمەڵێک ناکۆکی لەگەڵ ئەو تورکیایەدا هەیە کە دەیان ساڵە ناتۆ، یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا پشتگیری لێ دەکەن. ئەردۆغان بۆ مەرامە دکتاتۆرییەکانی، پێویست بو دوو کارتی سەرەکی لە باڵی سەربازی بستێنێتەوە ئەویش بریتی بوون لە “عەلمانیەت و باڵادەستی سەرباز لە سیاسەتی دەرەوەدا لە ڕێگای ناتۆ”. تا ئەردۆغان ئەو دو کارتەی دەست سوپای نەسوتاند، هەرگیز نەیتوانی ببێتە دکتاتۆرێکی ڕەها. ئێستاکە هەوڵی ئەردۆغان بۆ کڕینی سیستێمی “س ٤٠٠”ی ڕوسی هەربۆ ئەوەیە تاکو پەیتا پەیتا سوپای تورکیا لە ناتۆ دوورخاتەوەو بێکاریگەری بکات. ئەمریکا بەوە نیگەرانە و ئەزانێ تورکیا دەتوانێ ڕیسەکەی لێ بکات بە خوری. ئەمریکا باشیش دەزانێ کە بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ کورد بەتەنیا ناگات بە ئامانجەکانی. سەرباری ئەوەش تا ئێستا هەوڵ ئەدات، داخوازیەکانی گەورەکانی تورکیا جێبەجێ نەکات و قەیرانەکان بەبێ باج تێپەڕێنێ. لۆبی جولەکە و سیاسەتە هەژمونگەراییەکەی، لەو لایەنەوە تاڕادەیەک دژ بە سیاسەتی کۆشکی سپی و پنتاگۆن ئەجولێتەوە. چونکە پێویستی بە ڕاگرتنی هاوسەنگیەکانە لە نێوان بلۆکی قەطەر-تورکیا-سودان لە لایەک و سعودیە-ئیمارات-میسڕ لەلایەکەی دیکە. هاوکات لۆبی جولەکە باش دەزانێت ئێستا بزووتنەوەی ئیخوان موسلمین بە کرداری لەلایەن ئەردۆغانەوە سەرکردایەتی دەکرێ، ئەگەر تورکیا تێکبشکێ یان لە ئەمریکا دوورکەوێتەوە، ئەوا ئیخوانیش پەرت و بڵاودەبێ و گۆڕەپانەکە بۆ ئێران چۆڵ دەبێ. تورکیا کاریگەری زۆری لەسەر بزووتنەوەی حەماس هەیە و هەرکاتێک بیهەوێ بێدەنگی دەکات. ئیتر ئەوانە هەر هەموویان لەگەڵ شانتاژەکانی ئەردۆغان یەکدەگرنەوە. لێرەدا ناتوانین ناکۆکی نێوان ئاک پارتی و ئیسرائیل نەبینین، بەڵام سەرباری ئەوەش ناکۆکیەکانیان بچوکن، بۆیە دەبێ ڕۆژئاوا حیسابی بۆ هەر ئەگەرێک هەبێ.

هۆکاری ئەوەی هەرکەس بۆ غوطە دەنگ بەرزدەکاتەوە، بەڵام کەس عەفرین نابینێ، بۆ ئەو هەوڵەی لۆبی ئیسرائیلی دەگەڕێتەوە کە کاریگەریەکی زۆری لەسەر مێدیا و ناوەندە جیهانیەکانەوە هەیە. ئیسرائیل پیلانی کردبو سنورەکەی تا دەگاتە دیمەشق بە جیهادیەکان بسپێرێ کە لە ژێر هەژموونی ئەنکەرە دان، بەڵام ئەو هێرشەی سوریا بۆ سەر غوطە پیلانەکەی لێ تێکدا.

ئەنجامی شەڕی عەفرین

ئەزموونی شەڕی ووڵاتە زلهێزەکان و نەتەوە ژێردەستەکان وەک: شەڕی ئەمریکا لە ڤێتنام، هێرشەکانی ڕوسیا دواییش ئەمریکا بۆ سەر ئەڤغانستان و شکانیان لە بەرانبەر تاڵیبان نیشانی داوین هیچ ‌هێزێکێ سەربازی زل ناتوانێ بۆ ماوەیەکی درێژ وڵاتێکی دیکە داگیر بکات. ئێستاش هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەو ئەزمونەی کە لە بەرانبەر داعش و کورد بە گشتی بە ئەزموونی پارتی کرێکارنی کوردستان لە شەڕی ٤٠ ساڵەی پارتیزانیدا دەتوانێ ئەو قۆناغە سەختە تێپەڕێنێ. بێگومان دێهاتەکان تاڵان دەکرێن. شارەکان دەڕوخێندرێن و بەشێکی خاکەکەش دەکەوێتە دەست تورکیا. جێبەجێ خەڵک ئاوارە دەبێ و شهید دەبن، بەڵام تورکیا ڕۆژ بەدوای ڕۆژ کاردانەوەی جیهان لە بەرانبەر خۆی زیاتر دەکات و دوایی بەسەرشۆڕییەوە عەفرین چۆڵدەکات. ئەوەش کارەساتێکی سیاسی و بۆمەلەرزەیەک دەبێ بۆ ئەنکەرە کە دەبێ ماوەیەکی درێژ باجەکەی بدات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.