منەتی دەستپاکی

لەلایەن ستاندار Posted on 557 جار بینراوە 0 سەرنج
nizam

نیزام فەیسەڵ

ھەموو مرۆڤێک دەستپاکە تا ئەو کاتەی پێچەوانەکەی دەسەلمێندرێت، لە رووی یاسا و تەنانەت بەگێرەی شەریعەتە ئاسمانیەکانیش پێویستە بەچاوی رەوشتبەرزی سەیری ھەموو کەسێک بکرێت، تاکو بە بەڵگەیەک پێچەوانەکەی دەخرێتە روو، کە پێچەوانەکەشی سەلمێندرا ئەوا سەرپێچیکار رووبەڕووی سزادان دەبێتەوە .
لە کاتی داواکاری بۆ دەستبەکاربوون لە کار و وەزیفەیەک، بەڵێننامە بە خوازیاری کارەکە یان پاڵێوراوەکە پڕناکرێتەوە تا دەستپاک بێت و تاوان ئەنجامنەدان، چونکە، بەرامبەر ھەر تاوانێک یاسایەک ھەیە سزای بۆ داناوە، ئەو سزایە ھیچ نرخێکی بۆ بەڵێندان نەھێشتوەتەوە، (لە زانستەکانی یاسادا بەڵێندان بە ئەنجامنەدانی تاوان بوونی نییە) کاتێک بەڵێندان بە دەستپاکی نرخ و بەھای نەبێت، بێگومان لە کۆتاییدا کارمەندە کارپێسپێردراوەکە بۆی نییە منەتی دەستپاکی بکات و بڵێ: ئەوە من بە دەستپاکی کۆتاییم بە ئەرکەکەم ھێنا، بەڵکو ئەوە سزای یاساییە ئەوی پابەند کردووە بە دەستپاکی نەک ویستی خۆی.

لە ھەڵبژاردنە گشتییەکاندا، پەیوەندی نێوان پاڵێوراو و دەنگدەران پەیوەندییەکە وەکو گرێبەستێک وایە، ھەردوولا مافیان دەستدەکەوێت و ئەرکییان دەکەوێتە ئەستۆ، دەنگدەر لەسەر بنچینەی بەرنامەی کار دەنگدەدات، بەرنامەی کاریش بریتیە لە لیستێک یان کۆمەڵە بەڵێنێکی تایبەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری جۆراوجۆر لەدوای دەرچونیدا، پاڵێوراویش لە چوارچێوەی بەڵێنەکانی ھەڵبژاردن پابەند دەبێت، بەڵێندان بە دزینەکردن و خەراپ بەکارنەھێنانی دەسەڵات و بەفیڕۆنەدانی سامانی گشتی و ھەروەھا رەتکردنەوەی بەرتیل، بە ھیچ شێوەیەک لە لیستی بەڵێنەکانی ھەڵبژاردن بوونی نییە، چونکە ئەمانە خۆیان تاوانن و بکەرەکەی سزا دەدرێت، بۆیە پاڵێوراو لە کۆتایی خولەکە یان چوار ساڵەکە، کە ئەرکەکەی کۆتایی دێت، دەتوانێت منەتی ئەوە بکات بە تواناو لێھاتووییەوە خزمەتگوزاری باشی دابینکردووە، بەڵام ئەو مافەی نییە منەتی دەستپاکی بەسەر خەڵکدا بکات و بەوھۆیەشەوە داوا بکات جارێکی دیکە کاندیدی بکەنەوە.
ھەندێک جار لێرەو لەوێ، لە بەیاننامەو لێدوانەکاندا، یاخود لە کاتی خۆپاڵاوتندا بۆ وەزیفە گشتییەکان، گوتارێکی نامۆ دەبیسترێت، وەکو: “من دەستپاک بووم، خیانەتم نەکرد، گەندەڵیم نەکرد، ئەمانەتی سەرکردەم پاراست، لە بەجێھێنانی ئەرکدا لەکەم لەسەر نییە، وەزیفەی گشتیم خەراپ بەکارنەھێنا، ھەروەھا بە دەستپاکی کۆتاییم بە راژەکەم ھێنا…” ئەمانەو گوتنەوەی چەندین دروشم و لێدوانی ھاوشێوە؛ کە جگەلە منەتکردنێکی بێبنەما بەسەر خەڵک و دەنگدەران، ھیچ ناوەڕۆکێکی دیکە نابەخشێت. ئەم گوتارە ئاماژەیەکە پاکی و دەستپاکی وەکو دیاردەیەکی نامۆی ناو کوردەواریی وێنا دەکات، ھاوکات گەندەڵی و دەستپیسیش وەک زۆرینەی باو دەناسێنێت.
ئەوانەی خاوەنی گوتاری منەتی دەستپاکین، ھەرچەندە کەسانی لێوەشاوە و لێھاتووبن و بە دەستپاکی و دڵسۆزییەوە ئەرکەکانییان جێبەجێ کردبێت، بەڵام ئەو مافەیان نییە منەتی دەستپاکی بەسەر خەڵکدا بکەن و دەستپاکەکان وەکو کەمینەی ناو کۆمەڵگە بناسێنن، نەخێر؛ پێویستە گەندەڵ و دەستپیس و تاوانبارەکان بە کەمینەی ناو خەڵک دابندرێن، لەبەرئەوەی ھەمیشە زۆرینە پاکەو ھەر کەمینەیە ناپاکە.
ئەو ھێزە کلاسیکیانەی کە دەسەڵاتی سیاسی ھەرێمیان بەدەستەوەبووە، بەوە تۆمەتبار دەکرێن؛ بۆ داپۆشینی شکستی حوکمڕانیان، ھەمیشە منەتی خەباتی چەکدارییان لە شاخ بە میللەت دەفرۆشنەوە، ھێزەکانی دیکەی دەرەوەی دەسەڵاتی ھەرێم، ئەوانەی شەقام پشتیوانیانە و خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی کوردیی دەزانن، پێویستە رێگە نەدەن بەو ئاوازە نەشازە سەرکردەکانیان منەتی دەستپاکی بە دەنگدەران ببەخشنەوەو ئەرکی راستەقینەیان لەبیر بکەن کە رێزگرتنە لە یاساکان، ھەروەکو چۆن دژەکانی دەوڵەتی یاسا، بەتایبەتی بەشێک لە نەوەی کۆن، منەتی خەباتی چەکدارییان کردووەتە چەترێک بۆ داپۆشینی تاوانەکانی سیستمی ئەمارەتی تاڵانکاریی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *