ئاری ئەحمەد
ئەم ڕووداو وکارەساتە یەک بە دوای یەکانی کوردستانی گرتۆتەوە ڕیشەیەک لەمێژووی دوور ودرێژی ھەیە. دوژمنانی کورد ھەموو ڕێگایەکی نامۆڕاڵی بۆ ژینۆسایدکردنی نەتەوەکەمان بە بەرچاوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بەکاردەھێنن, کە تەنھا ئامانج لێی پاکتاوی ڕەگەزی و گۆرێنی دیموگرافیایی کوردستانە.وەک چۆن لە سەردەمی جەنگی جیھانی یەکەم دا رێکەوتنامەی “سایکس پیکۆ” کوردستانی گەوەرەی دابەشکرد لە بەرژوەندی وڵاتە زلھێزەکان. تێدا نەخشەی ڕۆژھەلاتَی ناوین بەم شێوەیەی کە ئێستا ھەیە داڕێژرا.خاکی کوردستان و میللەتی کورد قوربانی سەرەکی ئەم ڕێکەوتنامەیە بوون. کە تاوەکو ئەمڕۆ لەناو بەرداشی دەوڵەت نەتەوەدا دەھاڕدرێن. دوای زیاتر لەیەک سەدە لە قوربانیدان. بۆ دانان بەبوونی کیانێکی کوردی وەک میللەتێک, کە مافی سەربەخۆیی و بوون بەخاوەن کیانێکی یەکگرتوو لەسەر خاکی خۆی بەرخودان دەکات. بەڵام لەسەردەمی جیھانگیری و ئایدۆلۆژیا باڵاکانی وەک و “لیبڕالیزم و سوسیال دیموکرات” ھەستناکرێت گۆڕانێکی گەوەرە لە فکری ئەم وڵاتانە دروستبووبێت کە کوردستانیان پارچەکرد,ھەمیشە لە ھەوڵی ئەبدەیتکردنەوەی ئەم رێکەوتنامەدان کە پێش زیاتر لە یەک سەدە لەنێوانیادا ھاتۆتەکایەوە.
دیارە ئەمەش گرێدراوە بە کۆمەڵیک فاکتەری ئاشکراو نھێنی کە ئێمە ھەست بە بەشێکیان دەکەین. لە سەر ئاستی سیستەمی نێودەوڵی بریتیە لە نەبوونی حکومەتێکی جیھانی لە بابەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتیکاندا. کە وایکردووە ژینگەی نێودەوڵەتی ھەمیشە جۆرێک لە ئەنارشیەت بەخۆیەوە ببینێت.وەبەرژەوەندی وڵاتان لە زۆربەی کاتدا یەکانگیرنابێت.کە ئەمە ھۆکاری سەرەکیە بۆئەوەی وڵاتان پابەندی ھیچ جۆرە پڕەنسیپێکی یاسایی و ئەخلاقی نەبن وە زیاتر تەئکید لەسەر بەکار ھێنانی ھێز بکەنەوە. وە لەسەر لەئاستی ناوخۆیی بێباکی نەبوونی روحیەتی ڕووبەڕو وەستانەوەی ھاوبەشی کورد لەو کارەساتانەی کە حکومەتە فاشیستەکانی تر لەپارچەیەک لە پارچەکانی کوردستان بەسەر نەتەوەکەمانی دادەھێنن. ئیمە وەکو پێویست نەمان توانیوە لە ئاستی ئەو کارەساتانە دابێن وە ئیدانەی ئەم دۆخە بکەین بەشێوەیەکی کاراو کاریگەر ھەڵوێستی جدی وەربگرین, بەڵکو بگرە لەزۆر کاتدا لەناوماندا خائین و جاش ھێدەی داگیرکەرانی وڵاتەکەمان دەستیان لە ژینوسایدی نەتەوەکەماندا ھەبووە. ئەمە ڕەنگە بەس لەناو کوردا بوونی ھەبێت کە بەم شێوەیە ئاسان ھەزم بکرێت. لەناو ھەموو نەتەوەکانی دونیا قورسترین سزا ڕوبەڕووی خیانەتکاران دەکرێتەوە. بەڵام لە ناو ئەم میللەتە جۆرێکی ترە خۆفرۆش و خیانەتکاران بەشێکی زۆریان سەرۆک و بەرپرسی ئەم نەتەوەیەن کە یاری بەچارەنووس وئایندەمانەوە دەکەن. ئەگەر ھەر دەستەکەوتێکمان لە زەمەنێکی مێژووی بە فرمێسک و خوێنێکی زۆریش بەدەست ھێنابێت نابەرپرسانە وبە ئاسانی لەدەستمان چووە بەدەست تاقمێک لە مورتەزەقی کورد.
سەرەڕای ھەموو ئەمانەش ئێمە وەک بێ ھەڵویسترین میللەتی ئەم دنیایە مامەڵەدەکەین. کاتێک ئیمە لە باشوری کوردستان تاڕادەیەک خاوەنی ئۆتۆنۆمین, وەخاوەنی سیستەمێکی سیاسین.بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراوە گرنگەکانی وەک و پەرلەمان و حکومەت لەسەر مەسەلەی رۆژئاوای کوردستان و عفرین بەتایبەتی ھیچ ھەڵوێستیکیان نیە,کە ئەم دامەزراوە زۆر گرنگانە دەبێت تعبیر لە بۆچوون و ھەڵوێستی ئەم میللەتە بکەن کە بە فرمیسک و خوێنی ئەوان بەدیھاتوون. ئەمە یەکێکە لەو نمونە ئابڕوبەرانەی ئەم سیستەمە سیاسیە.ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت تا بەردەوامبین لەم ھەڵوێستە شەرمنانە دەبێت چاوەڕێی کارەساتی زیاتر بین لە داھاتوودا.