کورد هەردابەشکرا ، یان ؟ 

لەلایەن ستاندار Posted on 412 جار بینراوە

کەمال ئەسکەندەر

دوای ڕێککەوتننامەشومەکەی سایکس بیکۆ لەسەرەتای سەدەی ڕابردوو کە لەئەنجامدا کوردستانی بەسەر چوار ووڵاتی فارس و تورک و عەرەب دابەشکرد ، بەمەش کورد لە نەخشەی ووڵاتان و نەخشەی سیاسی و بەرژەوەندی زلهێزان سەنگی پێنەدرا ، بەڵکو لەچەند قۆناغێکدا کراوە بەپارسەنگ بۆ قوڕس کردنی سەنگی بەرژەوەندیەکانی ووڵاتانی زلهێز و ووڵاتانی دراوسێ ، هەروەها سەرکردایەتی سیاسی و دەسەڵاتدارانی کورد لە چەند وێستگەیەکدا هۆکاربون بۆ شکست و کارەساتەکان ، ئایا دوای ڕێککەوتنامەکەی سایکس بیکۆ گەلی کورد هەر دابەشکرا یان نەخێر خاکی چوارپارچەکراوی کوردستان بوو بەسفرەی بەرژەوەندی ووڵاتان و خەڵکەکەی کرا بەقوربانی .

کارەساتەکانی سەد ساڵی ڕابردوی سەر کورد لە بیرناکرێن لە تەعریب و ڕاگواستن و ئەنفال وکیمیاباران و دەربەدەری و جینۆساید و وێرانکردن و کاولکاری و دەیانی تر ، لەهەموو کارەساتەکانیش دا دووشت بونیان هەبوە یەکەمیان پەرتەوازەیی میللەتی کورد بەهۆکاری زۆری حزب وبێ باکی سەرکردە سیاسیەکان ٬ لەگەڵ ئەوەش دا دەکرێ بپرسین بۆچی هەردەم دەبێ کورد ببێ بە تەقێنەری تەڵە و بۆمبەتەوقیت کراوەکانی بەرژەوەندی ووڵاتان ؟ ئایا سەرکردەسیاسیە دەسەڵاتدارەکان لێی نازانن یان چی ؟ دووەمیشیان بێ دەنگی نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان و ووڵاتان و نەتەوە جیاوازەکان بەعەرەب وتورک و فارس لەهەمبەر ستەمەکانی سەر کورد ، بەڵکو زۆرجار لەلایەن ئەم سێ نەتەوەیە ستەمەکان بەرامبەر کورد کراون.

ئەوەی ئێستا تورکیا بەرامبەر بە عەفرین دەیکات ئەگەر بەرامبەر ووڵاتێکی غەیرە کورد بوایە ، لەئەوروپا یان لەووڵاتێکی عەرەبی چی ڕووی دەدا ؟ بێگومان ڕۆژانە دەیان چالاکی جیاواز لەخۆپیشاندان و گردبونەوە و بەیاننامەی ئیدانەئامێز شاشەی راگەیاندنەکانی پڕدەکڕد. لێرەدا چەند پرسیارێکی جددی لەدایک دەبن ، بۆچی لەبەرامبەر کارەساتەکانی سەر گەلی کورد ، جیهانی عەرەبی و ئەوڕوپی هەموو کات بێ دەنگە ؟ مەگەر هیچ جیاوازیەک لەنێوان منداڵانی ژێر بینا ڕوخاوەکانی غەززەو بۆرماو عەفرین هەیە؟ بۆچی تورکیا بۆ ئەمان کەشتی و فڕۆکەی پڕلەهاوکاری مرۆیی بەڕێدەخات ؟ ئەی بۆچی ژن و منداڵانی عەفرین خەڵکانی خوێن دەکرێن بە فڕۆکەکانی تورکیا ؟ لەکۆتایی دا هەریەک لەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری تر زەنگێکە بۆ ئێمەی کورد بەتایبەت سەرکردە سیاسیەکان ، تاچیتر قەبووڵی نەکەین ببین بەپارسەنگ بۆ کلتورێکی بۆیەکراو بەئایین ، هەروەک پێویستە هەموومان لەوە تێبگەین چیتر حزبەکان دۆزی کورد و کێشەکانی میللەتی کورد تێکەڵ بەئایین و فیکری چەپی مارکسی و دروشمە بریقەدارەکانی ووڵاتانی ڕۆژئاوا نەکەن ، چونکە دواجار خاک و میللەت دەبن بەقوربانی بەبێ دەستخستنی هیچ دەستکەوتێکی نەتەوەیی بۆ گەلەکەمان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.