لە نێوان کەرکوک و عەفریندا

لەلایەن ستاندار Posted on 424 جار بینراوە

هه‌وراز غازی

بەرخودان و خۆراگری گەلەکەمان لە عەفرین ٥٦ رۆژ تێدەپەرێنێت لەگەڵ نابەرانبەری ھێزەکان لەروی ژمارەو چەک و تەکنەلۆژیای سەربازیەوە پەنجاو شەش رۆژە گەلی ئێمە بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە روبەروی تیرۆریستانی سوپای تورکیا و قاعیدە دەبنەوە ،پێش ھەر شتێک ئەو شەرە بۆ ئێمە شەرە لە پێناوی پاراستنی شکۆو کەرامەتی ئینسان شەرە لە پێناو پێکەوە ژیانی ئاشتیانەو پاراستنی بەھا مرۆییەکان شەرە دژی مێژوو و پۆخڵەواتەکانی ڕۆژھەڵات .

لەکاتێکدا شەرڤانان بە سادەترین کەرەستەی جەنگی پەنجاو شەش رۆژە بەرگری لە عەفرین دەکەن و روبەروی ھێزێکی ئەندامی ناتۆ دەبنەوە ،کەچی ھێزی ئێمە بە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر سەدا پانجاو یەکی خاکی باشوری لەدەست دا بەرامبەر بە سوپا شەکەت و لاوازەکەی عێراق وحەشدی شەعبی کە نەلەروی رێکخستن و دیسپلینی سەربازی و نە لەروی چەکو جبەخانەشەوە ھاوتای سوپاکەی ئەردۆگان نین ، ئەوەی جەنگاوەری ئازا دروست دەکات و سەرکەوتن بەدەست دەھێنێت بۆ سوپایەک لەکاتی جەنگدا رێکخستنی تۆکمەی سەربازی و دیسپلینە .

تارادەیەکی باش ئەوە ھەست پێدەکرێت لەناو ھێزی سوریای دیموکراتو ویەپەگەو یەپەژەدا سەرەرای ئەو ئیرادە بەھێزەی شەرڤانان و گەلی ئێمە لە رۆژ ئاوا ھەیەتی چون پەروەردەی ئەوان کاری بۆ دروست کردنی ئیرادەیەکی بەھێز دەکرد ،ئاپۆ دەڵێت : ھێزی ھەموو جیھانمان ھەبێت ھێرش ناکەینە سەرھیچ لایەک، ھێزی ھەموو جیھانیش بێتە سەرمان تەسلیم نابین . بۆچی ؟ چون ئیرادەیان ھەیە ھەروەکوو مارکس ئەڵێ ئیرادە لە ئەتۆم بەھێزترە .

بەڵام لە ناو ھێزی پێشمەرگەدا رێکخستنێکی سەربازی تۆکمە نیەو دیسپلینیش خۆمان خۆش کە لە ھیچ موئەسەسەیەکی ئەم ھەرێمەدا بونی نیە، لەراستی دا پێشمەرگە وەک ھێزی دوو خێڵ دەردەکەوێت نەک وەک سوپایەک کە کاری پاراستنی نیشتیمان بێت ، ئەوە سەرەرای ئەوەی دوو خێڵە گەورەکەی باشور پارتی و یەکیەتی بیستوو شەش ساڵە کار بۆ بێ ئیرادەکردنی تاکی ئێمە دەکەن و ھەوڵی زیندوو کردنەوەو گەشەپێدانی سیستەمو بیرکردنەوەی خێلەکی دەدەن ،چون لەسیستەمی خێڵەکی دا ئیرادەو سەربەخۆیی تاک لە ناو خێڵەکەی دا دەتاوێنرێتەوەو ھەموو شتێک لەدەستی خێڵدایە .

لە ئەقڵیەتی دەستەجەمعی خێڵەکیدا شتێک نیە بەناوی پاراستنی نیشتیمان ئەوەی لای ئەوان ھەیە زاڵ بوونە زاڵبوون بەسەر خێڵەکانی تری چواردەوریاندا لەو پێناوەشدا ھەموو ئامرازێک بەکار دەھێنن و بەلایەنەوە گرینگ نیە بە چ رێگایەک گورزێک لەوەی تر دەدەن و بەسەریدا زاڵدەبن، بۆیە ئێستاش ھەر لایەنێکیان وا سەیری ١٦ ئۆکتۆبەو و ٣١ ئاب دەکەن کە گورزێکی کاریگەرەو لە لایەنی بەرامبەریان وەشاندوە و وەک دەسکەوت و سەرکەوتن بەسەر ئەوەی تردا دەیبینن .

کەرکوک درزێکی گەورەتر دەخاتە ناو گەلی ئێمەوە بەپێچەوانەشەوە عەفرین ھەموان لەچواردەوری خۆی کۆدەکاتەوە .

ئەوەی لە کەرکوک بەجێما تێکدانی پێکەوە ژیان و زیندوو کردنەوەیی شەری تایفی و مەزھەبی بوو کەچی لە عەفرین ھەموو پێکھاتەکان بەیەکەوە لەپێناو پێکەوە ژیان و برایەتی گەلان دەجەنگن لە دژی داگیرکەران .

ئەوەی کارەساتی کەرکوکی خوڵقاند سەنتەر بوونی خێڵ و ئەقڵیەتی خێڵ بوو ئەوەی خۆراگری عەفرینیش بەردەوامی پێدەدا پەروەردەو سەنتەر بوونی تاک و ئەقڵ و ئیرادەی تاکە.

ھەتا پەروەردەو بنەماکانی خێڵ تورنەدرێنە زبڵدانەوە ،روداوەکانی سی ویەکی ئاب و شازدەی ئۆکتۆبەر بەردەوام دووبارە دەبنەوەو زۆر نۆرماڵیش خۆیان دەنوێنن .

لە کۆتایشدا لێکەوتەکانی عەفرین بەھەر بارێکدا بۆدەیان ساڵی تریش کاریگەری لەسەر شعوری تاکی ئێمە دادەنێت ،عەفرین خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی گەلی ئێمەدا سەرکەوتنی عەفرین سەرکەوتنە بەسەر حوکمی مێژوودا، لە یادەوەریی دەستە جەمعی ئێمەدا شکست و ئاوەرەبوون و کۆمەڵکووژ کردن چەسپیوە ھەموان وەک مەزڵوم خۆمان دێتە پێشچاو عەفرین دەتوانێت ئەو وێنەیە تێپەڕێنێت و وێنەیەکی نوێمان بۆ دروست بکات ئەویش ئەوەیە کە بژاردەی ترمان نیە یان سەرکەوتن یان سەرکەوتن .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.